زۆرینەی ڕەها بۆ هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم
2024-11-06 18:03:09
سلێمان مستەفا حەسەن
نەبونی دەستور لە هەرێمی كوردستان کەلێنێکی گەورەی دروستکردوە، هەستکردن بەو کەلێن و بۆشاییانە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بەدەر دەکەون و زەرورەتی پەسندکردنی دەستور خێراتر دەکەن، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەموان چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی تانەکانن لەلایەن دەستەی داوەری هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی بانگێهشتی یەکەم کۆبونەوە دەربکات و لەماوەی (١٠) رۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان پەرلەمانتارانی خولی شەشەم سوێندی یاسایی بخۆن، تا ئێرە پرسەکە ئاساییە بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی بەدەرکەوت و ژمارەکان دیارو بەرچاون، پرسیاری گرنگ ئەوەیە لەناو یاسا پەیوەندیدارەکان چۆن پرسی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی کراوەتەوە، کام فراکسیۆن رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان:
لەماددەی (٤٧) ییاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراوی ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢دا، هاتوە لە یەکەم دانیشتن لەماوەی دە رۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان دا دەبەسترێت، لەماددەی (٤٨)ی هەمان یاسادا هاتوە پەرلەمان لەدانیشتنی یەکەمیدا سەرۆک و جێگر و سکرتێری بە زۆرینەی دەنگی موتڵەقی ئەندامانی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش بەو مانایەدێت کە نیوە کۆ یەکی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان واتە (٥١) دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە، بۆ لێسەندنەوەی متمانەش بەپێی دەقی بڕگەی دوەمی ماددەی (١٥) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەسەر پێشنیاری یەک لەسەر سێی ئەندامان و رەزامەندی دو لەسەر سێی دەنگی ئەندامان متمانە لە دەستەی سەرۆکایەتی دەسەنرێتەوە، لەبڕگەی چوارەمی ماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمورکراودا هاتوە لەم حاڵەتانە خوارەوە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە:
١/ ئەگەر نیوەی ئەندامانی دەستیان لەکار کێشایەوە.
٢/ ئەگەر لەماوەی (٤٥) رۆژدا لە بانگهشتکردنی بۆ کۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان بەدەست نەهات.
٣/ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران، لە سێ پێکهاتەی وەزاری جیاوازی یەک لە دوای یەک نەدا.
٤/ ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕا، خولی شەسەمی هەڵبژاردنێش (٦)مانگ یان کەمتری مابو.
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نۆرەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت، بەپێی یاسا ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستور، لەبڕگەی یەکەمی ماددەی (٢) پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێم هەڵدبژێرێت، وە بەپێی ماددەی (٤) خاڵی یەکەمی بڕگەی یەکەم، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەماوەی (٣٠) رۆژ رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەست پێدەکات، وەک لە خاڵی پێنجەمی بڕگەی یەکەمی هەمان یاسادا هاتوە: (سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکراو بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی (٣) رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکانی هەڵدەبژێرتدرێت، واتە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیویستی بە نیوە کۆ یەکی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بەپیی بڕگەی (٣) ماددەی (١٦) لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو بۆ لێسنەندنەوەی متمانە لەسەرۆک پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە.
هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:
بەپێی بڕگەی (٣) ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوی ساڵی ١٩٩٢، دەستنێشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، وە بەپێی بڕگەی چوارەم، پێدانی متمانە بە سەرۆکی ئەنجومەن و کابینەکەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانە، وە دوای ناونانی لە لایەن پەرلەمان، بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، (پاش ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکێننانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات). پێدانی ناونان و راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و متمانە پێدانی، لە لایەن پەرلەمان کوردستان و سەرۆکی هەرێم رون و ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، دو پرسی گرنگ باسیان لێوە نەکراوە، یەکەم، کام فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری؟ دوەم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کابینەکەی پێویستیان بەچەند دەنگە بۆ بەدەستهێنانی متمانە؟ ئایا بەزۆرینەی رەهایە واتە نیوە کۆیەک، یان بە دولەسەر سێی دەنگە یان زۆرینەی ئاسایی؟ گەر دیقەت بدەین پەرلەمانی کوردستان لە پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆیی ساڵی (٢٠١٨)ی بۆ لێسندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران، وەک لە بڕگەی چوارەم لە ماددەی (٧٤)ی پەیڕەوی ناوخۆیدا هاتوە، سەرۆک وەزیران بە دەنگی دو لەسەر سێ بە متمانەلێسنەدراو هەژمار دەكرێت، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئایا پەیڕەوی ناوخۆ لە چوارچێوەکەی دەرچوە؟ ئایا دەکرێت حوکمی ئەم بڕگەیش بکەین پێوەر بۆ متمانەدان بە سەرۆک وەزیران و کابینەکەی.
پرسیاری هەموان، ئایا هەڵبژاردنی هەرسێ سەرۆکایەتی دەکرێتە یەک پاکێج لەنێوان فراکسیۆنەکان؟ ئایا کام فراکسیۆن رادەسپێردرێت؟ بنەمای بڕگەی یەکەمی ماددەی ( ٧٦) دەستور دەکرێتە پێوەر، یان ڕاڤەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ئەم بڕگەیە، پرسیارێکی تر ئایا متمانەدان بە سەرۆک وەزیران بە زۆرینە تێدەپەرێندرێت یان بەدەنگی دو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی یان پەنادەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ ساغکردنەوەی ئەم پرسە، یان بەپێی عورفی ساڵانی پێشو کە متمانە دراوە بە سەرۆک و کابینەی وەزارییەکەی بەزۆرینەی ڕەها.
خاڵێکی باڵکێش لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە جێگای سەرنج بو، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ٩ جار هەموار کراوە، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دو جار هەموار کراوەو دو یاسای تری پەیوەندیداریشی بۆ دەرچوێندراوە بەناوی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩و یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠١٨ و یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧، سەرەڕای ئەوەش دژیەکی لەنێوان ماددەو بڕگەیاساییەکان بەدیدەکرێت، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەرکی سەرەکی ئەم خولە نوسینەوەی دەستورو پێداچونەوەیە بە زۆربەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بەراورد لەگەڵ عێراقدا پرسی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتی لە دەستوری هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ ساغ کراوەتەوەو بۆ یاسا تایبەتمەندەکان جێنەهێڵراوە، پرسی متمانەدان و لێسەندنەوەی متمانە بە (سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت) لە ماددەی (٥٥، ٧٠، ٦١،٦٤،٧٦) جێگای کراوەتەوە.