Draw Media

پرۆژەی روناکی لە نێوان سێ کوچکەی دەستکەوت و شکست و یاسا

پرۆژەی روناکی لە نێوان سێ کوچکەی دەستکەوت و شکست و یاسا

2025-03-10 18:15:54


د. سانا كەمال،  پارێزەری ڕاوێژکار

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ڕوناکی" ڕاگەیاند وە بەپێی ڕاگەیاندنەکەیان ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە چاکسازییەکی گشتگیر لە سێکتەرەکانی کارەبا بکرێت بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا پرۆژەی روناکی دەستکەوتە بۆ ئەم کابینەیە یا خود شکستە؟
سەرەتا ئەبێت پێناسەیەکی «دەستکەوتی حکومەت» بکەین، تا بتوانین پۆلێنی ئەم پرۆژەیە بکەین لە ژێر چەتری دەستکەوت یا شکست، ( دەستکەوتی حکومەت ئاماژەیە بۆ ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی کە حکومەت لە گەیشتن بە ئامانجەکانیدا بەدەستی دەهێنێت).  ئەم  ئامانجانە بەزۆری لە کارنامەی سیاسەتی حکومەتێکدا دادەنرێت، کە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسیەوە پەرەی پێدەدرێت. گەیشتن یاخود نەگەیشتن بەم ئامانجانە بەزۆری لەڕێگەی پێوانەکردنی پێشکەوتنەکان دەکرێت لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ نمونە  گەشەی ئابووری، کەمکردنەوەی هەژاری، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی، وە بۆئەوەی ناوی دەستکەوت لە پرۆژەیەک بنرێت کە حکومەت پێشکەش بە هاوڵاتیانی دەکات دەبێت کاریگەری و دەرئەنجامەکانی پرۆژەکە، هەروەها کارایی و کاریگەریی تێچونەکەی و ئاستی بەدەستهێنانی رەزامەندی هاوڵاتیان بەرامبەر پرۆژەکە لەبەرچاو بگیرێت.
بەواتایەکی دیکە ئەم پرۆژەیە بۆ پولێنکردنی لە ژێر ناونیشانی دەستکەوتی حکومەت دەبێ ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
١- جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ڕوی ناوەرۆکەوە ( دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ) وەک خۆی، وە لەدوای چەند مانگێک یان ساڵێک حکومەت پەکی نەکەوێ لە دابینکردنی کارەبای پیویست، چونکە وەک ئاگادارین چەندین جار بەڵێنی باشترکردنی دۆخی کارەبا بە هاوڵاتیان دراوە و جێبەجێنەکراوە.
٢- نرخی دابینکردنی کارەبا، ناکرێ نرخی یەکەیەکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بە یەکجار بازی پێ بدرێ بۆ ١٥٦ دینار، بەڵکو دەکرێت نرخێکی گونجاو دابنرێت بەڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێم.
٣- پاڵپشتی کردنی نرخ لە لایەن حکومەتەوە، ئەرکە لەسەرشانی حکومەت کارەبا بەهاوڵاتیان بدات بەکەمتر لەو نرخەی کەلەسەری کەوتووە، ئەمەش وەک پاڵپشتیەک بۆ هاوڵاتیان و وەک بەشێک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی.
٤ـ بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی (٢و٣)پێویستە حکومەت پێش نرخ دانان دراسەی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان بکات، وە ڕاوێژ بکات بە پارێزگار وئەنجومەنی پارێزگاکان، وە لێکۆڵینەوە بکات لەسەر نرخی بەرهەمهێنان وگواستنەوەی کارەبا، بۆئەوەی بتوانێ نرخێکی گونجاو دانێت (نە شیش بسوتێ ونە کەباب).
٥- بڵاوکردنەوەی هۆشداریی پێویست سەبارەت بە پرۆژەکە، بە هۆکاری ئەوەی تا ئەم کاتە جۆرێک لە نارونی و تاریکی بە پرۆژەکەوە دیارە.
٦- بڵاوکردنەوەی هۆشداری زیاتر سەبارەت بە کاریگەری پرۆژەکە لەسەر پاکبونەوەی ژینگە، بە هۆی وەستانی دوکەڵی کوشندەی مۆلیدەکان، کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بڵاو بونەوەی نە خۆشییە کوشندەکان لە هەرێمدا.

ئایا پرۆژەی روناکی جێبەجێکردنی یاسایە یاخود پێشێڵکردنی یاسایە ؟
بەو پێيەی دابینکردنی کارەبا یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەكانی حکومەت، کە لەرێگەی وەزارەتی کارەباوه جێبەجێى دەکات، بەپێی یاسای وەزارەتی کارەبای بەرکار لە هەرێمی کوردستان.
وە لەگەڵ ئەوەی لە دەستوری عیراقدا دەقێکی ڕون و ئاشکرا نەهاتووە کە بتوانرێت بە گەرەنتیەکی دەستوری هەژمار بکرێت بۆ ئەوەی حکومەت واجب بێت لەسەر شانی کە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵام دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە یەکێک لە پێکهاتەکانی ژیانێکی شایستە دادەنرێت کە لە دەستور گەرەنتی کراوە، وە ئەرکی گەرەنتیکردن و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆخەڵکی عێراق خراوەتە ئەستۆی دەوڵەت، وە ڕون وئاشکرایە یەکێک لەپایە گرنگەکانی ژیانیکی شایستە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریە بۆ هاوڵاتیان.
بەهۆکاری گرنگی کارەبا وەک سەرچاوەی ژیانێکی شایستە، دەستدرێژیکردنە سەر سەرچاوەی وزە و ئامرازەکانی گواستنەوە، یان زیان گەیاندن، تێکدان، یان هەوڵدان بۆ تێکدانی کارەبا بە تاوان ئەژمارکراوە و سزای بۆ دانراوە بۆ ماوەیەک لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بەرکار لە هەرێم.

حکومەتی کاربەرێکەر بە وەزارەتەکانیەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ جۆرە پرۆژەیەکیان نییە ئەگەر ئەو پرۆژەیە ببێتە هۆی زیادکردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان


نەک تەنها ئەمە بەڵکو دابینکردنی کارەبا بۆ هاوڵاتیان بە ڕادەیەک گرنگە، کە هاوڵاتی لە کاتی برینی کارەباکەیدا دەتوانێت پەنا بەرێت بۆ دادگا بەپێی مادەی ١٤٣ لە یاسای ڕێکاری مەدەنی عێراقی بەرکار لە هەرێم.
بەڵام گرنگترین خاڵ لەم بابەتە ئەوەیە کە ئایا حکومەتی ئێستا کە حکومەتێکی کاربەرێکەرە، دە توانێت پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
بە پێی یاسای وەزارەتی کارەبا حکومەتێکی ئاسايی کە کاربەرێکەر نەبێت دەتوانێت نرخەکانى کارەبا لەلایەن وەزیری کارەبا بە ڕەزامەندى ئەنجومەن و بەرزکردنەوەى بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم نرخ زیاد بکات، بەمەرجێك ئەو بارودۆخ و گۆڕانکاریانەى لەسەر تێچوى کارەبا و بژێوى هاوڵاتیان و ئابورى هەرێم ڕودەدەن لەبەرچاو بگیرێن.
بەواتایەکی دیکە ئەگەر حکومەتەکە کاربەرێکەریش نەبێت ئەوە دەسەڵاتی رەهای نییە بۆ زیادکردنی نرخی کارەبا، بەڵکو چەند مەرجێک هەیە ( وەک ئاماژەمان پێدا ) دەبێت لەبەرچاو بگیریت.
بەڵام بەو پێیەی ئێمە لەکاتی ئیستادا لەژیر سایەی حکومەتێکی کاربەرێکەرداين وە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتێکی سنوردارە، بەوپێەى دەستەڵاتەکانی قەتیسکراوە لە بەڕێوەبردنی کاروباری پێویستی رۆژانەی وڵات کە ناتوانرێت دوابخرێت، وەک پێدانی موچە و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی ڕۆژانە و مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی نائاسایی.
هەربۆیە حکومەتی کاربەرێکەر بە وەزارەتەکانیەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ جۆرە پرۆژەیەکیان نییە ئەگەر ئەو پرۆژەیە ببێتە هۆی زیادکردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان، وەدەکرێت پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەکە بکرێ ( ئەگەر نرخەکەی بە شێوازێک بێت بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان قورس بکات) لە حاڵەتی پەنا بردن بۆ دادگا.

لەدەستى حکومەت خۆیدایە ئەم پرۆژەیە بکات بەخزمەت بۆ هاوڵاتیان یا بیکات بە نیقمەت وتورەیی خەڵکی پێ زیاد بکات


نەک تەنها ئەمە بەڵکو دەکرێت لێپیچینەوە لە حکومەتی کاربەڕێکەر بکرێت بەو پێیەی بەر پرسیار دەبێت لە کاتی بەزاندنی دەسەڵاتەکانی بە پێی یاسای سزادانی عیراقی.
لە کۆتایدا دەڵێن، دەکرێت بەحکومەتی ھەرێم بوترێت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن جۆرێک لە هەڵمەتی میدیای مەبەستدار  لەپشتی ئەم بابەتەوە هەیە بۆ لێدان وناشرینکردنی پرۆژەکە، ئەوە گەر بونی ئەو هەڵمەتە ڕاستبێت  ئەرکی سەر شانی ئێوەیە بیسەلمێنن بۆ هاوڵاتیەکانتان کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە و ڕەچاوی بارودۆخیان کراوە، چونکە بڕوا ناکەین هاوڵاتیەکی دڵسۆز لەم هەرێمە هەبێت کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەوێت، یاخود پیسبونی ژینگە و دوکەڵی مۆلیدەی پێ خۆش بێت، بەڵام قبوڵکردنی ئەم پرۆژەیەتان لە لایەن هاوڵاتیانەوە و ئەژمارکردنی لە ژێر چەتری دەستکەوت یاخود شکست دەوەستێتەوە سەر نرخی پێدانی یەکەکان، بە واتایەکی دیکە لەدەستى حکومەت خۆیدایە ئەم پرۆژەیە بکات بەخزمەت بۆ هاوڵاتیان یا بیکات بە نیقمەت وتورەیی خەڵکی پێ زیاد بکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand