Draw Media

وڵاتە دەوڵەمەندەكان پارەكەیان بۆ 300 ملیار دۆلار زیادكرد؛ بودجەی كەشوهەوا ناكۆكی دروستكردووە

وڵاتە دەوڵەمەندەكان پارەكەیان بۆ 300 ملیار دۆلار زیادكرد؛ بودجەی كەشوهەوا ناكۆكی دروستكردووە

2024-11-23 11:07:35


(درەو): 
بودجەی ساڵانەی گۆڕانی كەشوهەوا لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندو وڵاتە تازەپێگەیشتووەكان ناكۆكی لەسەرە، پێشنیازی 250 ملیاری ساڵانە كرا، رەتكرایەوە، ئێستا وڵاتە دەوڵەمەندەكان (ئەمریكاو یەكێتیی ئەوروپا) رەزامەندییان نیشانداوە پارەكە بۆ (300 ملیار) دۆلار بەرزبكەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەكانەوە ئاشكرایكرد، لە لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا (كوپ 29)، یەكێتیی ئەوروپاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتە دەوڵەمەندەكانی تر  رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر ئەوەی ئاستی پارەداركردنی جیهانی خۆیان لە بواری كەشوهەوا ساڵانە بۆ بڕی (300 ملیار) دینار بەرزبكەنەوە، تاوەكو ساڵی 2035 .
بڕیاربوو لوتكەی (كوپ 29) دوێنێ كۆتایی بێت، بەڵام كاتەكە درێژكرایەوە، بۆ ئەوەی هەوڵی دانوستانكاران لە نزیكەی 200 وڵاتی جیهان بگەنە رێككەوتن لەسەر پلانێك بۆ پارەداركردنی پرۆژەی جیهانی كەشوهەوا لە دەیەی ئایندەدا.
ئەم گۆڕانكارییە لە هەڵوێستەكاندا دوای ئەوە هات، دوێنێ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان ئەو پێشنیازەیان رەتكردەوە كە (ئازەربایجان) وەكو وڵاتی میوانداریكەری لوتكەكە ئامادەی كردبوو، رێككەوتنەكە داوای دەكرد ئاستی پارەداركردن بڕی (250 ملیار) دۆلار بێت، بەڵام وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ئەم بڕە پارەیان رەتكردەوەو بە بڕێكی زۆر (كەم) ناویانبرد. 
هێشتا دیارنییە ئایا وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە كۆنگرەی (كۆپ 29) لە هەڵوێستە نوێیەكەی وڵاتانی دەوڵەمەند ئاگاداركراونەتەوە یاخود نا، هەروەك روونیش نییە ئایا بەرزكردنەوەی بڕی پارەكە بۆ (300 ملیار) دۆلار بەسە بۆ ئەوەی پاڵپشتی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەدەستبهێنن؟
(رۆیتەرز) لەزاری پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆ داخراوەكانەوە باسلەوە دەكات، یەكێتیی ئەوروپا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی بڕی پارەكە زیاد بكرێت، دواتریش هەریەكە لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیا رەزامەندبوون. 
وەفدە بەشدارەكانی (كوپ 29) لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان ئێستا چاوەڕوانی رەشنوسی نوێی رێككەوتنی جیهانی دەكەن لەبارەی پارەداركردنی پرۆژەی كەشوهەوا، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ شەو دانوستانكارەكان بەردەوامییان دا بە گفتوگۆكانیان. 
گفتوگۆكانی (كوپ 29)، ئەو دابەشبوونەی دەرخست كە لەنێوان ئەو حكومەتانەدا هەیە كە دەوڵەمەندن و بە توندی پابەندن بە یاسای بودجەی خۆیانەوە لە ناوخۆی وڵات لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتە تازەپێگەیشتووانەدا كە بەهۆی گەردەلول و زریان و وشكەساڵییەوە زیانی گەورەیان بەركەوتووە، ئەمانەش ئەو دیاردە سروشتییانەن كە لەبەرەنجامی گۆڕانی كەشوهەواوە روودەدەن. 
ئامانجە نوێیەکە بە مەبەستی جێگرتنەوەی بەڵێنەکانی پێشووی وڵاتانی پێشکەوتووە بۆ دابینکردنی دارایی کەشوهەوا بە بەهای 100 ملیار دۆلار ساڵانە بۆ وڵاتانی هەژار تاوەكو ساڵی 2020. بەڵام ئامانجەکە لە ساڵی 2022 دوو ساڵ دوای وادەی خۆی بەدیهات و لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand