بەڕێوەبەری (سۆمۆ) لە پۆستەكەی لادرا

2025-02-27 13:42:53
(درەو):
دوای نزیكەی (10) مانگ لە دەستبەكاربوونی، كۆتایی بە كاركردنی (خزەیر عەباس) بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" هات و گواسترایەوە بۆ كۆمپانیای پاڵاوگەكانی ناوەڕاست.
لە شوێنی (خزەیر عەباس)، بەگوێرەی نوسراوی كۆمپانیای "سۆمۆ" (عەلی نزار فایەق) لە پۆستی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دانراوە، لە دوێنێ 26ی شوباتەوە بەڕێوەبەرە نوێیەكە دەستبەكاربووە، عەلی نزار پێشتر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە بووە.
خزەیر عەباس جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ بوو بۆ كاروباری نەوتی خاو و غاز، لە رۆژی 7ی ئایاری 2024دا بە فەرمی لە پۆستی سەرۆكی كۆمپانیاكە دەستبەكاربوو.
گۆڕانكارییەكە هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كە رۆژانە 300 هەزار بەرمیلەو بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی دەبێت كۆمپانیای (سۆمۆ) نەوتەكە بفرۆشێت.
