Draw Media

نەوت لە (%88)ی كۆی داهاتەكانی عێراق پێك دەهێنێت

نەوت لە (%88)ی كۆی داهاتەكانی عێراق پێك دەهێنێت

2024-12-26 16:12:40


راپۆرتی: درەو

🔻 رۆژی (24ی 12ی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛
🔹 تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە  زۆرتر لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (110 ترلیۆن و 220 ملیار) دیناری بە رێژەی (88.2%) داهاتی نەوت و پتر لە (14 ترلیۆن و 438 ملیار) دیناری بە رێژەی (11.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە.
🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، زۆرتر لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار) دینار بووە، کە (86.6%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (13.4%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە.
🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (1.6%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (ترلیۆنێک و 938 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە.
🔹 زۆرتر لە (9 ترلیۆن و 84 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی لە (495 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (49 ملیار و 351 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (8 ترلیۆن و 539 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە.


داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی (2024)دا

رۆژی (24ی کانونی یەکەمی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ دە مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتەکە؛

یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024

پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024) لە (24ی کانونی یەکەمی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار و 47 ملیۆن و 361 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (110 ترلیۆن و 220 ملیار و 268 ملیۆن و 945 هەزار) دیناری بەڕێژەی (88.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (14 ترلیۆن و 438 ملیار و 778 ملیۆن و 884 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)).
خشتەو چارتی ژمارە (1)

دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024
هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، تا کۆتایی مانگی دەی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار و 161 ملیۆن و 764 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (100 ترلیۆن و 637 ملیار و 260 ملیۆن و 319 هەزار) دیناری بەڕێژەی (86.6%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (22 ترلیۆن و 82 ملیار و 901 ملیۆن و 444 هەزار) دیناری بەڕێژەی (13.4%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی یەکەمی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)).
خشتەو چارتی ژمارە (2)

سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024
خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە تاکۆتایی مانگی تەموزی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (22 ترلیۆن و 82 ملیار و 901 ملیۆن و 444 هەزار) دیناری بەڕێژەی (13.4%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛
1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (167 ملیار و 237 ملیۆن و 620 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (0.8%) بۆخەرج کراوە.
2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (12 ترلیۆن و 720 ملیار و 412 ملیۆن و 698 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (57.6%) بۆ خەرج کراوە.
3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (2 ترلیۆن و 414 ملیار و 676 ملیۆن و 881 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (10.9%) بۆ خەرج کراوە.
4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (5 ترلیۆن و 787 ملیار و 125 ملیۆن و 346 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (26.2%) بۆ خەرج کراوە.
5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (993 ملیار و 448 ملیۆن و 897 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (4.5%) بۆ خەرج کراوە.
بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).
خشتەو چارتی ژمارە (3)


چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024
لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (122 ترلیۆن و 720 ملیار و 161 ملیۆن و 764 هەزار) دینار.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (124 ترلیۆن و 659 ملیار و 47 ملیۆن و 830 هەزار) دینار.
واتە بڕی (ترلیۆنێک و 938 ملیار و 886 ملیۆن و 66 هەزار) دیناری بەڕێژەی (1.6%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە.
بەڵام لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2024) ڕێژەیەکی بەرزی کوردتهێنان ڕویداوەو گەیشتووە بە (17 ترلیۆن و 531 ملیار و 959 ملیۆن و 804 هەزار) دینار بە ڕێژەی (170%). سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)).
خشتەو چارتی ژمارە (4)

پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2024
لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 84 ملیار و 57 ملیۆن و 650 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛
1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (494 ملیار و 959 ملیۆن و 997 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (126 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.
2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (49 ملیار و 351 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە.
3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (8 ترلیۆن و 539 ملیار و 746 ملیۆن و 2 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (6 ترلیۆن و 837 ملیار و 801 ملیۆن و 649 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (80%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 701 ملیار و 944 ملیۆن و 352 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (20%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.
بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)).
خشتەی ژمارە (5)


سەرچاوەکان؛

ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق
-    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة أب لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة أیلول لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة تشرین الاول لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة
http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand