Draw Media

عێراق پارە دەدات و ئێران بەكاری دەهێنێت

عێراق پارە دەدات و ئێران بەكاری دەهێنێت

2024-12-28 11:55:43


(درەو):
عێراق رۆژانە زیاتر لە (2 ملیۆن) دۆلار دەدات بە توركمانستان لەبەرامبەر بڕێك غازدا كە توركمانستان بە ئێرانی دەدات، ئەمە رێككەوتنێكی غازییە كە ژمارەیەك گومان و پرسیاری لەسەر دروستبووە.

كۆتاییەكانی 2023 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ توركمانستان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز، ناوەڕاستی ئەمساڵیش ئێران و توركمانستان پێكەوە گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بەشێوەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" لەبەرژەوەندیی عێراق، ئەمە بەر لەوەی عێراق دوای 3 مانگ بگەڕێتەوەو بەشێوەی فەرمی گرێبەست لەگەڵ توركمانستان ئیمزا بكات بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی ئەو وڵاتە لەرێگەی ئێرانەوە.
ئەم پرۆسەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رۆژانە توركمانستان بڕی نزیكەی 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز رەوانەی ناوچەكانی باكوری ئێران بكات، كە ئێران خۆی ناتوانێت غاز بۆ ئەم ناوچانەی وڵاتەكەی رەوانە بكات، دواتر لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران هەمان بڕە غازی رۆژانە لەرێگەی بۆرییەوە بدات بە عێراق، ئەمەش بەو واتایە دێت كە عێراق غازی توركمانستان دەكڕێت و پارە بە توركمانستان دەدات، بەمەش لە پلەی یەكەمدا خۆی لە سزا ئابورییەكانی سەر ئێران دەرباز دەكات، پاشان ئێران هەڵدەستێ بە بەكارهێنانی ئەو غازەی كە عێراق پارەكەی بە توركمانستان داوە لە پارێزگاكانی باكوری وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا هەمان بڕی غاز لە كێڵگە نزیكەكانی خۆی لە سنوری عێراق بە بۆری رەوانەی عێراق دەكات. 
بەڵام خراپبوونی دۆخی كارەبا لەم وەرزی زستانەو بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق بە بەهانەی نۆژەنكردنەوە، بەبێ پابەندبوون بە گرێبەستەكەی لەگەڵ عێراق، پرسیارو مەترسی ئەوەی دروستكردووە عێراق ببێتە قوربانی تەڵەكەیەك، بەتایبەتیش لەوەدا كە وەكو لە گرێبەستەكەدا دەردەكەوێت عێراق هیچ مەرجێكی بۆ ئێران دانەناوە، بەڵام خۆی پابەندكردووە بەوەی لەبەرامبەر 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غازی رۆژانە، هەموو رۆژێك بڕی (2.5 ملیۆن) دۆلار بە توركمانستان بدات، كە ئەم پارەیە بۆ تێكڕای ساڵێك دەگاتە بڕی (1 ملیار) دۆلار. 
زیاد هاشمی توێژەری ئابورییە، قسەی بۆ (سۆمەریەنیوز) كردووە، باسلەوە دەكات، ئێران تەنیا غازی لە عێراق نەبڕیوە، بەڵكو ئەو غازەی توركمانستانیش بەكاردەهێنێت كە عێراق پارەكەی دەدات.
حكومەتی عێراق تائێستا بڕگەكانی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ توركمانستان و ئێران سەبارەت بە هاوردەكردنی غاز ئاشكرانەكردووە، بۆیە ئێستا كە بەهۆی نەمانی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوە كاتژمێرەكانی كارەبا لە شارەكانی عێراق كەمبووەتەوە، ژمارەیەك پرسیاری گوماناویی سەبارەت بە رێككەوتنە غازییەكە دروستبووە كە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە: 
•    عێراق غاز لە توركمانستان دەكڕێت بۆ ئێران، عێراق پارە دەدات بەڵام هیچ كاتێك غازی توركمانستانی بەدەست ناگات؟! ئەو غازەی توركمانستان كە عێراق پارەكەی دەدات، لە پارێزگاكانی باكوری ئێران بەكاردەهێنرێت، لەبەرامبەردا ئێران هەمان بڕ غازی خۆی بە عێراق دەدات، لێرەدا عێراق پارەی غازی ئێران دەدات، بەڵام بەبێ ئەوەی راستەخۆ پارەكە رادەستی ئێران بكات، بەمەش باز دەدات بەسەر سزا ئابورییەكانی سەر ئێران.
•    لەبارەی نرخیشەوە، ئایا عێراق غازی توركمانستان بە هەمان نرخی غازی ئێران دەكڕێت، یاخود پارەی زیاتر بە توركمانستان دەدات لەبەرامبەر هەمان بڕی غاز كە پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی كردووە؟!
•    ئایا عێراق تێچووی ئەو بۆرییە دەدات كە لە توركمانستانەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئێران ؟! بەوپێیەی ئێران پێویستی بەم بۆرییەو هاوردەكردنی غاز نییە لە توركمانستانەوە، بەڵكو لە بەرژەوەندیی عێراق ئەم كارەی كردووە. 
•    ئایا لەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دوو لایەنەدا كە توركمانستان غاز بە ئێران دەدات و ئێرانیش غاز بە عێراق دەدات، ئێران خاكی خۆی وەكو ناوچەی تێپەڕینی غازی توركمانستان ئەژمار دەكات و پارەی گواستنەوەی غازەكە وەردەگرێت یاخود نا؟!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand