"ئاماژەكان زۆرن ساڵی نوێ لەرێگەی سۆمۆوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە"
2024-12-09 11:47:26
(درەو):
هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە راوەستا، ئێستا فەرەنسا ژمارەیەك كۆمپانیای نەوتی رەوانەی كوردستان كردووەو پشتیوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ لەگەڵ د. یان بڕیم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان كۆبووەتەوە. راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسلەوە دەكات، كەمال محەمەد لەم دیدارەدا سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا كردووە بۆ خێرا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە.
"لە ساڵی نوێ ئاماژەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆ زۆرن و لەئێستادا لە قۆناغی هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی ماددەی یاسای بودجە دایە" وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وا دەڵێ.
كونسوڵی فەرەنسا باسی لە هاتنی ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی وڵاتەكەی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت، وتویەتی: هیوادارم هەماهەنگی و هاوکاری پێویستی ئەو كۆمپانیایانە بکرێت بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە كوردستان.
لەبەرامبەردا وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیەو بەشێکی زۆری کورتهێنانی بودجە چارەسەر دەکات.