"خوازیارین هەمواری ماددەی 12ی بودجە، كێشەی نەوت چارەسەر بكات"
2024-11-06 14:51:23
(درەو):
لە یەكەم كاردانەوەدا لەبەرامبەر بڕیاری حكومەتی فیدراڵ بۆ هەمواری یاسای بودجەو دابینكردنی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی كوردستان تا ئەوكاتەی ناكۆكییەكان لەسەر نرخی بەرهەمهێنان یەكلادەبێتەوە، حكومەتی هەرێم پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات و هیوای خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نیشان دەدات.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی هەبوو، لەدوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی حكومەت بوو. یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم كۆبوونەوەیە، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پێشنیازی دوێنێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە (هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجە) تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری بۆ بەندەری (جەیهان)ی توركیا، كە لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس راوەستاوە.
راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێ:" ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و شاندی دانوستانکار خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتکردەوە کە دەبێ هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمو دەست پێ بکاتەوە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و تەنانەت کۆمپانیا نەوتیەکانیشە".
راگەیەندراوەكە باسی لەوەكردووە" ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هیواخوازە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەو هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستان، هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێتەوە، کە بێگومان ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا".
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێكی بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە 13ی ساڵی 2023 پەسەند کرد، بەپێی ئەم هەموارە وەكو (نەرمین مەعروف) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەچوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی 16 دۆلار خەرجدەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم کە بڕەکەی لە یاسای بودجە بە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە، بەمەرجێک لەلایەن کۆمپانیای (سۆمۆ)ەوە هەناردەبکرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت پشتبەست بە بڕگەکانی (أ) و (ب)ی مادەی 12ی یاسای بودجە..
"هەربەپێی هەموارەکە بڕی ئەو 16 دۆلارە بۆ تێچووی بەرمیلێک وەک پێشینە ئەژمار دەکرێت لە سەرەتادا تا ئەوکاتەی لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە (کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستنیشان دەکرێت) خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بە جیا دەکات لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە بەرکاربوونی هەمواری یاساکە..
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بریتی بوو لە بابەتی (تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم)، لە یاسای بودجە بە تێکڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێم بڕی 6 دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکرا بوو، ئەمە ناڕەزایەتی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی لێكەوتەوە، بەوپێیەی وەكو ئەوان باسیان دەكرد" جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوان سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و عێراق و سروشتی گرێبەستەكانی هەردوولا، كە زۆرینەی گرێبەستەكانی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارین و ئەوانەی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیكردنن".
بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، یەكێك لە دیارترین كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد چارەسەر دەبێت، كە ئەمەش دواجار كاریگەریی لەسەر پشكی هەرێم دەبێت لە بودجەی گشتیی عێراق، چونكە بەپێی یاسای بودجە، حكومەتی هەرێم قایل بووە بەوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕخستنی عێراق "سۆمۆ" بكات بەمەبەستی فرۆشتنی بە نرخی جیهانی، هەروەها داهاتی نەوتیش راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق.