Draw Media

یەكێتیی لە بەغداد سكاڵای دژی (هەژماری من) تۆماركرد

یەكێتیی لە بەغداد سكاڵای دژی (هەژماری من) تۆماركرد

2024-10-31 11:42:02


(درەو): 

یەكێتیی بە فەرمی لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغداد سكاڵای دژی پرۆژەی (هەژماری من) تۆماركرد، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق بە پشتیوانی (نەوەی نوێ+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ) بە نوسراوێك داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات بۆ "تەوتینی موچە".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگای  لێکۆڵینەوەی (کەرخ) لە بەغداد، سکاڵای لەسەر (هەژماری من)و رێگریكردن لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ "تەوتینی" موچە تۆماركرد. 
هاوكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، فراكسیۆنی یەكێتیی سەركردایەتی هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ئیمزا دەكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری "تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم". لە نوسراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتییدا كە سەرۆكی هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ+ یەكگرتووی ئیسلامی+ كۆمەڵی دادگەریی) ئیمزیان لەسەر كردووە، داوای ئەوە لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كراوە قسە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و دادگای باڵای فیدراڵی بكات بۆ جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری 224و یەكخراوەكەی 269/فیدراڵی/ 2024 سەبارەت بە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێ بكرێت، بەوپێیەی بریارەكە روونەو بە راشكاوی دەڵێ" تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێت".
بەگوێرەی قسەی كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری یەكێتیی "تائێستا 115 پەرلەمانتارو سەرۆكی 10 فراكسیۆن ئیمزایان لەسەر ئەم نوسراوە كردووە".
یەكێك لەو بابەتانەی كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی بۆ بردو وروژاندی، پرسی (هەژماری من)و بابەتی (تەوتینی موچە) بوو. 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق 21ی شوباتی ئەمساڵ لەسەر سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێم، بڕیاریدا حكومەتی فیدراڵی عێراق بەشێوەی راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات، ئەمەش لەرێگەی تەوتینكردنی موچەوە لە بانكە فیدراڵییەكان، ئەمەش بەمەبەستی دورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. 
دادگا لەكاتێكدا ئەم بڕیارەی دەركرد كە پێشتر حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پرۆژەیەكی بۆ بە بانكیكردنی موچەی موچەخۆران دەستپێكردبوو بە ناوی پرۆژەی (هەژماری من). 
بافڵ تاڵەبانی كە حزبەكەی یەكێك لە بەشدارە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەوەو ئێستا خۆی بۆ دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئامادە دەكات، دەڵێ بڕیاری دروستكردنی (هەژماری من) لە ئەنجومەنی وەزیران نەخراوەتە دەنگدانەوە، بۆیە ئەوان كار بەو پرۆژەیە ناكەن و داوا لە خەڵك دەكەن "تەوتینی" موچە بكەن. 
جیاوازی تەوتین لەگەڵ (هەژماری من) ئەوەیە، لە تەوتیندا حكومەتی فیدراڵ بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن بانكەكانی خۆیەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین دەكات، بەڵام لە پرۆژەی (هەژماری من)دا حكومەتی عێراق بەراستەوخۆ موچە دابین ناكات، خەرجی موچەی هەرێم رەوانەی حكومەتی هەرێم دەكات و حكومەتی هەرێمیش موچەی هەر فەرمانبەرێك دەخاتە سەر حسابەكەی لە بانكە بەشدارەكانی ناو پرۆژەی (هەژماری من). 
بەر لە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كرد، دوای گەڕانەوەی لەم سەردانە، میدیاكانی پارتی نوسراوێكی روونكردنەوەی دادگای فیدراڵی عێراقیان بڵاوكردەوە كە تێیدا باسلەوە دەكات پرۆژەی (هەژماری من)یش هەر تەوتینی موچەیە، بەڵام دادگای لای خۆیەوە روونكردنەوەكەی بڵاونەكردەوەو رەتیشی نەكردەوە. 
پارتی و یەكێتیی و لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن لە ساڵی ئایندەدا، ئەمە وایكردووە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە هەرێم هێندە قورس بن كە هەندێك كەس پێشبینی ئەوە بكەن پێكهێنانی كابینەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكەی عێراقەوە، پرۆسەی تەوتین و هەماری من كەوتونەتە ناو گێژاوی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە هەرێم و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. 
دەقی نوسراوەكەی پەرلەمانی عێراق

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand