سەرۆكی دیوان نوسراوی (سەرۆكی تەمەن) هەڵدەوەشێنێتەوە
2024-12-08 12:10:57
(درەو):
ماوەی 8 رۆژە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە (كراوەیی) ماوەتەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە براوەكان لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، سەرۆكی یەكەم دانیشتن كە بە تەمەنترین ئەندامەو سەربە جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)یە ئەمڕۆ هەوڵیداوە رۆژی سێ شەممە وەكو وادەی سازدانی دانیشتن دیاری بكات، بەڵام سەرۆكی دیوانی پەرلەمان كە سەربە (یەكێتیی)ە، دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی دانیشتنی لێ وەرگرتەوە.
كوردەوان جەمال سەرۆكی فراكسیۆن نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ ئاگادارییەكی لە گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران بڵاوكردەوە. لە ئاگادارییەكەدا، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەناوی (محەمەد سلێمان) سەرۆكی تەمەنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە كە ئەویش سەربە نەوەی نوێیە، داوای لە پەرلەمانتارانی كوردستان كرد رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە كاتژمێر 11ی بەیانی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
بەگوێرەی زانیارییەكی (درەو)، ئەدمینی سەرەكی گروپی (واتس ئاپ)ی پەرلەمانتاران ئاگادارییەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێی سڕیوەتەوەو دواتر ئاگادارییەكی ئەردەڵان محەمەد سەرسپی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە سەربە یەكێتیی نیشتمانییە.
دەقی ئاگادارییەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان بەمشێوەیە:
ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان
سڵاو و ڕێز..
بانگهێشت و دانانی بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان، رێکاری پەیرەوی خۆی هەیە و بە سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، و ناکرێت ئەو ڕێوشوێنانە وەک خۆیان جێبەجێ نەکرێن ، و بۆ ئاگاداری بەرێزتان ئەگەر بانگهێشت و بەرنامەی کار هەبێت لە لایەن سەرۆکایەتی دیوان بڵاو دەکرێتەوە لە سایتی فەرمی پەرلەمان ، بۆیە لە دەرەوەی ئەو ڕێوشوێنانە هەر هەوڵێکی دیکە هیچ لێکەوتەی یاسایی و پەیرەوی لێناکەوێتەوە بۆ ئاگاداری بەرێزتان. لەگەڵ رێزدا.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان كە سەربە نەوەی نوێیە بانگەوازی كرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پێك نەهات، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دانیشتنەكە بە (كراوەیی) ماوەتەوەو پارتی و یەكێتیی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە براوەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنن، لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت نەگەیشتونەتە رێككەوتن.