Draw Media

ئەو پەرلەمانتارانەی ئەوروپا كە زۆرترین داهاتیان هەیە

ئەو پەرلەمانتارانەی ئەوروپا كە زۆرترین داهاتیان هەیە

2024-12-12 13:50:56


(درەو): 
بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، نزیكەی 30%ی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا كە بە تێكڕا ژمارەیان (720) پەرلەمانتارە، سەرباری موچەی فەرمی خۆیان لە پەرلەمان، ساڵانە بڕی (6.3 ملیۆن) یۆرۆیان دەستدەكەوێت. 
دەرەنجامەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی لە یەكێتیی ئەوروپا ئەوەی دەرخستووە، كە هەندێك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی گروپەكانی لۆبی "لۆبیستەكان" لە كەرتی كشتوكاڵ كاردەكەن و راوێژ بە كەرتی ئۆتۆمبیل و كۆمپانیا داراییە گەورەكان دەدەن، ئەمە دەبێتە هۆی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییە گشتییەكان لەگەڵ بەرژەوەندی تایبەتدا.
پەرلەمانتاری رۆمانی (گۆرگێ پیپیریا) لە فراكسیۆنی پارێزگاران و ریفۆرمخوازانی ئەوروپا لە پێشەنگی لیستی ئەو پەرلەمانتارانەیە كە داهاتی لابەلایان هەیەو ساڵانە نزیكەی (657.000) یۆری دەستدەكەوێت، ئەمە لەرێگەی ئەو كۆمپانیای پارێزەرایەتییەی كە دایمەزراندووە. 
لەدوای ئەویش پزیشكە فەڕەنسییەكە (لۆران كاستیلۆ)و پەرلەمانتاری ئیتالی (رۆبەرتۆ فاناچی) دێت كە كتێبەكەی "جیهانەكەی تر" سەركەوتنێكی سەرسوڕهێنەری بەدەستهێناو پێشوازی باشی لێكرا. 
پەرلەمانتاری ئەوروپا موچەو ئیمتیازی باش وەردەگرن، كە خۆی دەبینێتەوە لە بڕی (124.000) یۆرۆی ساڵانە وەكو موچەی بنەڕەتی و بڕی (59.400) یۆریۆ دەرماڵەی خەرجیی و پارەی دەرماڵەی ئامادەبوون كە زۆرجار دەگاتە بڕی (52.800). 
سەرباری ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەوروپا رێگەیان پێدراوە كاری زیاتر بكەن، بەڵام ئەو بنەمایانەی كە لەدوای سكانداڵی ناسراو بە "قەتەر گەیت" داكەوتووە، ناچاریان دەكات بە ئاشكرا كردنی ئەو كارانەی كە دەیكەن. 
لەگەڵ ئەمەشدا، رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات، ئەمەش لەبەر قەبارەی قازانجی پەرلەمانتاران نییە ئەو كارانەدا، بەڵكو نیگەرانییە لەبارەی ئەگەری كاریگەریی ئەو كارانە لەسەر ئەدای كاركردنی رۆژانەی پەرلەمانتاران و تێكەڵبوونی بەرژەوەندییەكان. 
رافاییل كیرگۆینۆ گەورە بەرپرسی سیاسەتەكان لە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی قسەی بۆ (یۆرۆنیوز) كردوە، وتویەتی:" بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەندامانی پەرلەمان بۆیان نییە بەشداری لە چالاكی لۆبیكردن لەبەرامبەر پارەدا بكەن".
باسلەوە دەكات، ناڕوونی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وایكردووە بابەتەكە وەكو تێڕوانینی كەسیی لەلایەن هەر سیاسەتمەدارێكەوە تەماشا بكرێت، لەوەدا ئایا بەریەككەوتنی بەرژەوەندی هەیە یاخود نا. 
راپۆرتەكە باس لە حاڵەتی هەردوو پەرلەمانتار ستیڤان كوهلەر (ئەڵمانیا/ پارتی گەلی ئەوروپی)و كریستین سینجەر (ئەڵمانیا/ پارتی نوێبوونەوە) دەكات كە هەردووكیان مانگانە هەزاران یۆرۆ لە كۆمەڵەی جوتیارانی باڤاریا وەردەگرن، كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە كشتوكاڵی و دارستانییەكانی ناوچەكە دەكات، سەرباری ئەوەی ئەم دوو كەسە هەردووكیان ئەندامن لە لیژنەی كشتوكاڵ و ژینگە لە پەرلەمانی ئەوروپا. 
فیلیپ تۆریك (چیكیا/ پاتریۆتس) باس لە داهاتی مانگانەی خۆی دەكات كە دەگاتە (10.000) یۆرۆ وەكو راوێژكاری سەربەخۆ لە كەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبیل، ئەمە بوارێكە لە كارەكەیدا وەكو ئەندامی پەرلەمان زۆر جەختی لەسەر دەكات. بەمدواییە لەم چوارچێوەیەدا قسەی كردووە. 
لەبەرامبەردا، هەندێك لە ئەندامانی تری پەرلەمانی ئەوروپا وای دەبینن گرنگە پارێزگاری بكەن لە پەیوەندییان لەگەڵ جیهانی واقعیدا، یەكێك لەوانە لۆران كاستیلۆ-یە كە پێیوایە "بۆ ئەوەی نوێنەرانی پەرلەمان بە تەواوەتی لەژیانی خەڵك دانەبڕێن، دەبێت پەیوەندییان بە واقیعەوە بمێنێتەوە". 
ئاماژە بەوە دەكات، هیچ بەریەككەوتنێك نییە لەنێوان خەبات لەپێناو سیاسەتێكی دروست و باشتر لە پەرلەمان لەگەڵ ئارەزووە بەردەوامەكانی بۆ چاودێری خەڵكی تر وەكو پزیشكێك.
مۆنیكا هوڵمایەر (ئەڵمانیا/ پارتی گەلی ئەوروپی) كە ساڵانە نزیكەی 75.000 یۆرۆی دەستدەكەوێت لەبەرامبەر كارەكەی لە كۆمپانیای فرەڕەگەزیی (بایوا) بۆ كشتوكاڵ و وزە دەڵێ: دەبێت ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا تێكەڵی كارو كۆمەڵگە ببن لەبری ئەوەی لە بورجی عاجی سیاسەتدا بمێننەوە.
لە هەمان كاتدا، هەندێكی تر وایدەبینن كە هیچ بەریەككەوتنێك لەنێوان كاری زیادەی خۆیان و ئەركەكەیان لە پەرلەمان نییە، چارلز گویرینز (لۆكسمبۆرگ/ نوێی ئەوروپا) كە ساڵانە وەكو بەرپرسی سەربەخۆ لە كۆمپانیای "ڤویر فاینانس" بڕی 43.000 یۆریۆری دەستدەكەوێت جەخت لەوە دەكات كارەكەی بەریەككەوتنی نییە لەگەڵ ئەو لیژنانەی پەرلەمان كە كاریان تێدا دەكات و مامەڵە لەگەڵ كشتوكاڵ و كاروباری دەستوریی دەكەن. دەڵێ:" بچوكترین بەریەككەوتن نییە، ئەگەرنا كارەكەم رادەگرت". 

لەگەڵ ئەمەشدا، رافاییل كیرگوینۆ لە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی گرفتی لەگەڵ ئەم تێگەیشتنانە هەیەو باسلەوە دەكات، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی راستەوخۆ بەشدار نەبن لە لیژنە پەیوەندیدارەكاندا، ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا دەتوانن كاریگەریی لەسەر هاوڕێ پەرلەمانتارەكانیان دابنێن یاخود پرسیار لەبارەی ئەو بابەتانەوە بكەن كە پەیوەندی بە بەرژەوەندییە دەرەكییەكانیانەوە هەیە. 
رافاییل كیرگوینۆ داوا دەكات رێسای توندتر دابنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە چالاكی دەرەكی پەرلەمانتاران و دەڵێ:" پێویستە لێكۆڵینەوەكان لەرێگەی دەستەی سەربەخۆوە بكرێن و ئەوانەی بنەما ئیتیكییەكان پێشێل دەكەن سزایان بەسەردا بسەپێندرێت". 
ئەمە جاری یەكەم نییە كە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی تیشك دەخاتەسەر بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان. لە راپۆرتی پێشووی خۆیدا كە ئایاری رابردوو بڵاویكردەوە، ڤیكتۆر ئوسپاسكیچ پەرلەمانتاری پێشووی لیتوانیا لە یەكێتیی ئەوروپا لە پێشەنگی لیستەكەدا بوو، كە 3 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە قازانجی لە كۆمپانیایەكی روسی دەستكەوتبوو كە بەرژەوەندی گەورەی لە بواری خانوبەرەدا هەبوو. بەڵام دوای هەڵبژاردنەكەی حوزەیرانی رابردووە ئەم پەرلەمانتارە كورسییەكەی لەدەستداو لە مانگی ئابیشدا دەركەوت بەتۆمەتی ساختەكاریی بەبڕی زیاتر لە 500.000 یۆرۆ لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، ئەمەش تۆمەتێك بوو كە ئەو رەتیدەكردەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand