"لە ئیدارەی دەوڵەت كەس دژی هەمواری بودجەو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نەبوو"
2024-11-26 12:14:16
(درەو):
سودانی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجەی بردوەتە ناو كۆبوونەوەی ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)، وتویەتی ئەم هەموارە گرنگە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هیچ لایەنێك دژی هەموارەكە نەبووە، ئەمە بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد" جیا لە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، هەفتەی رابردوو، سەرۆك وەزیران بابەتی هەمواری یاسای بوجەی هێناوەتە ناو كۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و باسی لەوەكردووە چەند گرنگە ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێتەوە".
بەگوێرەی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا (واتا ئەو لایەنانەی كە پێكەوە كابینەی حكومییان پێكهێناوە)، سودانی باسی لەو بارودۆخە كردووە كە بۆچی نرخی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان 16 دۆلارەو وتویەتی:" ئەمە كەمترین نرخە، لەبەرئەوەی ناوچەی كوردستان و گرێبەستەكانیان جیاوازن".
"لە كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا سودانی زەمینەیەكی دروستكردو هیچ هێزێكی سیاسی دژی نەبوون، تا لەناو پەرلەمان دژایەتی بكرێت" شاخەوان عەبدوڵا وا دەڵێ.
هەمواری مادەی ١٢/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی كە تایبەتە بە دەستكاریكردنی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوەو ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر كرد.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی:" ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموارەكە دەكرێت و رۆژی پێنج شەممە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكەین، لە هەفتەی داهاتوودا هەوڵدەدەین دەنگی لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمە تاكە بەربەستە كە تائێستا لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمدا ماوەتەوە".
هەمواری مادەی ١٢/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، كە تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
ئەم هەموارە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، سەرباریی دڵنیاییەكەی شاخەوان عەبدوڵا، پێشبینی دەكرێت هەموارەكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی شیعە ببێتەوە.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.
لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.