Draw Media

كابینەی شەش و حەوت.. بوژانەوەی ئابوریی

كابینەی شەش و حەوت.. بوژانەوەی ئابوریی

2025-03-13 20:16:45


راپۆرت: درەو
4ی حوزەیرانی 2009 وادەی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دەهات، بەر لەمەو لە 5ی كانونی دووەمی ئەو ساڵەدا (عەدنان موفتی) كە لە پشكی یەكێتیی سەرۆكی پەرلەمان بوو، نامەیەكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كرد؛ تێیدا پێشنیازی ئەوەی بۆ كرد لە رۆژی 19ی ئایاری 2009دا هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی ئەم رۆژەشی گەڕاندبووەوە بۆ یادی یەكەم هەڵبژاردن لە كوردستاندا كە رۆژی 19ی ئایاری 1991 بوو.
بارزانی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرپەرەشتی هەڵبژاردنی كوردستانیشی دەكرد، تاوتوێی پێشنیازەكەی عەدنان موفتی كرد بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە 19ی ئایاری 2009دا، رۆژی 11ی نیسانی 2009 بارزانی بە نامەیەك وەڵامی عەدنان موفتی دایەوەو رایگەیاند:
(له‌به‌ر ته‌رخان نه‌كردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ كۆمسیۆنی باڵا له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵ و نه‌بوونی پلانی دارایی روون و توانای ته‌كنیكی پێویست،  كۆمسیۆن ناتوانێت له‌رۆژی 19/5/2009 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات).
رۆژی 2ی ئایاری 2009 كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوێك سەرۆكایەتیی هەرێمی ئاگادار كردەوە لەوەی لەدوای 20ی تەموزی 2009وە دەتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات.
5ی ئایار بارزانی چووە بەردەم پەرلەمان و لە وتارێكدا رۆژی 25ی تەموزی 2009ی وەكو وادەی هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.
بارزانی؛ كە هەر لە بنەڕەت و لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتنی ستراتیژییەوە لەگەڵ تاڵەبانی، بە مەرجی ئەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتبوو كە پۆستەكە دەسەڵاتی هەبێت، لەم كۆبوونەوەیەدا بە فەرمی داوای لە پەرلەمان كرد كە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش بەڕێوەبچێت، ئیتر لێرەوە مشتومڕەكان لەبارەی روخساری سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستان سەریهەڵدا، لەبارەی ئەوەی ئایا سیستەمەكە سەرۆكایەتیی یان پەرلەمانیی، یاخود تێكەڵە، ئەوەی رێبەرایەتی وروژاندنی ئەم بابەتەی دەكرد لەو سەروبەندەدا، بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە بۆ یەكەمجار بوو وەكو هێزێكی نوێ خۆی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن ئامادە دەكردو نەوشیروان مستەفا بە قورسایی سیاسی خۆیەوە رێبەرایەتی ئەم تەوژمە سیاسییە نوێیەی دەكرد، كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی سیاسی هەرێمدا گەرموگوڕییەكی بێ پێشینەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەخشی بوو.
نەوشیروان مستەفا كە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی بوو، جیابونەوەی خۆی راگەیاند، رەخنەی لە هاوپەیمانی ستراتیژیی نێوان تاڵەبانی و بارزانی دەگرت، ئەمە وایكرد زیاتر لە جاران تاڵەبانی وابەستەی رێككەوتنەی بێت لەگەڵ بارزانی، بەتایبەتیش كە رێككەوتنە ستراتیژییەكە تاكە گەرەنتی بوو بۆ ئەوەی بتوانێت لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا بەردەوام بێت، لەبەرامبەریشدا بارزانی زیاتر لە جاران دەرفەتی ئەوەی بۆ خۆش بوو بوو كە فشاری زیاتر لە تاڵەبانی بكات بۆ چەسپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتیی لە كوردستاندا.
25ی تەموزی 2009 هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنەكە كێبركێیەكی بەهێزی بەخۆوە بینی، (تاڵەبانی و بارزانی) پێكەوە لەبەرامبەر (نەوشیروان مستەفا) راوەستا بوون، ئەمانە سێ كارەكتەری سەرەكی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بوون كە لە هەفتەكانی سەدەی رابردووەوە جێپێی خۆیان لەناو شۆڕشی چەكداری كورددا لە عێراق قایم كردبوو.
لەم هەڵبژاردنەدا، تاڵەبانی لەناوچەی سەوز بانگەشەی بۆ بارزانی دەكرد، داوای لە لایەنگرانی یەكێتیی دەكرد دەنگی پێبدەن، وەكو ئاماژەیەكیش بۆ نەوشیروان مستەفا قسە بە ناوبانگەكەی كرد كە وتی:
(بەكوێرایی چاوی ناحەزان، كاك مەسعود ئەم خولەو خولی داهاتووش سەرۆكی هەرێم دەبێت).
نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوە نوێیەكەی (گۆڕان) ئەم گوتارەی تاڵەبانییان قۆستەوە بۆ راكێشانی سەرەنجی لایەنگرو دەنگدەرانی یەكێتیی بەلای خۆیاندا، هەرواش دەرچوو، لە هەڵبژاردنەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمجار وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دەركەوت؛ (25) كورسی پەرلەمانی بردەوە، كە ئەنجامێكی بێ پێشینە بوو، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پارتی و یەكێتیی لە هەڵبژاردنەكەدا بە لیستێكی هاوبەش بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كرد، لەسەر بنەمای رێككەوتنی ستراتیژیی 2004.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2009دا، 24 لیست كێبركێیان كرد لەسەر بردنەوەی (111) كورسی پەرلەمان، 11 لیست رێژەیی یاساییان بەدەستهێنا بۆ چوونە ناو پەرلەمان.
پارتی و یەكێتیی لەگەڵ چەند حزبێكی تر پێكەوە (59) كورسی پەرلەمانیان برد، بزوتنەوەی گۆڕان (25) كورسی بردو بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن.
ئەنجامی هەڵبژاردنی 25ی تەموزی 2009

 

 

هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك
هاوتەریب لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێوەی راستەوخۆو لەناو خەڵكەوە بەڕێوەچوو.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان كە پێگەیەكی جەماوەریی بەهێزی هەبوو، كاندیدی پێشكەش نەكرد؛ ئەمە لەبەر رۆشنایی ئەوەی بزوتنەوەكە باوەڕی بە سیستەمی پەرلەمانیی هەیە نەك سەرۆكایەتیی و پشتیوانی ئەوە ناكات سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتی بەرفراوانی هەبێت، بەجۆرێك پەرلەمان نەتوانێ لێپرسینەوەی لێ بكات.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا (5) كەس كاندید بوون كە ئەمانەن بوون:
•    مەسعود بارزانی (سەرۆكی پارتی و كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی)
•    كەمال میراودەلی
•    هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد
•    ئەحمەد محەمەد رەسوڵ
•    حسێن گەرمیانی
بارزانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بردەوەو بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەمشێوەیە بوو:

 

پارەی بەغدادو كابینەی شەش و حەوت
لەسەر بنەمای رێككەوتنە ستراتیژییەكەی نێوانیان، تاڵەبانی و بارزانی رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی شەشەمی حكومەت،  كابینەی پێنجەم پۆستی سەرۆك وەزیران هەر چوار ساڵەكە لای پارتی (نێچیرڤان بارزانی) بوو لە كاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوانیان  دووساڵ بە دووساڵ بوو، دووساڵی یەكەم لای پارتی و دووساڵی دووەم لای یەكێتی، بەڵام دوای تەواو بوونی دووساڵەكەی نێچیرڤان بارزانی، تاڵەبانی دووساڵەكەی یەكێتیشی دایەوە بە پارتی و نێچیرڤان بارزانی دوو ساڵەكەی پارتی و دووساڵەكەی یەكێتی سەرۆكی حكومەت بوو بەوەش تاڵەبانی روبەرووی رەخنەی زۆری ناوخۆی حزبەكەی بوەوە، بەڵام لە كابینەی شەشەمدا  تاڵەبانی و بارزانی وا رێككەوتنەوە پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان جارێكی دیكە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت، دووساڵی یەكەمی كابینەكە بۆ یەكێتی بوو لەمەشدا تاڵەبانی مەبەستی بوو لە دابەشكردنی پۆستەكاندا هەندێك هاوسەنگیی بگەڕێنێتەوە بەتایبەتیش لەسەردەمێكدا كە گوتاری سیاسیی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەكەی لە سلێمانی رەواجی گەورەی هەبوو، كاریگەریی بنیادی لەسەر پەیكەری سیاسیی یەكێتیی و ئایندەی حزبەكەی تاڵەبانی هەبوو، بارزانیش كە لەچوارچێوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەدا لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا گەرەنتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كردبوو، لەبەرامبەر نەوشیروان مستەفادا پشتی لە تاڵەبانی نەكرد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا گوتاری سیاسی نەوشیروان مستەفا لە یەككاتدا هەم تاڵەبانی و هەم بارزانیشی دەپێكاو دژی بە بنەماڵەیكردنی حوكمڕانی بوو لە كوردستاندا.
بارزانی كە لە ساڵی 1992ەوە رێككەوتنی "فیفتی بە فیفتی" لەگەڵ تاڵەبانی رەتدەكردەوە، ئەمجارە قایل بوو كابینەی "دوو ساڵ بە دوو ساڵ" لەگەڵ تاڵەبانی تەشكیل بكات.
بەمجۆرە لە 28ی ئۆكتۆبەری 2009دا كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم كە كابینەی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی بوو لەدایكبوو، دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەكە (لە 28ی ئۆكتۆبەری 2009 بۆ تاوەكو 4ی نیسانی 2012) پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست یەكێتییەوە بوو، (د. بەرهەم ساڵح) سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، پێكهاتەكەی حكومەتەكەش بەم جۆرە بوو:

 

لەو دوو ساڵەی كە یەكێتیی سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، ناوچەكە پەرەسەندنێكی بێ پێشینەی بەخۆوە بینی، بەهۆی ناڕەزایەتیی جەماوەریی و خۆپیشاندانەوە لە چەند وڵاتێكی عەرەبی دەسەڵاتی سیاسی گۆڕاو چەند وڵاتێكی تر كەوتنە بەردەم گۆڕانكاریی، شەپۆلەكە وڵاتانی (تونس- میسر- ليبيا- یەمەن- بەحرەین و دواجاریش سوریا كە سەریكێشا بۆ شەڕیكی خوێناویی كە سەرباری كەوتنی رژێمی ئەسەدیش هێشتا كۆتایی نەهاتووە).
خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی هاوكات بوو لەگەڵ دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان+ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا، ئەم بەرەیە بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ گۆڕانكارییەكانی لە وڵاتانی ناوچە نیشاند دەدات، لەبەر رۆشنایی كاریگەریی بەهیزیی رووداوەكاندا، لە 17ی شوباتی 2011دا لە سلێمانییەوە شەپۆلێك ناڕەزایەتیی دەستیپێكرد كە داوای لەناوچوونی دەسەڵاتی پارتی و یەكێێتیی دەكرد، هێزەكانی یەكێتیی بەتوندی روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بوونەوەو كۆتاییان پێ هێنا، بەڵام كاریگەرییەكانی لەسەر پێگەی یەكێتیی دواترو لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوت.  
دوو ساڵی یەكەمی كابینەی شەشەم كە پۆستی سەرۆك وەزیران لای یەكێتیی بوو، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەست پارتییەوە بوو (كەمال كەركوكی) بۆیە، كاتێك لە 5ی نیسانی 2012دا ئاڵوگۆڕی پۆستەكان كرا لەنێوان پارتی و یەكێتیی، (نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە بەرهەم ساڵح وەرگرتەوە، كەمال كەركوكیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی رادەستی (ئەرسەلان بایز) كرد، بەمجۆرە (نێچیرڤان بارزانی) جارێكی تر گەڕایەوە بۆسەر كورسی پۆستی سەرۆك وەزیران و كابینەی حەوتەمی حكومەتی تەشكیل كرد، كابینەكەی تاوەكو 17ی حوزەیرانی 2014 بەردەوام بوو، كە پێكهاتەكەی بەمجۆرە بوو:

 


 
بەهۆی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، ئەم كابینەیە هەندێك دەستكەوتی نوێی بۆ خۆی تۆماركرد كە لە كابینەكانی پێش خۆیدا نەبوو، بەتایبەتیش لەو دوو ساڵەدا كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتیی حكومەتەكەی دەكرد، لەوانە كردنەوەی پرۆژەی (تواناسازیی) بۆ ناردنەدەرەوەی خوێندكارانی كورد بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەروەها كردنەی سولفەی نیشتەجێبوون و هاوسەرگیریی و ئامادەكردنی یاسای بودجەو پرساندنی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەمان.
یەكێك لە دیارترین تایبەتمەندییەكانی ئەم حكومەتە كە دوو كابینەی لەخۆیدا كۆكردبووەوە (كابینەی بەرهەم ساڵح+ كابینەی نێچیرڤان بارزانی) ئەوە بوو، كە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەكی سیستەماتیك و مانگانە دەگەیشتە هەرێم و مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنیك و 200 ملیار) دینار بوو، كە بە تەنیا (850 ملیار) دیناری بۆ موچەو (350 ملیار) دیناریش بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی دەرۆیشت، ئەمەش جۆرێك لە بوژانەوەو گەشەسەندنی بە هەردوو كابینەكە بەخشی، لەكۆتایی تەمەنی كابینەی حەوتەمدا لە حوزەیرانی 2014دا، بەغداد بەشە بوجەی هەرێمی بڕی و كابینەی هەشتەم كە دواتر باسی لێوە دەكەن كابینەی قەیرانی دارایی بوو.

سەرچاوەكان:
•    سایتی پەرلەمانی كوردستان
https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/term-3/
•    سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
https://8th.cabinet.gov.krd/?l=13
•    سایتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
https://presidency.gov.krd/krp/kurdish/default.aspx
•    سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان
https://archive.gorran.net/Detail.aspx?id=1088&LinkID=106
•    كێن ئەوانەی بە فعلی وەزیری بوون، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8847


پاشكۆ:
لیستی ناوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان (خولی سێیه‌م)

لیستى كوردستانى

1-    ئه‌رسه‌لان بایز ئیسماعیل (بوو بە سه‌رۆكی په‌رله‌مان)
2-    حسن محمد سوره‌ محمد (بوو بە جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان)
3-    فه‌رسه‌ت احمد عبدالله (بوو بە سكرتێری په‌رله‌مان)
4-    محمد قادر عبدالله‌ ناسراو به ‌دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی (سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو لە پشكی پارتی، بۆ سەرسەلان بایز لە پشكی یەكێتیی  ده‌ستی له‌كار كێشایەوە‌)
5-    به‌كر كریم محمد صالح
6-    بێریڤان إسماعیل سه‌رهه‌نگ
7-    په‌روین عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدوڵا
8-    تارا تحسین یاسین ئه‌سعه‌دى
9-    تارا عبدالرزاق محمد عمر
10-    جلال علی عبدالله عوسمان
11-    جمال تاهر ئیبراهیم محمد
12-    حازم تحسین سعید على
13-    خه‌لیل عوسمان حمد امین رسول
14-    خورشید احمد سلیم یونس
15-    د. رۆژان عه‌بدولقادر
16-    احمد بایز دزه‌یی
17-    د. لیلی امیرعاض عزیز
18-    د. ئاراس حسین محمود
19-    د.به‌شیر خه‌لیل تۆفیق
20-    د.سه‌روه‌ر عبدالرحمن عمر
21-    د.عمر حمدامین نوره‌دینى
22-    د.محمد موسى مصطفى
23-    دانا سه‌عید سۆفى
24-    دڵشاد شه‌هاب حاجى (ده‌ستی له‌كار كێشایەوە‌‌)
25-    رازاو محمود فه‌ره‌ج
26-    رزگار محمد امین حمه‌سعید (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه)
27-    رفیق صابر قادر ته‌ها (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
28-    زكیه‌ صالح عبدالقادر رشید
29-    ژیان عومه‌ر شه‌ریف
30-    سالار مه‌حمود موراد عه‌لی
31-    سه‌ردار رشید محمد احمد
32-    سه‌میره‌ عبدالله ئیسماعیل
33-    سۆزان شه‌هاب نوری
34-    شڤان ئه‌حمه‌د عه‌بدولقادر
35-    شلێر محه‌مه‌د نه‌جیب
36-    شلیر محى الدین صالح محمد
37-    شه‌ونم محمد غریب ته‌ها
38-    شوان عبدالكریم جلال محمود
39-    شۆرش مجید حسین مرسل
40-    شێروان ناسح عبدالله‌ سبفه‌ الله‌ حیده‌ری (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
41-    شیلان عبدالجبار عبدالغنى ابراهیم
42-    صباح بیت الله‌ شكری مه‌حمود
43-    صبیحه ‌احمد مسته‌فا شوان
44-    عبدالسلام مسته‌فا صدیق على
45-    عبدالله على ئیبراهیم حسین (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
46-    على حسین محمد حسن
47-    عمر صدیق محمد ئیبراهیم
48-    عمر عبدالرحمن على عبدالله
49-    عونی كمال سعید عزیز البزاز
50-    عیماد محه‌مه‌د حوسێن
51-    فازڵ محه‌مه‌د قادر
52-    قادر احمد سمایل
53-    قادر حه‌سه‌ن قادر
54-    كاوه‌ محمدامین حسین
55-    كه‌یلی ئه‌كره‌م مه‌نتك
56-    گه‌شه‌ دارا جلال ئه‌حمه‌د
57-    گۆران ئازاد محه‌مه‌د عه‌بدوڵا
58-    لانه‌ ئه‌حمه‌د محمود عبدالقادر
59-    محه‌مه‌د دلێر مه‌حمود فه‌تاح
60-    محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د عه‌لی
61-    نیشتمان مورشد ساڵح
62-    نەژاد عزیز قادر
63-    ئامینه‌ زكری سعید یوسف
64-    ئاواز عبدالواحد خضر على
65-    ئه‌ڤین عومه‌ر ئه‌حمه‌د
66-    ئیسماعیل مه‌حمود عه‌بدوڵا

بزوتنەوەی گۆڕان
1-    ئاشتى عزیز صالح ئیسماعیل
2-    ئاهه‌نگ عارف ره‌ئوف
3-    ئیسماعیل سعید محمد على گه‌ڵاڵه‌یی
4-    بورهان رشید حسن
5-    په‌ریهان قبلاى محمد على (ده‌ستی له‌كار كێشایەوه‌)
6-    په‌یام ئه‌حمه‌د محمد ئه‌مین
7-    په‌یمان عبدالكریم عبدالقادر رسول
8-    په‌یمان عزالدین عبدالرحمن
9-    پێشه‌وا تۆفیق مه‌غدید حوسێن
10-    جعفر على ره‌سول محمد (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
11-    دڵشاد حسێن قادر
12-    رێباز فتاح محمود نادر
13-    زانا ره‌ئوف حمه‌كریم (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
14-    سه‌رهه‌نگ فرج محمد محمود
15-    سیوه‌یل عوسمان ئه‌حمه‌د
16-    شاهۆ سه‌عید فتح الله (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌)
17-    شێرزاد عبدالحافز شریف فقێ محمد
18-    عبدالرحمن حسین ابابكر (زاخۆیی) جیابوەوە، لیستی سەربەخۆی دروستكرد
19-    عبدالله محمد امین
20-    عبدالله محمد نورى
21-    عدنان عوسمان محمد على
22-    عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین حه‌سه‌ن
23-    فه‌رمان عزالدین محمود
24-    كاردۆ محمد پیرداود حاجى
25-    كاروان صالح ئه‌حمه‌د جیابووەوەو لیستی سەربەخۆی دروستكرد
26-    كوێستان محمد عبدالله معروف على
27    - نه‌ریمان عه‌بدوڵا قادر ئه‌حمه‌د
28-     نه‌سرین جمال مسته‌فا نجیب
29-    ڤیان عبدالرحیم عبدالله عبدالرحیم
   
لیستى خزمه‌تگوزارى و چاكسازى
1-    عمر عزیز بهاْ الدین
2-    سه‌رگوڵ ره‌زا حسن حمه‌خان
3-    عبدالله محمود محمد سان ئه‌حمه‌د
4-    به‌یان ئه‌حمه‌د حسن كۆچه‌رى
5-    فازل حسن ئیسماعیل حسن
6-    صباح محمد نجیب حسن
7-    هاوراز شێخ ئه‌حمه‌د حمد مام بایز
8-    سمیر سلیم ئه‌مین به‌گ حمه‌ به‌گ
9-    ئه‌حمه‌د سلێمان عبدالله حمه
10-    ‌به‌فرین حسین محمد وه‌لدخان
11-    حمه‌ سعید حمه‌على ئه‌ورحمان محمد
12-    ئه‌یوب نعمه‌ت قادر رحمان
13-    ناسك تۆفیق عبدالكریم عبدالرحیم
14-    بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان
15-    ئه‌حمه‌د ئیبراهیم على ئه‌حمه‌د
16-    گولیزار قادر ئیسماعیل ئه‌مین
17-    ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی

هاژه‌ سلیمان مسته‌فا
 لیستى رافیده‌ین

سالم تۆما كاكۆ برایمۆك
جهان ئیسماعیل بنیامین ئیسماعیل
ئه‌نجومه‌نى میللى كلدانى سریانى ئاشورى

سائر عبدالاحد ئۆگستى موشى
سۆزان یوسف خۆشابه‌ العصرانى
ئه‌میر گوگه‌ یوسف عودیش
بزووتنه‌وه‌ى دیموكراتى توركمانى له‌ كوردستان

یه‌شار نجم الدین نورالدین عبدالله
حمدیه‌ معروف ئه‌حمه‌د ته‌ها
یاووز خورشید عوسمان یونس
لیستى توركمانى هه‌ولێر

شێردڵ تحسین محمد حمادى
لیستى چاكسازى توركمانى

عبدالقادر ئه‌كره‌م جمیل عبدالصمد
 ئه‌رمه‌ن

ئارام شاهین داود باكۆیان

 

 

لەوكاتەی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، سایتی سەرۆكایەتیی هەرێم بەمشێوەیە پێناسەی سەرۆكایەتیی و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كردووە:
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌یه‌كی سیاسی، ئیداری و یاساییه‌، به‌پێی مادده‌كانی (یه‌كه‌م ودووه‌م و سێیه‌م) له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبه‌جێكردنه له‌هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمەرگەی‌‌ ‌هه‌رێمی كوردستانه، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌نگدانی گشتیی نهێنی راسته‌وخۆ بۆماوه‌ی چوار ساڵ له لا یه‌ن هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستا نه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و ده‌شێ بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌.

به‌ڕێز ( مسعود بارزانی ) بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 31 / ی كانوونی دووه‌می 2005، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان - عیراق، هه‌ڵبژێردرا.

به‌پێی مادده‌ی یه‌كه‌م له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی دەبێت هاوكاریی دەكات لە راپەڕاندنی ئەركەكانی و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرێتەوە وهەر خۆیشی جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە، سه‌رۆكی هه‌رێم هەندێك لە ئەرك ودەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكەی خۆی دەدات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌رپه‌رشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌كات، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ده‌كات له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای ناوه‌ندی سیاسی عێراق كه‌ له‌ (سه‌رۆكی كۆمار - سه‌رۆكی وه‌زیران - سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی) پێكهاتووه‌
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پاراستن وبەجێگەیاندنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كه له ‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا چه‌سپاون، به‌ناوی گه‌لی كوردستان راوێژ وگفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات وهه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان وده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم رێكده‌خات.
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی ڕێكخراوه‌، به‌و پێیه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داواكاریی دامه‌زراندن به‌ پله‌ی تایبه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رزده‌كاته‌وه‌، دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك، به‌ده‌رچوونی( فه‌رمانی هه‌رێمیی) بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگەی یەك لە ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، دەسەڵاتی دەركردنی ئەو یاسایانەی هەیە كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندی دەكات لە ماوەی (15) رۆژ لە بەرواری وەرگرتنی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لەم ماوەیەشدا بۆی هەیە تانه له کۆی یان به شێکی بدات و ره وانەی پەرلەمانی بکاته وه تاکو چاوی پێدا بخشێنێته وه، بڕیاری پەرلەمان له م باره یه وە بنبڕه.

پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

*  دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان - عیراق ژماره‌ (2) ساڵی 2005 له‌1/8 /2005 دامه‌زراوه‌ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وییه‌ و ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:

1 - سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیوان.
2- رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆكایه‌تی پەرلەمانی كوردستان - عیراق وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عیراق.
3 - رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقی فیدراڵ.
4 - رێكخستنی چالاكی وپه‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناوه‌وه ‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

*  سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:
به‌ڕێز (مسعود بارزانی ) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ماده‌ی یه‌كه‌م ودووه‌م وسێیه‌م له‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌فه‌رمانی هه‌رێمیی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005، به‌ڕێز (فۆاد محمد حسین )ی به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراند به ‌پله‌ی وه‌زیر و دەسەڵاتی هه‌یه له‌هه‌موو كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شداربێت و سه‌رپه‌رشتیی سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات.

*  نوسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

*  نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

*  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییەكانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:
له‌دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی هەن وئەم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه له‌پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌وئه‌ركانه‌ دامه‌زراون كه‌ به‌یاسا خراونه‌ته‌ ئه‌ستۆی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-
1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كارگێڕی و دارایی.
2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون.
3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری یاسایی.
4- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان.
5- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری كۆمهڵایه‌تی و‌ سكاڵا.
6- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی راگه‌یاندن.

 

 

 

 

 


بروسكه‌ی پیرۆزبایی مام جه‌لال له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی پ.د.ك و له‌دایكبوونی بارزانی

بۆ برای زۆر به‌ڕێزو خۆشه‌ویستمان جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی پارته‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان، پارتی دیموكراتی كوردستانی دۆست و هاوپه‌یمان، هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونی جه‌نابیشتانه‌وه‌ خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ بكه‌م و له‌ڕێگه‌ی جه‌نابیشتانه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم به‌هه‌موو هه‌ڤالانی مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگران و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی پارتی رابگه‌یه‌نم.
دیاره‌ رۆڵ و تێكۆشان و سه‌روه‌رییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مێژووی پرشنگداری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ماندا جێگه‌ی ستایش و قه‌در گرتنن و هه‌ڵبه‌ت مێژووی گه‌لی كوردستان ئه‌و رۆڵه‌ مێژوویی و گه‌وره‌ی پارتی و به‌رخۆدانه‌كانی له‌لاپه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كانی خۆیدا به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ تۆمار ده‌كات.
من ئه‌و بۆنه‌ مێژووییه‌ به‌هه‌ل ده‌زانم بۆئه‌وه‌ی ته‌ئكید له‌سه‌ر بایه‌خی هاوكاری و هاریكاری و چاره‌نووسسازیی هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌مه‌وه‌ كه‌دیاره‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ هاوشانی هاوخه‌باتیمان له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پاراستنی هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌دیهێنانی هه‌موو ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌شه‌ كه‌هێشتا میلله‌ته‌كه‌مان له‌خه‌باتی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ به‌دیهێنانیان.
هاوخه‌باتی و هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی نێوانمان كه‌جه‌نابتان ده‌ورێكی بنه‌ڕه‌تیتان له‌بنیاتنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌یه‌و له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی خۆی له‌لیستی كوردستانیدا بینییه‌وه‌، ده‌ستكه‌وتێكی زۆر بایه‌خداری میلله‌ته‌كه‌مانه‌و زامنی ئێستاو ئاینده‌ی ئه‌زموونه‌ دیموكراتییه‌كه‌مانه‌ له‌كوردستان و پارێزه‌ری پێگه‌و قوورسایی كوردیشه‌ له‌ناو هاوكێشه‌كانی عیراقی نوێی ئه‌مڕۆدا.
دوا ده‌ستكه‌وتی گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌سایه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌دا به‌رجه‌سته‌ بوو، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پاك و دیموكراتی و شارستانییه‌ بوو كه‌بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، كه‌تێیدا جه‌نابتان متمانه‌ی كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستانتان به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌و جارێكی تریش گه‌لی كوردستان ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ی خسته‌وه‌ ئه‌ستۆی به‌ڕێزتان، كه‌دڵنیام جه‌بتان ئه‌هلی ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ن و به‌شایسته‌ییه‌وه‌ ئه‌ركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رشانتان جێبه‌جێده‌كه‌ن.
من جارێكی تریش پیرۆزبایی خۆم نوێده‌كه‌مه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جه‌ژنی دامه‌زراندنی پارتی و له‌دایكبوونی جه‌نابیشتان دووباره‌ پیرۆز بێت.

هه‌رشادو سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتووبن.
برای دڵسۆزتان مام جه‌لال
2009/8/15

 

 

 

دەقی وتاری مەسعود بارزانی بەبۆنەی سوێندخواردنی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی هەرێم لە رۆژی 20ی ئابی 2009دا:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

برای به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدرال
برایانی به‌ڕێز نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق
نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق
وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان و حیزبه‌ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی عێراقی
سه‌فیر و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تانی دۆست
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز

به‌خێرهاتنه‌كی گه‌رمی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و سوپاستان ده‌كه‌م بۆ به‌شداربوونتان له‌م رۆژه‌دا له‌گه‌ل ئێمه‌ی خه‌لكی هه‌رێمی كوردستان و پێش ئه‌وه‌ی من ده‌ست به‌ وتاره‌كه‌م بكه‌م به‌ پێویستی ئه‌زانم ئاماژه‌ به‌و كاره‌ تیرۆریستیه‌ی كه‌ دوێنیَ روویدا له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی پێ‌ بكه‌م كه‌ ئێمه‌ی هه‌ژاندووه‌ و زۆر ئازاری داوین، چونكه‌ خه‌ڵكێكی ئێكجار زۆر به‌ ده‌یان شه‌هید و به‌ سه‌ده‌ها برینداری لێكه‌وته‌وه،‌ ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ كه‌ هه‌موویان خوشك و برای ئێمه‌ن و زۆرمان پێناخۆش بوو، زۆریش دڵگیر و غه‌مگین بووین. من له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و له‌ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق ئه‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان ئه‌كه‌م، دوعای شیفای به‌په‌له‌ ئه‌كه‌م بۆ برینداره‌كان و‌ لێره‌شه‌وه‌ راده‌گه‌ینم كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ برایانمان له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ هه‌ر كارێك كه‌ پێویست بێت و‌ پێشم وایه‌ ته‌نها وه‌ڵام بۆ ئه‌م كاره‌ تیرۆریستیانه‌ و بۆ دوژمنانی عێراق یه‌كیه‌تی رێزه‌كانی ئێمه‌یه‌ وه‌كو خه‌ڵكی عێراق و پته‌وكردنی برایه‌تی خۆمان.
ئه‌مه‌ وا نیشان ده‌دات كه‌ دوژمنانی عێراق هێشتا له‌ كه‌میندان و خه‌ریكی پیلانگیَڕانن و نایانه‌وێت وه‌زعی عێراق ئیستقرار بكات و نایه‌نه‌وێت برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب و برایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق پیكه‌وه‌ جێگیر بێت، بۆیه‌ ئومێده‌وارم ئه‌م كاره‌ تیرۆریستیانه‌ و ئه‌م تاوانانه‌ ببنه‌ مایه‌ی پته‌وكردنی هاوكاری و دۆستایه‌تی و برایه‌تیمان و به‌رگریكردنمان له‌ عێراق و له‌ گیانی خوشك و برایانی خۆمان له‌ هه‌موو پارچه‌یه‌ك له‌عێراق.
سوپاسی بی پایان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی پێشوو، بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشوو بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ ئه‌نجامیان دا و زه‌حمه‌تیان كێشا و هه‌روه‌ها به‌خێرهاتن و پیرۆزبایی له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی تازه‌ ده‌كه‌م، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌م و له‌ هه‌موو خوشك و برایان له‌ په‌رله‌مانی تازه‌ و داوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م و ده‌زانم كه‌ ئێمه‌ پێمان نا بۆ قۆناغێكی تازه‌ به‌ڵام من دڵنیام كه‌ به‌هه‌ست كردن به‌ مه‌سئوولییه‌ت و ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی یه‌ك ئه‌توانین خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین.
من پێموایه‌ خۆشك و برایانی خوشه‌وێست بیروڕای جیاواز و بۆچوونی جیاواز و فره‌ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی له‌م په‌رله‌مانه‌دا ئه‌بێ‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌هێزبوونی هه‌رێمه‌كه‌مان، ئه‌بێ‌ په‌رله‌مانی ئێمه‌ جوانتر و چالاكتر بكات، ده‌توانین ره‌خنه‌ له‌یه‌كتری بگرین، ره‌خنه‌گرتن بۆ ئه‌وه‌ كاره‌كانمان باشتر بن ، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مووكوڕیه‌كان نه‌هێڵین نه‌ك بۆ شكاندنی یه‌كتری بیت.
من دڵنیام كه‌ هه‌مووتان پابه‌ندی ئه‌م سوێنده‌ ده‌بن كه‌ خواردووتانه‌ چونكه‌ سوێندێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌مووشمان ئه‌بێ‌ پابه‌ندی ئه‌م سوێنده‌ بین كه‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ یه‌كڕیزی و بۆ ته‌بایی و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.
من خۆم به‌ برای هه‌موو یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ئه‌زانم و به‌ بێ‌ جیاوازی و ئاماده‌م گوێ‌ له‌ هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك بگرم هه‌تا ئه‌گه‌ر ره‌قیش بیت ئه‌گه‌ر له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمان دا بیت.
پێش هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایه‌نێك به‌رنامه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد و ئێستاش كاتی جێبه‌جێ‌ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ به‌گه‌له‌كه‌مان داوه‌.
له‌ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موو چاودێری هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، چاودێری هه‌نگاوه‌كان وبڕیاره‌كانمان ده‌كه‌ن، ئایا ئێمه‌ له‌ئاست ئه‌و به‌ڵینانه‌ ده‌بین، له‌ ئاست ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته‌ ده‌بین یان نا؟ به‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر هه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین و ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری، به‌ڵێ‌ له‌و ئاسته‌ ئه‌بین و زیاتریش، من دڵنیام، چونكه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر دڵسۆز هاتوون بۆ ناو ئه‌م په‌رله‌مانه‌، هه‌مووتان كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌ن وهه‌مووتان دڵسۆزی ئه‌م میلله‌ته‌ن، با به‌ بیروباوه‌ڕی جیاوازه‌وه‌ بێت به‌ڵام ماده‌م ئامانجه‌كه‌ خزمه‌تی گه‌ل ونیشتمانه‌ ئه‌وه‌ی تر هه‌مووی به‌و ئه‌همیه‌ته‌ ناهێت.
به ‌بڕوایه‌كی ته‌واوه‌وه‌ هه‌نگاو ئه‌نێین به‌ره‌و ئایینده‌، رابردوو ئه‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ سوودی لێوه‌ربگرین، ئێمه‌ ئه‌بێ‌ هه‌وڵ بده‌ین هه‌رچی پێمان بكرێت گه‌له‌كه‌مان به‌خته‌وه‌رتر و چاكتر بكه‌ین.
به‌ نیسبه‌ت په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ برایانمان له‌ به‌غدا هه‌روه‌ك خۆشتان ئه‌زانن بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌مێنین، له‌چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵی دیموكرات.
دوای رووخانی رژێم له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال پێكه‌وه‌ چووینه‌ به‌غدا و به‌ كرده‌وه‌ ئیسباتمان كرد كه‌ ئێمه‌ حه‌ریسین له‌ سه‌ر یه‌كیه‌تی عێراق و برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب و برایه‌تی كوردو عه‌ره‌ب و توركمان و كلدان و ئاشوور.
ئیستاش ئێمه‌ دووباره‌ی ئه‌كه‌ینه‌وه‌ حه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ندێكجار بۆچوونی جیاوازیش هه‌بێت به‌ڵام نابێت نه‌ ئێمه‌ نه‌ برایانمان له‌ به‌غدا نابیَ ئه‌و مه‌جاله‌ بده‌ین به‌ دوژمنانی عێراق كه‌لێنێك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ره‌خنه‌ بكه‌ن و بێن ئه‌و برایه‌تییه ‌و ئه‌و وه‌زعه‌ و ئازادییه‌مان لێ تێك بده‌ن.
ئێمه‌ ده‌ستوورێكمان هه‌یه‌ كاتی كه‌ خیلاف دروست بوو ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ و كێشه‌كانمان به‌ پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
ئێمه‌ هه‌موو هاوپه‌یمانی یه‌كتری بووین، خه‌باتمان كردووه‌ پێكه‌وه‌، خوێنمان داوه‌ پێكه‌وه‌، له‌مه‌ودواش پێكه‌وه‌ ده‌بین له‌ بنیادنانی عێراقی فیدراڵی دیموكرات، كه‌موكوڕییه‌كانیش بێگوومان ئه‌بیَ له‌به‌رچاو بگیرێن و خسووسییه‌تی كوردستانیش ئه‌بێ‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.
جارێكی تر من ئه‌لێم ئێمه‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر گرفتێك، چه‌كی هه‌ردوولامان ده‌ستووره‌ و چه‌كی گه‌لی عێراقیش ده‌ستووره‌.
له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كانمان ئێمه‌ خۆشحاڵین كه‌ په‌یوه‌ندیمان رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و پێشتر و باشتر ده‌چێت و هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر زۆر به‌هێزتر ببن، باشتر ببن و من به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ ئه‌ڵێم ئه‌و جه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ توركیا دروست بووه‌ زۆر جێی خۆشحاڵیه‌ و ئێمه‌ ئومێده‌وارین كه‌ ئه‌م موناقه‌شاته‌ به‌رده‌وام بیت تا گه‌یشتن به‌ئامانجێكی وه‌ها كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو لایه‌ك بێت.
ئێمه‌ دڵخۆشی خۆمان راده‌گه‌ینین به‌و جه‌وه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ له‌ توركیا دروست بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ین كه‌ باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ فراوانتر و به‌هێزتر و قووڵتر بكرێن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و به‌ تایبه‌تی گه‌لی كوردستان و ئه‌و دۆستانه‌ماندا بێت.
من نامه‌وێ‌ بچمه‌ ته‌فاسیلی به‌رنامه‌كانمان چونكه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن به‌رنامه‌ی لیستی 54 راگه‌ییَنرا كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌بێ‌ ببێته‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی ئایینده‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ هه‌موو برایان و هه‌موو خوشكان ئه‌لێم ئێمه‌ سوود له‌ به‌رنامه‌ی لایه‌نانی تریش وه‌رده‌گرین، به‌ نیسبه‌ت خۆشم من ئه‌وله‌وییاتی خۆم راگه‌یاند له‌كاتی هه‌ڵبژاردن. ئومێده‌وارم خوای گه‌وره‌ پشتیوانمان بێت بۆ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ به‌گه‌له‌كه‌مان داوه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ین و ته‌ئكید له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌وله‌وییات ده‌كه‌مه‌وه‌ و ئومێدم زۆره‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دیَنین و له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌وله‌وییاتی منیش پاراستنی یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مانه‌.
هه‌روه‌ها ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی په‌یوه‌ندیمان، په‌یوه‌ندی دێرینمان له‌ گه‌ل برایانی عه‌ره‌ب، ئه‌بێ‌ هه‌میشه‌ برایه‌تی كورد وعه‌ره‌ب به‌ردی بناغه‌ بیَت بۆ عێراق، برایه‌تی كورد و توركمان و كلدان وئاشوور، ئێمه‌ به‌و برایه‌تییه‌وه‌ به‌هێزین، هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌هێزین و نابێ‌ ئینشائه‌ڵڵا جارێكی تر دوژمنانی عێراق و دوژمنانی كوردستان دڵیان خۆش بێت به‌وه‌ی كه‌ له‌ناو عێراقدا برایه‌تیمان تێك بچێت.
ئینشائه‌ڵڵا قه‌ت ناهێڵین تێك بچێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها داكۆكی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر قووڵكردنی دیموكراسی و ئازادی له‌هه‌رێم و هه‌وڵدان بۆ به‌خته‌وه‌ری گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان و من له‌ كۆتاییدا سوپاسی بێ پایان ئه‌نێرم بۆ گه‌لی كوردستان كه‌ به ‌راستی سه‌ری ئێمه‌یان به‌رز كرده‌وه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵێ‌ به‌چه‌ند قه‌واره‌ی جیاواز ئێمه‌ چووینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتن سه‌ركه‌وتنی هه‌موولایه‌ك بوو.
من پێش هه‌ڵبژاردنیش وتم و ئێستاش ده‌ڵێم ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كام لیست چه‌ند كورسی هێناوه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ رووی گه‌شی گه‌له‌كه‌مان پیشانی جیهان دا و ئێمه‌ به‌وه‌ سه‌ربه‌رزین و بۆ ئه‌و متمانه‌ی كه‌ به‌ منیان كردووه‌، من پڕ به‌دڵ سوپاسیان ده‌كه‌م و ئومێده‌وارم كه‌ خوای گه‌وره‌ پشت و په‌نامان بێت، به‌ڵام داوای هاوكاری له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانین له‌ ئاست ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته ‌و ئه‌و بڕوایه‌ بین كه‌ میلله‌ته‌كه‌ پێی داوین و له‌ كۆتاییدا سڵاو ئه‌نێرین بۆ گیانی شه‌هیدانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان وعێراق و هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان و زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و جارێكی تر به‌خێربێن.
به‌لاغی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

ئه‌مڕۆ چوار‌شه‌ممه 17/10/2012 له‌هه‌ولێر و له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، سه‌ركرده‌ی‌ هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و وه‌فدی‌ یاوه‌ریان كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێڕای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ‌كرایه‌وه‌:
1- به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رسێ لایه‌ن و كاری ‌هاوبه‌ش و لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن له‌پێناو چاكسازی بنه‌ڕه‌تی و زیندوراگرتنی ژیانی سیاسی و ئامانجه ‌هاوبه‌شه‌كان و پرسه ‌نیشتیمانییه‌كان.
2-كاركردن له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم و ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی ده‌ستوری‌ نیشتیمانیان هه‌یه ‌بۆ (ته‌وافق) له‌سه‌ر كردن و تێپه‌ڕاندنیان و به‌ په‌رله‌مانی كردنی سیسته‌می حوكمڕانی.
3-پێداگرتن له‌سه‌ر بایه‌خی زه‌مینه خۆشكردن له‌پێناو هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و رون و دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ی په‌رله‌مانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌قۆناغی داهاتودا وه‌ك رێگایه‌كی سروشتی بۆ چاكسازی و گۆڕانی ئاشتیخوازانه‌ له‌ سۆنگه‌ی جێبه‌جێنه‌بونی پاكێجه‌كان ونه‌گه‌یشتن به ‌پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی چاكسازی و دورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر بنبه‌ستنێكی سیاسی چاوه‌ڕوانكراو.
4- داواكردن بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ستراتیژێكی كوردستانی سه‌ربه‌خۆی هاوبه‌ش له‌پێناو باشتر ئیداره‌كردنی ململانێكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به‌رگریكردن له ‌به‌رژه‌وه‌ندییه ‌باڵاكان و خۆدورگرتن له‌وه‌ی هه‌رێم ببێته‌ گۆڕه‌پانی ته‌سفییه‌ حساباتی سیاسی هێزه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان.
5-پشتیوانی كردن له‌گه‌لی سوریا به‌گشتی له‌پێناو روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس و گه‌لی رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی له‌پێناو ئازادی و سه‌رفرازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا، یه‌كڕیزی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كانیشیان له‌م رووه‌وه‌ به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نوسساز له‌قه‌ڵه‌م درا.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان       كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان       یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand