"گرێبەستەكەی توركمانستان نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن"
2024-12-29 14:41:01
راپۆرت: درەو
راوەستانی هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق قەیرانی كارەبای دروستكردوە، بەهانەی ئێران بۆ راگرتنی غازەكە نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانە، بەڵام لە پشتی پەردەوە كێشەی دابینكردنی غازی تەنانەت بۆ ناوخۆی وڵاتەكەش بۆ دروستبووە، قەیرانی غاز سەرەنجی شەقامی عێراقی بردەوە بۆ لای گرێبەستەكەی توركمانستاندا، بەڵام وەزارەتی كارەبا رەتیدەكاتەوە گرێبەستەكە كەوتەبێتە بواری جێبەجێكردن و عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بە توركمانستان دابێت، لەم نێوەندەدا هەندێك لە شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەكەن هەرچی زووە عێراق جێگرەوەیەك بۆ غازی ئێرانی بدۆزێتەوە.
"نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن"
وەزارەتی كارەبای عێراق هەموو ئەو قسەوباسانەی بە "دەنگۆو بانگەشەی هەڵە" ناودەبات كە لەبارەی رێككەوتنی غاز لەگەڵ توركمانستان دەكرێن. وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، گرێبەستەكە لەگەڵ تروكمانستان هێشتا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو دانوستان بەردەوامە لەبارەی دیاریكردنی كۆمپانیایەكەوە كە بتوانێت گەرەنتی گەیشتنی غازەكەی توركمانستان بكات بە عێراق بەبێ راوەستان.
"بۆیە هەموو ئەو قسانەی كە دەكرێن لەبارەی ئەوەی عێراق رۆژانە پارە بە توركمانستان دەدات دوورن لە راستییەوە، بەفەرمی جەخت دەكەینەوە كە هیچ بڕە غازێكی توركمانستان بۆ عێراق نەنێردراوەو تائێستاش هیچ بڕە پارەیەك نەدراوە، ئەمەش هەموو ئەو قسەوباسانە پوچەڵدەكاتەوە كە باسلەوە دەكات رۆژانە دوو ملیۆن دۆلار دەدرێت" وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوەكەیدا وا دەڵێ.
هۆكاری گەرمبوونی بابەتی گرێبەستەكەی توركمانستان لە میدیاكانی عێراق بەهۆی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوەیە بۆ عێراق، كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا، بەڵام وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكات، ئەو غازەی كە راوەستاوە ئەو غازەیە كە عێراق لە ئێرانی دەكڕێت نەك غازەكەی توركمانستان، میدیاو پسپۆڕانی عێراق باس لەوە دەكەن عێراق پارە بە توركمانستان دەدات و ئێران غازەكە بەكاردەهێنێت!.
ئەوەی وایكرد میدیا عێراقییەكان زیاتر گومان لەسەر گرێبەستە غازییەكەی توركمانستان دروستبكەن ئەوەیە هێشتا حكومەتی عێراق وردەكاری رێككەوتنەكەی بۆ رایگشتیی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام وەزارەتی كارەبا دەڵێ: دەمانەوێت سەرچاوەكانی سوتەمەنی زیاد بكەین بەمەبەستی گەرەنتیكردنی ئاسایشی وزەی نیشتمانی و پاراستنی سامانی گشتیی لە بەهەدەردان، میدیاكان زانیاری هەڵە بڵاودەكەنەوە بەمەبەستی پەكخستنی هەنگاوەكانی حكومەت.
گرێبەستی توكمانستان چییە؟
كۆتاییەكانی 2023 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ توركمانستان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز، ناوەڕاستی ئەمساڵیش ئێران و توركمانستان پێكەوە گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بەشێوەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" لەبەرژەوەندیی عێراق، ئەمە بەر لەوەی عێراق دوای 3 مانگ بگەڕێتەوەو بەشێوەی فەرمی گرێبەست لەگەڵ توركمانستان ئیمزا بكات بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی ئەو وڵاتە لەڕێگەی ئێرانەوە.
ئەم پرۆسەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رۆژانە توركمانستان بڕی نزیكەی 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز رەوانەی ناوچەكانی باكوری ئێران بكات، كە ئێران خۆی ناتوانێت غاز بۆ ئەم ناوچانەی وڵاتەكەی رەوانە بكات، دواتر لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران هەمان بڕە غازی رۆژانە لەرێگەی بۆرییەوە بدات بە عێراق، ئەمەش بەو واتایە دێت كە عێراق غازی توركمانستان دەكڕێت و پارە بە توركمانستان دەدات، بەمەش لە پلەی یەكەمدا خۆی لە سزا ئابورییەكانی سەر ئێران دەرباز دەكات، پاشان ئێران هەڵدەستێ بە بەكارهێنانی ئەو غازەی كە عێراق پارەكەی بە توركمانستان داوە لە پارێزگاكانی باكوری وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا هەمان بڕی غاز لە كێڵگە نزیكەكانی خۆی لە سنوری عێراق بە بۆری رەوانەی عێراق دەكات.
ئەو پرسیارانەی كە لەبارەی كرۆكی ئەم گرێبەستەوە دروستبوون لەناو شەقامی عێراقی و شارەزایانی بوارەی وزە لەم خاڵانەدا كورت دەبنەوە:
• ئایا عێراق غازی توركمانستان بە هەمان نرخی غازی ئێران دەكڕێت، یاخود پارەی زیاتر بە توركمانستان دەدات لەبەرامبەر هەمان بڕی غاز كە پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی كردووە؟!
• ئایا عێراق تێچووی ئەو بۆرییە دەدات كە لە توركمانستانەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئێران ؟! بەوپێیەی ئێران پێویستی بەم بۆرییەو هاوردەكردنی غاز نییە لە توركمانستانەوە، بەڵكو لە بەرژەوەندیی عێراق ئەم كارەی كردووە؟!
• ئایا لەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دوو لایەنەدا كە توركمانستان غاز بە ئێران دەدات و ئێرانیش غاز بە عێراق دەدات، ئێران خاكی خۆی وەكو ناوچەی تێپەڕینی غازی توركمانستان ئەژمار دەكات و پارەی گواستنەوەی غازەكە وەردەگرێت یاخود نا؟!
ئێران بۆچی غازی عێراقی راگرتووە ؟
راوەستانی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق و كەمبوونەی كاتژمێرەكانی كارەبا لە عێراق ئەم رۆژانە بابەتی گەرمی قسەوباسی شەقامی عێراقە. لایەنی ئێرانی هۆكاری سەرەكی راگرتنی هەناردەی غاز بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ "نۆژەنكردنەوەی بۆری گواستنەوەی غازەكە"، بەڵام وەكو (نەبیل مەرسومی) شارەزای ئابوریی عێراقی دەڵێ: پێدەچێت ئەم بەهانەیە زۆر باوەڕپێكراو نەبێت، چونكە:
• ئێران بەگوێڕەی بەیاننامەی فەرمی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە كە راوەستانی هەناردەی غاز تەنیا تاوەكو ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام تائێستا راوەستان بەردەوامە سەباری تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران هەناردەی غازی توركیای رانەگرتووە، كە بەرێژەی 16 بۆ 18% پشت بە غازی سروشتی ئێران دەبەستێت.
• هۆكاری راستەقینەی راگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق كەمبوونەوەی غازە لە ئێران بەهۆی دابەزینی زۆری پلەكانی گەرماو زیادبوونی بەكارهێنانی ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە، ئەمە لەپاڵ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناتوانێت ئەو زیادبوونە لە ئاستی بەكاربردن پڕبكاتەوە، تا ئەو رادەی دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستی پچڕانی كارەبا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكی رۆژانە لە تاران و چەند پارێزگایەكی تری ئێران و، ، لەكۆی 600 وێستگە نزیكەی 80%ی وێستگەكانی كارەبا لە ئێران لەكاركەوتوون بەهۆی پاشەكشێی ناردنی غازی سروشتی و سوتەمەنی شل، بۆیە پێدەچێن چیرۆكی پێدانی سیستەماتیك و سەقامگیریی غازی ئێران بە عێراق لە كۆتاییەكەی نزیك بووبێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا حاڵەتەكانی بێتوانایی ئێران دووبارە بووەوە لە پابەندبوون بەو بڕە غازەی كە رێككەوتنی لەسەركراوە كە بڕەكەی نزیكەی (50 ملیۆن) پێ سێجای رۆژانەیە. بۆیە پێویستە لەسەر عێراق جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزێتەوە لە وڵاتانی تری وەكو توركمانستان و قەتەر یان بەكارهێنانی غازی هاوەڵ و كێڵگەكانی غاز و پەلەكردن لە دروستكردنی وێستگەی كارەبایی كە پشت بە وزەی خۆر ببەستێت.