رێككەوتنێك، بۆ كورد دەرفەت و بۆ ئەحمەد شەرع دەربازبوون
.jpg)
2025-03-11 08:43:32
.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەزلوم كۆبانیی و ئەحمەد شەرع دا كرا، پێشتر لەكۆبونەوەی فرۆكەخانەی زومێر لەسەرەتای ئەمساڵ كرابوو، بەڵام لەم چەند رۆژە بەهۆی تاوانی كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان فشارێكی زۆر گەورەی ناوخۆو نێودەوڵەتی لەسەر ئەحمەد شەرع دروستبوو، بۆیە بەهەندێ گۆڕانكاریی و زیادكردنی چەند خاڵێك رێككەوتنەكە خرایە سەر كاغەزو ئیمزاكرا.
لەم كاتەدا شەرع پێویستی بەرووداوێكی گەورەهەبوو تاوەكو فۆكەس و تەركیزی ناوخۆو دەرەوە لەسەر كۆمەڵكوژیی و تاوانەكانی عەلەوییەكان لاببات و و فشاری نێودەوڵەتیی و ناوخۆ كەمبكاتەوە. هەربۆیە دەبینین میدیای عەرەبیی بەتایبەت میدیاكانی سعودیەو ئیمارات و قەتەر بەشێوەیەكی زۆر چڕوپڕ هەموو هەواڵێكیان لاداو بەرنامەكانیان تایبەتكرد بەو رێككەوتنە تاوەكو چاوی دونیا لەسەر كۆمەڵكوژییەكە لاببەن كە تاوان و شەرمەزارییەكی زۆر گەورەبوو بۆ ئەحمەد شەرع و گروپە چەكدارەكانی دەستەی تەحریری شام.
هەر بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەماوەی چەندرۆژی رابردوو ئەحمەد شەرع پێویستی بەهەواڵێك یاخود پێشاندانی بەدەستكەوتێك هەبوو تاوەكو توڕەیی شەقامی سوریای كەمبكاتەوەو پێشكەوتنێك پێشانبدات لەدۆخی سیاسی و ئەمنی، بۆیە هەموو تەركیزی میدیای عەرەبی لەسەر یەك خاڵی رێككەوتنەكەبوو ئەویش تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی قەسەد بەسوپای سوریا!
بۆ كورد پێشاندانی ئیمزای رێككەوتن گرنگی خۆی هەبوو، دەرفەتێك بوو بۆ پێشاندانی سەرەتایەكی نوێ. بۆیە ئەمریكیەكان كوردیان ئاگاداركردەوە كە دەرفەتێكی باش هەیە رێككەوتنەكە ئاشكرابكرێت و ئەحمەد شەرع ناچارە بێتەژێرباری هەندێك داخوازیی لەبەر ئەم هۆكارانە:
یەكەم: یەكەمجارە لەمێژوو كاربەدەستێكی باڵای سوریا ئیمزا لەسەر رێككەوتنێك بكات كە داننانی روون بێت بەكوردو رۆڵی لەسوریا.
دووەم: داننانی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریابوو بەهێزەكانی سوریای دیموكرات وەك هێزێك كە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی سەربەخۆی هەیە دوور لەكاریگەری دەرەكی بەتایبەتیش تۆمەتی كاریگەری پەكەكە بەسەر ئەو هێزەوە.
سێیەم: ئەم رێككەوتنە رەنگە ببێتەهۆی دوورخستنەوەی رۆژئاوای كوردستان لەپەلاماردانی توركیا بەتایبەتیش لەبەنداوی تشرین و ناوچەكانی دیكە لەلایەن گروپە تیرۆرستیەكانی سەر بەتوركیا.
چوارەم: ئەم رێككەوتنە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان سەبارەت بەرۆژئاوای كوردستان، یان دەكرێت بڵێین دوور خستنەوەی رۆژئاوای كوردستانە لەهەر لێكەوتەیەكی رێككەوتنی نێوان عەبدوڵلا ئۆجالان و دەوڵەتی توركیا كە ناكرێت ئێستا وردەكاریی بخرێتەڕوو.
دیوێكی دیكەی خوێندنەوە بۆ ئەم رێككەوتنە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
یەكەم: ئەم رێككەوتنە سەرەتایەكی باشە بۆ هەوڵی رێككەوتن، بەڵام خاڵەكانی رێككەوتنەكە گشتییەو نەخشەڕێی تێدا نییە بۆ چارەسەریی و یەكلاییكردنەوەی ئایندەی كوردو رۆژئاوای كوردستان. نەخشەڕێ بریتیە لەچارەسەری قۆناغبەندیی دیموكراتیانەی كێشەكان بەنوسینەوەی دەستورێكی هەمیشەیی بەبەشداریی هەموو پێكهاتەكان كە تێیدا گرەنتی ماف و بەشداریی حوكمڕانیی و بەركەوتەی نەتەوەو پێكهاتەكان بكات. ئەوەی دەبینرێـت تائێستا دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق نازانن چی دەكەن. نەخشەڕێیەكی واقعییان نییە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەشداری پێكهاتەكان، هاوكات لەبیرنەكەین چارەسەری پرسی كورد بەشێكە لەچارەسەری گشتیی بارودۆخی سوریاو گرێدراوی بارودۆخی گشتیی ئەو وڵاتەیە. بۆیە ئەم رێككەوتنە زیاتر لەبەیانێكی ئیعتیرافكردن دەچێت و هیچی دیكە نییە.
دووەم: زۆر زەحمەتە جێبەجێكردنی ئەو خاڵەی پەیوەندی بە بەتێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای سوریا هەیە، چونكە ئێستا سوریا خاوەنی سوپا نییە تا هێزەكانی سوریای دیموكراتی تێكەڵ بكرێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین مومكین نییە. ئەوەی لەدیمەشق هەیە كۆمەڵێك میلیشیای گروپە چەكدارەكانن و هیچیتر، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێزێكی پڕچەكی نوێ و بەدیسپلینن و ژمارەیان زۆر زیاترە لەو هێزەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای سوریا و جگە لەچەكی سوك و مامناوەند هیچی دیكەیان نییە.
تێكەڵكردنەوەی هێز پێویستی بەمیكانزمی وردو بڕیاری پەرلەمان و دامودەزگای شەرعیی و یاسا هەیە، ئەوەی لەم رێككەوتنەدا هاتووە تەنها بۆ هێوركردنەوەی شەقامە، ئەگینا زۆر زەحمەتە هیچ شتێك بكرێت. ئەگەرچی پێشتر بیرۆكەیەك هەبوو كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچوارچێوەی یەكەیەكی سەربازیی جێگەیان بكرێتەوەو ئەركی پاراستنی رۆژهەڵاتی فوراتیان بێ بسپێردرێت، بەڵام ئەمەش جارێ زەحمەتە، چونكە پێویستی بە بڕیار و میكانزمی شەرعی هەیە.
سێیەم: رستەو دەستەواژەكانی رێككەوتنەكە گشتگیرو عمومین، بە رێككەوتنەكەوە دیارە تەنها بۆ بارودۆخێكی تایبەتە. چۆن ئەحمەد شەرع بۆ بەتاڵكردنەوەی توڕەیی شەقام و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت سودی لێ ببنێت، ئاوهاش بۆ كورد بۆ ئەم قۆناغە سودی هەیە ئەگینا جێبەجێكردنی زۆر زەحمەتە.
