Draw Media

عێراق بڕی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم خەرجدەکات

عێراق بڕی ١٦ دۆلار بۆ  هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم خەرجدەکات

2024-11-06 08:53:55



(درەو):

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا  بڕی ١٦ دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێمی كوردستان خەرجبكرێت .
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:
🔹 ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (١٢/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٣ پەسەند کرد..
بەپێی ئەم هەموارە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی ١٦ دۆلار خەرجدەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم کە بڕەکەی لە یاسای بودجە بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە بەمەرجێک لەلایەن کۆمپانیای (سۆمۆ)ەوە هەناردەبکرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت پشتبەست بە بڕگەکانی (أ) و (ب)ی مادەی ١٢ی یاسای بودجە..
هەربەپێی هەموارەکە بڕی ئەو ١٦ دۆلارە بۆ تێچووی بەرمیلێک وەک پێشینە ئەژمار دەکرێت لە سەرەتادا تا ئەوکاتەی لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە ( کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستنیشاندەکرێت) خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بە جیا دەکات لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە بەرکاربوونی هەمواری یاساکە..
شایەنی باسە بەدوای بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ و دەرچوونی یاسای بودجەی سێ ساڵە یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لە ماوەی رابروود تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بوو کە لەیاسای بودجە بە تێکڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێم بە ٦ دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکراوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و عێراق جگە لە جیاوازی نیوان گرێبەستە نەوتییەکانی هەردوولا..
ئەگەرچی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە نزیکەی سالێک و حەوت مانگە زیانی دارایی زۆری گەیاندووە بە ئابوری هەرێم و عێراق، بەلام لە ئێستادا ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ تەشریع دەکرێت پشتبەست بە مادەی ١١٢ی دەستور..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand