Draw Media

قەبارەی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لەسەر ئاستی جیهان

قەبارەی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لەسەر ئاستی جیهان

2025-03-09 10:12:35



راپۆرتی: درەو
🔹 بەپێی دوایین داتاکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، دەریدەخات کە توانای وزەی خۆری جیهانی تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ (1.5) تێراوات بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە یەک تێراوات بووە.
🔹 تەنها چین نزیکەی (447.5) گیگاوات توانای وزەی خۆری دامەزراوی هەیە، کە (48.4%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
🔹 دابەزینی (82%)ی تێچووی پانێڵی خۆر لە ساڵی (2010)ەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی پڕۆژەکانی وزەی خۆر لە سەرانسەری جیهاندا.
🔹 توانای وزەی بای کارکردنی جیهان تا کۆتایی ساڵی 2024 بۆ (تێراوات)ێک بەرز بووەتەوە.
🔹 توانای وزەی بای چین بەتەنها گەیشتووەتە نزیکەی (444.14) گیگاوات کە (44%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
🔹 توانای بای چین دوو هێندەی کۆی توانای دامەزراوەی تەواوی کیشوەری ئەوروپایە، هەروەها زیاتر لە دوو هێندەی توانای دامەزراوی ئەمریکایە.


یەکەم؛ قەبارەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەڕێگەی "تیشکی خۆر"ەوە لە ساڵی 2024
چین لە پێشەنگی لیستی (10) وڵاتی سەرەکییە لە توانای وزەی خۆری دامەزراو لە سەرانسەری جیهاندا تا کۆتایی ساڵی 2024، بە جیاوازییەکی زۆر لە ئەمریکا کە نزیکترین ڕکابەرییەتی.
داتاکانی ئەم دواییە، کە لەلایەن یەکەی توێژینەوەی وزە کە بنکەکەی لە واشنتۆنە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، دەریانخستووە کە توانای وزەی خۆر لە جیهاندا بە قەبارەی خزمەتگوزارییەکان تا کۆتایی ساڵی 2024 دەگاتە (924) گیگاوات.
تەنها چین نزیکەی (447.5) گیگاوات توانای وزەی خۆری دامەزراوی هەیە، کە (48.4%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
توانای بەرهەمهێنانی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە جیاوازە لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە، کە زۆرجار کەمترە لە توانای بەرهەمهێنانی ڕاگەیەندراو لەبەر زۆر هۆکار، لەوانە هەڵاوسانی بارودۆخی کەشوهەوا، لەکارکەوتنی هەندێک وێستگە، قەرەباڵغی تۆڕەکان و هەندێکی تر، بەپێی ئەوەی یەکەی توێژینەوەی وزە بە شێوەیەکی وەرزی چاودێری دەکات.
1.    وڵاتی پێشەنگ لە توانای بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ساڵی 2024
-    تەنها چین نزیکەی (447.5) گیگاوات توانای وزەی خۆری دامەزراوی هەیە، کە (48.4%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت، بەم پێیەش ڕێزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهانی گرتووە.
-    ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لیستی (10) وڵاتی سەرەکی لە ڕووی توانای وزەی خۆری دامەزراوەوە پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، بە توانای (121.3) گیگاوات، واتە (13.1%)ی کۆی توانای وزەی خۆری دامەزراو لە جیهاندا تا کۆتایی ساڵی 2024.
-    هیندستان بە توانای (72.3) گیگاوات، کە دەکاتە (7.8%)ی کۆی گشتی جیهانی، لە پلەی سێیەمی لیستی 10 وڵاتی سەرەکیدایە لە ڕووی توانای بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە سەرانسەری جیهاندا.
-    بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی چاودێری وزەی جیهانی، یابان لە پلەی چوارەمدا هاتووە، بە توانای دامەزراوی (31.1) گیگاوات، کە دەکاتە (3.4%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا تا ساڵی 2024.
-    لە لایەکی دیکەوە ئیسپانیا لە پلەی پێنجەمی جیهانیدا هاتووە، بە توانای دامەزراو لە وزەی خۆر کە (28) گیگاوات و (3%)ی کۆی توانای جیهانی.
-    هەروەها ئەڵمانیا لە پلەی شەشەمدا هاتووە، بە (26.3) گیگاوات توانای وزەی خۆری دامەزراو، کە دەکاتە (2.8%)ی کۆی گشتی جیهانی.
-    بەرازیل لە پلەی حەوتەمدایە و توانای وزەی خۆری (20.1) گیگاواتە، واتە (2.2%)ی کۆی توانای جیهانی.
-    توانای دانراوی وزەی خۆری ڤێتنام گەیشتووەتە نزیکەی (13) گیگاوات و لە ڕیزبەندی هەشتەمی لیستی (10) وڵاتی یەکەمی توانای وزەی خۆری دامەزراوە و پشکی (1.4%)ی جیهانی هەیە.
-    توانای دانراوی وزەی خۆری مەکسیک گەیشتووەتە (12.8) گیگاوات، کە دەکاتە (1.4%)ی کۆی گشتی جیهانی و لە پلەی نۆیەمدایە لە 10 وڵاتە پێشەنگەکەی جیهاندا.
-    فەرەنسا لە ڕووی توانای دانراوی خۆرەوە بە (11.8) گیگاوات پلەی (10)یەمی وڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە (1.3%)ی کۆی گشتی جیهانی تا کۆتایی ساڵی 2024. بەم شێوەیەی کە لە چارتی ژمارە (1)دا هاتووە.
    چین: 447.5 گیگاوات
    ئەمریکا: 121.3 گیگاوات
    هیندستان: 72.2 گیگاوات
    ژاپۆن: 31.1 گیگاوات
    ئیسپانیا: 28 گیگاوات
    ئەڵمانیا: 26.3 گیگاوات
    بەڕازیل: 20.2 گیگاوات
    ڤێتنام: 12.9 گیگاوات
    مەکسیک: 12.8 گیگاوات
    فەرەنسا: 11.8 گیگاوات
چارتی ژمارە (1)

2.    نەخشەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لەسەر ئاستی کیشوەرەکان
-    توانای وزەی خۆری دامەزراو لە ئاسیا گەیشتووەتە نزیکەی (612) گیگاوات، کە دەکاتە (66%)ی کۆی توانای دامەزراوەی جیهانی تا کۆتایی ساڵی 2024. زۆربەی ئەم توانایە تەنها لە چوار وڵاتدا چڕبووەتەوە کە بریتین لە چین، ژاپۆن، هیندستان و ڤێتنام، کە نزیکەی (564) گیگاوات، واتە (61%)ی کۆی توانای وزەی خۆر لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکات.
-    لە لیستی گەورەترین کیشوەرەکاندا ئەمریکای باکوور پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، دواتر ئەوروپا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، پاشان ئەمریکای باشوور و ئەفریقا و ئۆقیانووس.
ئەم لیستەی خوارەوە وەک لە چارتی ژمارە (2)دا هاتووە، نەخشەی توانای وزەی خۆرنیشان دەدات کە تا کۆتایی ساڵی 2024 لە سەر ئاستی کیشوەرەکاندا کاردەکات:
    ئاسیا: (612) گیگاوات
    ئەمریکای باکوور: (125) گیگاوات
    ئەوروپا: (111.3) گیگاوات
    ئەمریکای باشوور: (52.2) گیگاوات
    ئەفریقا: (12.7) گیگاوات
    ئۆقیانووس: (12) گیگاوات
چارتی ژمارە (2)

3.    گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا
لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا دەریدەخات کە پێنجیان لە وڵاتی چینن، بە توانای کۆی گشتی (2.91) گیگاوات دامەزراوەکانی کارپێکردنیان زاڵن، گەورەترین وێستگەی جیهانیش لە ساڵی 2024دا کراوەتەوە.
دوایین داتاکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، دەریدەخات کە توانای وزەی خۆری جیهانی تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ (1.5) تێراوات بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە یەک تێراوات بووە.
دابەزینی (82%)ی تێچووی پانێڵی خۆر لە ساڵی (2010)ەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی پڕۆژەکانی وزەی خۆر لە سەرانسەری جیهاندا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمپانیای (theecoexperts) کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ژینگەییە، پێشبینی دەکرێت توانای وزەی خۆری جیهانی تا ساڵی 2025 بەرزبێتەوە بۆ (2.3) تێراوات.
وەک لە گرافیکەکەدا نیشاندراوە، لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا، کە لە ئێستادا کاردەکەن، باڵادەستییەکی ڕوونی چینی پێوە دیارە. ئەو کێڵگانەش بریتن لە؛
-    کێڵگەی شینجیانگ؛ ئەمساڵ چین وێستگەی شینجیانگی کردەوە، بە توانای (5) گیگاواتی هەیە، بەمەش دەبێتە گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە جیهاندا.
-    کێڵگەی غولمود؛ لە لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندایە، پارکی خۆری غولمود لە چین پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، پێش ئەوەی وێستگەی شینجیانگ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە پێشەنگی لیستەکەدا بوو. کێڵگەی خۆری غولمود کە لە ساڵی 2020 دەستی بە کارەکانی کردووە، توانای (2.8) گیگاوات لە ڕێگەی (7) ملیۆن پانێڵی خۆرەوە هەیە.
-    کێڵگەی بهادلا؛ لە هیندستان بە توانای (2.7) گیگاوات، سێیەم گەورەترین وێستگەی وزەی خۆرە لە جیهاندا، کێڵگەکە دەکەوێتە سەر ڕووبەرێک کە یەکسانە بە نزیکەی (14 هەزار) دۆنم. لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 بە تێچووی وەبەرهێنانی (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار چووەتە قۆناغی کارکردنەوە، و دەتوانێت کارەبا بۆ (4.5 ملیۆن) ماڵ دابین بکات. کە ڕێگری دەکات لە دەردانی نزیکەی (5.6 ملیۆن) تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
-    کۆمەڵگای محەمەد بن ڕاشید ئال مەکتوم؛ وێزگەی خۆری محەمەد بن ڕاشید ئال مەکتوم لە لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆرە لە جیهاندا بۆ پلەی چوارەم سەرکەوتووەو توانای بەرهەمی بۆ (2.62) گیگاوات بەرزبووەتەوە، قۆناغی یەکەمی پرۆژە خۆرییەکەی محەمەد بن ڕاشید ئەل مەکتوم لە ئیمارات لە ساڵی 2013 دەستی بە کارکرد، و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 بگاتە توانای تەواوی خۆی کە (5) گیگاواتە. پڕ تێچووترین کێڵگەی خۆرییە لە لیستەکەدا؛ وەبەرهێنانەکان تێدا تا ئێستا گەیشتووەتە (13.6 ملیار) دۆلار. کۆمەڵگای خۆری محەمەد بن ڕاشید ئەل مەکتوم کارەبای پاک بۆ (270) هەزار ماڵ دابین دەکات؛ ئەمەش بەشدارە لە ڕێگریکردن لە دەردانی نزیکەی (یەک ملیۆن و 400 هەزار) تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ساڵانە.
-    کێڵگەی پاڤاگادا؛ کێڵگەی خۆری پاڤاگادا بە توانای (2.05) گیگاوات لە هیندستان پێنجەم گەورەترین وێستگەی وزەی خۆرە لە جیهاندا. کێڵگەی پاڤاگادا ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٣ هەزار) دۆنم دەبێت، کە تێچووی وەبەرهێنانەکەی دەگاتە (2 ملیار) دۆلار، لە ساڵی (2019)ەوە دەستی بە کارکردنی تەواو کردووە.
-    کۆمەڵگای وزەی خۆری بنبان؛ لە پلەی شەشەمی گۆڕەپانی خۆریە، وەک گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە جیهاندا هاتووە، کە توانای بەرهەمهێنانی تا ( 1.8) گیگاوات هەیە. کۆمەڵگای خۆری بنبان دەکەوێتە وڵاتی میسر، گەورەترین کێڵگەی وزەی خۆرە لە کیشوەری ئەفریقا. (200 هەزار) پانێڵی خۆری لەخۆگرتووە، بۆیە بەرهەمهێنانی یەکسانە بە (90%)ی کارەبای بەرهەمهێنانی بەنداوی بەرز (سەدلعالی). تێچووی وەبەرهێنانی کۆمەڵگاکە (4) ملیار دۆلارە و لە مانگی نیسانی 2018 دا گەیشتووەتە قۆناغی کارکردنی بازرگانییەوە، پێش ئەوەی حکومەتی میسر لە مانگی کانوونی دووەمی 2019 بیکاتەوە.
-    کێڵگەی بیابانی تنگەر؛ کێڵگەی بیابانی تنگەر لە چین توانای بەرهەمهێنانی (1.5) گیگاواتە؛ کە ئەمەش وایکردووە ببێتە حەوتەم گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە جیهاندا، وێستگەکە ڕووبەرەکەی (10.62 هەزار) دۆنم دەبێت و کارەبای پاک بۆ (600 هەزار) ماڵ دابین دەکات و لە ساڵی 2017ەوە دەستی بە کارکردن کردووە.
-    وێستگەی نور ئەبوزەبی؛ ئیمارات جارێکی دیکە لە لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا هاتووە، وێستگەی کارەبای خۆری نور ئەبوزەبی کە بە توانای (1.2) گیگاوات پلەی هەشتەمی بەدەستهێناوە. نور ئەبوزەبی گەورەترین وێستگەی سەربەخۆی وزەی خۆرە لە جیهاندا، ڕووبەرەکەی (1977) دۆنم دەبێت و کارەبا بۆ (90) هەزار ماڵ دابین دەکات. وێستگەی وزەی خۆری نور ئەبوزەبی پشت بە ڕۆبۆت دەبەستێت بۆ پاککردنەوەی (3.2) ملیۆن پانێڵی خۆری تاک بلوری بەبێ بەکارهێنانی ئاو. بە تێچووی وەبەرهێنانی زیاتر لە (871 ملیۆن) دۆلار، وێستگەکە لە ساڵی 2019 دەستی بە کارکردنی بازرگانی کردووە، و بەشداری دەکات لە ڕێگریکردن لە دەردانی یەک ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ساڵانە.
-    داتۆنغ؛ داتۆنغ نۆیەمین گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە جیهاندا بە توانای (1.1) گیگاوات. کارگەی داتۆنغ لە چین بڕیارە لە کاتی تەواوبوونیدا توانای زیاتر (3) گیگاوات هەبێت. لە ساڵی 2016 قۆناغی یەکەمی کێڵگەکە کرایەوە.
-    جینچوان؛ وێستگەی جینچوان لە چین لە لیستی گەورەترین وێستگەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا پلەی کۆتایی هاتووەو توانای بەرهەمهێنانی (1.03) گیگاوات هەیە. وێستگەی جینچوان ڕووبەرەکەی نزیکەی (90) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ساڵی 2019 کراوەتەوە.
گرافیک

دووەم؛ قەبارەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەڕێگەی "با"وە لە ساڵی 2024
چین لە پێشەنگی لیستی 10 وڵاتی جیهانە لە توانای وزەی بادا تا کۆتایی ساڵی 2024 و کۆی توانای دامەزراو لە ئەوروپا و ئەمریکا بەیەکەوە تێدەپەڕێنێت.
داتاکانی ئەم دواییەی کە لەلایەن یەکەی توێژینەوەی وزە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، دەریانخستووە کە توانای وزەی بای کارکردنی جیهان تا کۆتایی ساڵی 2024 بۆ (1000) گیگاوات بەرز بووەتەوە.
توانای وزەی بای چین بەتەنها گەیشتە نزیکەی (444.14) گیگاوات کە (44%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
توانای بای چین دوو هێندەی کۆی توانای دامەزراوەی تەواوی کیشوەری ئەوروپایە، هەروەها زیاتر لە دوو هێندەی توانای دامەزراوی ئەمریکایە.
1.    ڕیزبەندی 10 وڵاتی سەرەکی لە توانای وزەی با لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2024
-    وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا توانای وزەی بای چین بەتەنها لە ساڵی (2024)دا گەیشتە نزیکەی (444.14) گیگاوات کە (44%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت.
-    ئەمریکا لە دوای چین پلەی دووەمی بەدەستهێنا، توانای وزەی با گەیشتە (151.43) گیگاوات، کە دەکاتە (15%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا تا کۆتایی ساڵی 2024.
-    توانای دامەزراوی ئەڵمانیا گەیشتە نزیکەی (48.14) گیگاوات کە دەکاتە (5%)ی کۆی گشتی جیهانی.
-    بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی چاودێری وزەی جیهانی، هیندستان لە پلەی چوارەمدا هاتووە، بە توانای (37.18) گیگاوات، کە دەکاتە (4%)ی کۆی توانای کارکردنی بای جیهان تا ساڵی 2024.
-    بەڕازیل لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە و توانای بای (33.43) گیگاواتە، کە دەکاتە (3%)ی کۆی توانای جیهانی.
-    ئیسپانیا لە پلەی شەشەمدایە، توانای بای دامەزراوەکەی گەیشتە (29.96) گیگاوات، کە دەکاتە (3%)ی کۆی بای جیهانی.
-    هەروەها شانشینی یەکگرتوو(ئیمارات) لە پلەی حەوتەمدایە و توانای بەرهەمهێنانی وزەی بای (28.19) گیگاواتە، کە دەکاتە (3%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا تا ساڵی 2024.
-    لە کاتێکدا توانای کارکردن لە فەرەنسا گەیشتە نزیکەی (25.13) گیگاوات، لە پلەی هەشتەمی 10 وڵاتی سەرەکی جیهان لە توانای وزەی بادا، بە پشکی نێودەوڵەتی (3%).
-    توانای دامەزراوی کەنەدا گەیشتووەتە نزیکەی (16.87) گیگاوات کە دەکاتە (2%)ی کۆی گشتی جیهانی.
-    ئوسترالیا لە لیستی 10 وڵاتی سەرەکی توانای وزەی با لە جیهاندا پلەی دەیەمی بەدەستهێناوە، بە توانای دامەزراو (14.33) گیگاوات، کە دەکاتە (1%)ی کۆی گشتی جیهانی تا کۆتایی ساڵی 2024.
لە ڕیزبەندی سێیەمی 10 وڵاتی سەرەکی لە توانای وزەی با لە سەرانسەری جیهاندا، بەم شێوەیەی خوارەوەیە کە لە چارتی ژمارە (3)دا ڕونکراوەتەوە:
    چین: 444.14 گیگاوات.
    ئەمریکا: 151.43 گیگاوات.
    ئەڵمانیا: 48.14 گیگاوات.
    هیندستان: 37.18 گیگاوات.
    بەڕازیل: 33.43 گیگاوات.
    ئیسپانیا: 29.96 گیگاوات.
    شانشینی یەکگرتوو: 28.19 گیگاوات.
    فەرەنسا: 25.13 گیگاوات.
    کەنەدا: 16.87 گیگاوات.
    ئوسترالیا: 14.34 گیگاوات.
چارتی ژمارە (3)


2.    نە خشەی بەرهەمهێنانی وزەی با لەسەر ئاستی کیشوەرەکان
توانای دامەزراوی وزەی با لە ساڵی (2024) لە ئاسیا گەیشتە نزیکەی (521.72) گیگاوات، کە (52%)ی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا تا کۆتایی ساڵی 2024 پێکدەهێنێت.
زۆربەی ئەم توانایە تەنها لە سێ وڵاتدا چڕبووەوە: چین، هیندستان و ڤێتنام، کە نزیکەی (489) گیگاواتیان هەبووە، واتە (49%)ی کۆی توانای کارکردنی بای جیهان.
لە لیستی گەورەترین کیشوەرەکاندا ئەوروپا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، دواتر ئەمریکای باکوور پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، دواتر ئەمریکای باشوور و ئۆقیانووس و ئەفریقا، وەک لەم لیستەی خوارەوەدا دەردەکەوێت و لە چارتی ژمارە (4)دا هاتووە:
    ئاسیا: 521.72 گیگاوات.
    ئەوروپا: 227.71 گیگاوات.
    ئەمریکای باکوور: 168.3 گیگاوات.
    ئەمریکای باشوور: 57.1 گیگاوات.
    ئۆقیانووس: 15.6 گیگاوات.
    ئەفریقا: 9.63 گیگاوات.

چارتی ژمارە (4)

 

سەرچاوەکان
-    وحدة أبحاث الطاقة - رجب عز الدين، أكبر 10 دول أفريقية في تركيبات الطاقة الشمسية خلال 2024 (إنفوغرافيك)، 3/2/2025؛
https://shorturl.at/GS5n1
-    وحدة أبحاث الطاقة - رجب عز الدين، أكبر 10 دول في قدرة طاقة الرياح عالميًا حتى 2024 (إنفوغرافيك)، 27/2/2025؛
https://shorturl.at/RmTzm
-    وحدة أبحاث الطاقة - رجب عز الدين، أكبر 10 دول في قدرة الطاقة الشمسية العاملة عالميًا بنهاية 2024 (إنفوغرافيك)، 16/2/2025؛
https://shorturl.at/n8FOh
-    وحدة أبحاث الطاقة - أحمد عمار، أكبر محطات الطاقة الشمسية عالميًا.. دولتان عربيتان في القائمة (إنفوغرافيك)، 6/10/2024؛
https://shorturl.at/gk1RJ

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand