هادی عامری: نەوتی كەركوك موڵكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە
2025-01-14 07:46:13
درەو:
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سەرۆكی لينژنەی باڵای مادەی 140ی دەستور لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا:
نەوتی كەركوك موڵكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە، نەوتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی بودجەی ساڵی (2023-2024-2025) دەڵێت لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی (سۆمۆ)ەوە هەناردە بكات و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی عێراق.
بە دڵنیاییەوە قبوڵی ناكەین ئەوەی حكومەتی هەرێم دەیڵێت كە بە هاوبەی نەوتی كەركوك بەڕێوەببات، ئێمە ئەگەر بمانەوێت بەشداری بەوان دەكەین نەك ئەوان ئەو بابەتە لەبیر بكەن رێگای پێنادەین، قبوڵكراو نیە، قبوڵكراونیە.
درەنگانی شەوی دووشەممە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكات و بەشێوەیەكی تاك لایەنانە، نەوت و گازی ناوچەكانی مادەی 140 ببات، بۆیە ئێمە بەرگری لە مافە دەستورییەكانمان دەكەین.
حكومەتی هەرێم دەڵێت، مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی كردووە" بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم لە دژی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقيە بۆ بەریتانیا، كە بڕیارە ژمارەیەك رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بەریتانییەكان واژوو بكات لەبواری نەوتی كەركوك و ناوچەكانی مادەی 140.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: سەردانەكە لەسەر داوایەكی فەرمی حكومەتی بەریتانیا، لەسەردانەكەیدا سودانی وێڕای ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكومەتی ئەو وڵاتە، هاوكات لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان و كەرتی كاری بەریتانی كۆدەبێتەوە، بەگوێرەی بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانەكەی سودانی واژووكردنی ژمارەیەك رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن لە بوارە جیاوازەكان بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەت بوارەكانی ئابوری و وەبەرهێنان و ئاسایش.
سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان ترسی هەیە لەوەی عێراق رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا كان بكات لەسەر ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە لە ئێستادا لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدان بەتایبەتی كێڵگەی نەوتی (خۆرمەڵە) كە لە ئێستادا نزیكەی (36%)ی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە درەنگانی شەوی رابردووبوو بەشێك لە بەرپرسانی حكومەت نەك هەر ئاگاداری نەبوون، بەڵكو لە ناوەڕۆك و مەبەستی بەیاننامەكەش نەدەگەیشتن و بێئاگابوون.
مانگی ئابی رابردوولە بەغدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP)ـی بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کەرکووک واژۆکرا، یاداشتەکە لەلایەن حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، بە نوێنەرایەتیی عێراق و مورای ئۆشینکڵۆس، سەرۆکی جێبەجێکار و نوێنەری کۆمپانیاکە واژۆکرا.
لەرۆژی 2025/1/9 وەزیری نەوتی عێراق و بریکارەکانی و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور و بەرپرسی گرێبەستەکانی وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیای BP
کۆبونەوە. کۆبوونەوەکە سەبارەت بە پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک بوو، بەرهەمێنانی گاز و نەوت بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، وەزارەت بەردەوامە لە دانوستان لەگەڵ بی پی BP سەبارەت بە کارپێکردنی هەر چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک کە بریتین لە (کێڵگەی بای حەسەن، کێڵگەی کەرکوک بە دوو قوبەکەی ( بابا و ئاڤانا)، کێڵگەی جەمبور، و کێڵگەی خەباز). بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
دەقی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانهوه
بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.
ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن.
هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت.
حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم ڕێکەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریيەکانی خۆی دزیوەتەوە.
ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.
حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووريی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستوریيەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.
حکومەتی هەرێمی کوردستان