Draw Media

هێزە بیانییەكان لە سوریا.. چۆن چونەتە ناو ململانێكەوە ؟

هێزە بیانییەكان لە سوریا.. چۆن چونەتە ناو ململانێكەوە ؟

2024-12-06 11:26:50


(درەو):
دەستپێكردنەوەی جەنگ لە سوریا تیشكی خستەسەر رۆڵی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی ئەو وڵاتە، چونكە لە ساڵی 2011وە هەریەكە لە توركیاو ئێران و روسیاو ئەمریكا هێزی سەربازی خۆیان لە سوریا بڵاوكردوەتەوە، هاوكات ئیسرائیلیش بەشێوەیەكی بەردەوام هێرشی ئاسمانی لەناو خاكی سوریادا ئەنجام دەدات.

ئەمانە هەندێك زانیاریی سەرەكین لەبارەی هێزە بیانییەكانەوە لە سوریا

یەكەم: توركیا
توركیا هێزی لە ناوچەكانی باكوری خۆرئاوای سوریا بڵاوكردوەتەوە، كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەدایە لە ساڵی 2011وە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان دژ بە سەرۆك بەشار ئەسەد دەستپێكرد. توركیا پاڵپشتی لە ژمارەیەك لەم گروپانە دەكات. 
ئامانجی سەرەكی توركیا لاوازكردنی هێزە چەكدارەكانی كوردە لە سوریا، كە لەكاتی جەنگی ناوخۆیی سوریادا، ناوچەی خۆبەڕێوەبەرێتییان لە سنوری توركیادا بۆخۆیان دروستكردووەو ئەنكەرە ئەزمونەكە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەبەستێتەوە كە خستویەتیە لیستی تیرۆرەوە. 
ئامانجێكی تری ئەنكەرە گەڕاندنەوەی نزیكەی (3 ملیۆن) پەنابەری سورییە بۆ وڵاتەكەیان، كە لەماوەی ساڵانی جەنگدا ئاوارەی توركیا بوون و زۆرێكیان لە پارێزگای حەلەبەوە ئاوارە بوون. 
لە ساڵی 2016وە تائێستا، توركیا چوار هەڵمەتی سەربازیی لە سوریا ئەنجامداوە، هەڵمەتی یەكەم رێكخراوی داعش و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كردە ئامانج كە هێزێكی كوردییە و لەلایەن هاوپەیمانێتییەكی سەربازی ترەوە بەناوی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) رێبەرایەتیی دەكرێت. 
ساڵی 2017 بوونی سەربازی توركیا لەناو سوریا فراوانتر بوو، ئەمەش دوای ئەوەی توركیا رێككەوتنێكی لەگەڵ روسیاو ئێران ئیمزا كردو بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی توركیا لە 12 ناوچەی تر لە (ئیدلب) بڵاوەیان پێكرا كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە لە باكوری خۆرئاوای سوریا. 
دواترو لە ساڵی 2018دا، توركیا هەڵمەتێكی تری سەربازی ئەنجامدا بۆسەر (عفرین) كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوو، لە ساڵی 2019دا هێرشی كردەسەر ئەو ناوچانەی كە لەنێوان هەردوو شاری سەرێ كانی و گرێ سپی لە سنور لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوون. 
ساڵی دواتریش، توركیا هەزاران سەربازی رەوانەی ئیدلب كرد بۆ بەرگرتن بەو هێرشەی كە حكومەتی سوریا بە پاڵپشتی روسیا بۆسەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامیدا. 
حكومەتی دیمەشق وەكو "هێزێكی داگیركەر" تەماشای توركیا دەكات. 

روسیا
روسیا لە ساڵی 2015وە داخڵی ناو ململانێكانی سوریا بوو، ئەمە  گەورەترین دەستوەردانی سەربازیی روسیا بوو لەناوچەی خۆرهەڵاتی لەدوای كەوتنی یەكێتی سۆڤیەتەوە. هێرشە ئاسمانییەكانی روسیا كە لە بنكەی (لازقیە)وە ئاڕاستە دەكران، رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبوو لەوەی تەرازووی جەنگەكە لە بەرژەوەندی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بشكێتەوە. 
بە هەماهەنگیش لەگەڵ ئێران، بڵاوبوونەوەی سەربازی روسیا لەناو سوریا كە مێژووەكەی بۆسەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە فراوانتر بوو، ئەوەش كاتێك كە یەكێتیی سۆڤیەت بنكەیەكی دەریایی لە شاری (تەرتوس)ی سوریا لەسەر دەریای ناوەڕاست دامەزراند. 
بوونی سەربازی روسیا لەسەر خاكی سوریا لەو ناوچانەدایە كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی حكومەتدان، لەكاتی هەوڵەكانیش بۆ هێوركردنەوەی دۆخی شەڕ لە سوریا، پۆلیسی سەربازی روسی بڵاوكرانەوە. كرملین جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە روسیا بەردەوام دەبێت لەسەر پاڵپشتیكردنی ئەسەد.

ئێران و هاوپەیمانەكانی
ئێران لە ساڵی 2012وە سوپای پاسدارانی رەوانەی سوریا كردووە بەمەبەستی یارمەتیدانی ئەسەد. حزبوڵای لوبنانیش كە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەكرێت، رۆڵێكی گەورەی بینی. تاران وەكو هاوپەیمانێكی سەرەكی و لەچوارچێوەی "بەرەی موقاوەمە" تەماشای ئەسەد دەكات، كە بەرەی دژە ئیسرائیل و هەژموونی ئەمریكایە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 
بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دیمەشق، تاران توانی هەژموونی خۆی بڵاوبكاتەوە، ئەمەش لەرێگەی رێڕەوێكی وشكانییەوە لە سنوری خۆرئاوای خۆیەوە بۆ ناو عێراق و لەوێشەوە بۆ لوبنان. رۆژی 3ی ئەم مانگە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا وتی: ئەگەر دیمەشق داوای بکات، رەنگە تاران بیر لە ناردنی هێز بۆ سوریا بکاتەوە.
تاران هەمیشە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی دیمەشق، وەک ڕاوێژکارێک ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی خۆی لە سوریا کردووە. لەپاڵ ئێرانییەكان و چەكدارانی حزبوڵادا، هەندێك گروپی تری شیعەی پاڵپشتیكراو لەلایەن تارانەوە رۆڵی گرنگیان لە ململانێكەی سوریادا هەبووە، ئەمەش ژمارەیەك گروپ لە ئەفغانستان و عێراق دەگرێتەوە. 
ئاژانسی (رۆیتەرز) دەڵێ لەكاتی پەرەسەندنی شەڕەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئۆكتۆبەردا، حزبوڵا چەكدارەكانی خۆی لە سوریا كێشاوەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لوبنان. سەرباری ئەوەی بەر لە زیاتر لە هەفتەیەك گەیشتوەتە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هێشتا حزبوڵای لوبنان ئامادەی ناردنی هێز نییە بۆ باكوری سوریا بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە سوپای سوریا. 
بوونی هێزەكانی ئێران و ئەو هێزانەی تر كە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەكرێن لە سوریا، سەرچاوەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ ئیسرائیل كە دەڵێ ئەمە وایكردووە بەشێوەیەكی بەردەوام هێرشی ئاسمانی لەناو سوریا ئەنجام بدات.

ئەمریكا
دەستوەردانی سەربازی ئەمریكا لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەمەش لەرێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر رێكخراوی داعش، كە لەوسەردەمەدا یەك لەسەر سێی خاكی سوریاو عێراقی كۆنترۆڵ كردبوو. 
سەرەتا هێزێكی تایبەتی بچوكی ئەمریكا لە سوریا جێگیركرا بۆ هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و جەنگ و راوەدونانی چەكدارانی داعش لەو ناوچانەی كە لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەستیان بەسەردا گرتبوو. 
لەگەڵ نزیكبوونەوەی سەركەوتن بەسەر داعشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا لە ساڵی 2018دا رایگەیاند، دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا بكێشێتەوە. بەڵام دواتر و بەهۆی ئەو رەخنانەی كە سەبارەت بە كشانەوەكە دروستبوون لەبارەی دروستبوونی بۆشاییەك كە ئێران و روسیا پڕی دەكەنەوە، گۆڕانكاری لە پلانەكەدا كرا.
هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لەناو سوریا بوونیان هەیەو بەردەوامن لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (زۆرینەی هێزەكە كوردەو كوردی رۆژئاوای كوردستان رێبەرایەتیی دەكەن). 
هێزەكانی ئەمریكا لەناو بنكەی (تەنەف)ی سوریا لە نزیك سنوری ئوردن و عێراق جێگیربوون. حكومەتی سەرۆكی سوریا بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی سوریا وەكو "داگیركەر" ناودەبات. ئێستا نزیكەی (900) سەربازی ئەمریكی لەناو سوریادان، زۆرینەیان لە باكوری خۆرهەڵات جێگیربوون. 

سەرچاوە: ئاژانسی (رۆیتەرز)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand