Draw Media

لە یەك ساڵدا قەرزی ناوخۆیی عێراق (13 ترلیۆن) دینار زیادی كردووە

لە یەك ساڵدا قەرزی ناوخۆیی عێراق (13 ترلیۆن) دینار زیادی كردووە

2025-02-13 08:45:30


منار عوبێدی- سەرۆكی دامەزراوەی (عێراقی ئایندە) بۆ شیكاریی ئابوریی
لەماوەی یەك ساڵدا، قەرزی ناوخۆیی عێراق بەڕێژەی (13 ترلیۆن) دینار زیادبوونی بەخۆوە بینیوە، كە ئەمەش زیادبوونێكی گەورەیەو رێژەی 40%ی بەرهەمی ناوخۆیی پێكدەهێنێت. ئەم زیادبوونەی قەرزی ناوخۆیی كە تەنیا لە ساڵێكدا روویداوە، زیاترە لە قەبارەی تۆماركراوی زیادبوونی قەرز لەماوەی چوار ساڵی تەواودا لە 2024 بۆ 2023، لەو ماوەیەدا بەسەریەكەوە تەنیا 6 ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی زیادی كردووە كە دەكاتە رێژەی 2%ی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی عێراق لەكاتێكدا روویداوە كە بەراورد بە چوار ساڵی پێشتر، لە ساڵی 2024دا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینوە، كە دەبوو قەرزی ناوخۆیی كەمبكاتەوە، بەڵام زیادبوونی قەرزی بەرامبەر بە تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ رێژەی 25% بەرزكردوەتەوە. 
سەرباری ئەوەی ئەم رێژەیە هێشتا لەچوارچێوەی قبوڵكراوی ئابوریدا، بەڵام بەردەوامی گەشەی ساڵانەی قەرز بە هەمان ئاست و، ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت لە ئایندە، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی قەرز رێژەی 60%ی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕێنێت، كە ئەمەش ئاستێكی مەترسیدارەو دەكرێت كاریگەریی نەرێنی لەسەر ریزبەندی عێراق هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.  
مەترسییەكە لەوەدایە بە چ شێوەیەك قەرزی ناوخۆیی ئاڕاستە دەكرێت، چونكە زۆرینەی ئەو پارانە بۆ خەرجی بەكاربردن خەرجدەكرێن نەك ئاڕاستەكردنیان بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان، خەرجییەكانی بەكاربردنیش هیچ بەهایەكی زیادە بۆ ئابوری نیشتمانی ناخولقێنن و هۆكار نابن بۆ باشكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش وادەكات پرۆسەی دانەوەی ئەم قەرزانە لە ئایندەدا ئاڵۆزتر ببێت.  
13 ترلیۆن دینار زیادبوونی ساڵانەی قەرزی ناوخۆیی عێراق تەنیا ژمارە نییە، بەڵكو زەنگی ئاگاداركردنەوەیە كە لە بڕیاربەدەستان دەخوازێت چاوبە ستراتیژیەتی خەرجكردندا بخشێننەوە، گرنگە ئەم پارانە ئاڕاستەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بكرێن كە دەتوانن ئابوری نیشتمانی بەهێز بكەن و بەرهەمی ناوخۆیی بەرزبكەنەوە، لەبری ئەوەی پشت بەو قەرزانە ببەسترێت بۆ پرۆسەی تەرخانكردنی خەرجی زیاتری بەكاربردن.
هەموو ئەم ئاڵنگارییە ئابورییانە بۆ بەرزبوونەوەی خەرجییە گشتییەكان دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و ئاڕاستەكردنیان هەیە بەشێوەیەكی دروست. ئەگەر هەنگاوی دەستبەجێ بۆ كۆنترۆڵی خەرجییەكان نەگیرێتەبەر، لەئایندەیەكی نزیكدا رووبەڕووی ئاستێكی پێشبینی نەكراوی قەرز دەبینەوە، ئەمەش ئابوری عێراق دەخاتە دۆخێكی نەخوازراوەوە. 
چارەسەری كێشەی قەرزی ناوخۆیی پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزو پلانێكی بەردەوامی ئابوریی هەیە، چونكە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا رەنگە سەربكێشێت بۆ تەنگژەیەكی ئابوری قوڵتر كە دەرچوون لێی ئاسان نییە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand