دوای هەڵبژاردن؛ كورسییەكان چۆن دابەشدەكرێن؟
2024-10-19 10:14:28
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لە كۆی 100 كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان 30 كورسییان لەلایەن ژنانەوە پڕدەكرێتەوە، (بەهای كورسی) بنەڕەتی دابەشبوونی كورسییەكانە بەسەر لیستەكاندا، بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەك، تەنیا دەنگی كورسییە گشتییەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، كاندیدەكان بەگوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستەكانیان لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە، ناویان ریزبەند دەكرێت لە زۆرترینەوە بۆ كەمترین دەنگ و بەمشێوەیە كورسییەكان پڕ دەكەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسی پەرلەمان چۆڵ بوو، لە لیستی كراوەدا دەدرێت بە كاندیدێك لە هەمان قەوارەی سیاسی كە كورسییەكەی چۆڵ بووە، بەڵام ئەگەر كاندیدی تاكەكەسیی كورسییەكەی چۆڵ بوو دەكرێت كورسییەكەی بدرێت بە كاندیدی لیستی كراوەكان (واتا كاندیدی حزبەكان). وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەر لیستە براوەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانیان لەم راپۆرتەدا.
ئەمە جێبەجێ دەكرێت
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سیستەمی (دابەشكردن و جێگۆڕكێی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- ژمارە 9ی ساڵی 2024)ی دەركردووە. ئەم سیستەمە رۆژی 9ی ئەیلولی ئەمساڵ پەسەندكراوەو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ هەڵبژاردنی سبەینێ (20ی ئۆكتۆبەر)ی (خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان) كار بەم سیستەمە دەكرێت.
دابەشبوونی كورسییەكان
لەم سیستەمە نوێیەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرلەنوێ كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان (100 كورسی) دابەشكردووەتەوە، بەمشێوەیە:
• كورسی گشتیی: 95 كورسی
• كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەكان: 5 كورسی بەمشێوەیە دابەشبووە:
- (3 ) كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی
- (2) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان
دابەشبوونی كورسیی گشتیی و پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە:
ژن لە پەرلەمانی داهاتوودا
بەگوێرەی خشتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، دەبێت لانی كەم (30) كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، بەمشێوەیە:
• لەكۆی 34 كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەولێر، دەبێت لانی كەم (10) كورسییان بۆ ژنان بڕوات.
• لەكۆی (38) كورسی بازنەی سلێمانی، دەبێت لانی كەم (11) كورسی بۆ ژنان بڕوات.
• لە كۆی (25) كورسی بازنەی دهۆك، دەبێت لانی كەم (8) كورسی بۆ ژنان بڕوات.
• لەكۆی (3) كورسی بازنەی هەڵەبجە، دەبێت لانی كەم (1) كورسی بۆ ژنان بڕوات.
كورسییەكان چۆن حساب دەكرێن ؟
بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت:
• كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن، كە ركابەرێتی تێدا دەكەن.
• رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم.
• تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، بەمەبەستی دەرهێنانی بەهای هەر كورسییەك.
• كورسییەكان لە هەر بازنەیەك دابەشدەكرێن بەسەر لیستەكاندا، لەرێگەی دابەشكردنی كۆی گشتی دەنگی هەر لیستێك بەسەر بەهای هەر كورسییەكدا لەو بازنەیە.
• ئەگەر لیستێك ئەوەندە كورسی بەدەستهێنا كە هاوتای ژمارەی كاندیدەكانی بوو، ئەوا وەكو لیستی براوە ئەژمار دەكرێت و هیچ پرۆسەیەكی تری دابەشكردنی كورسییەكان نایگرێتەوە.
• دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن.
• ئەگەر كورسییەكی بەتاڵ یاخود زیاتر مایەوەو دوو لیست یان زیاتر لە ژمارەی دەنگی ماوە-دا یەكسان بوون، ئەوكاتە كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ دیاریكردنی بۆ دیاریكردنی ئەو لیستەی كە كورسییە بەتاڵەكە دەبات، ئەمەش بە ئامادەبوونی لیستەكان خۆیان یان ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەكەن.
ئەمانە ئەو هەنگاوانە بوون كە كۆمسیۆن دیاریكردوون بۆ چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسی هەر لایەنێك لە چوارچێوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە، لە دیاریكردنی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەكدا، تەنیا دەنگە (دروست)ەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگە (پوچەڵ)ەكان، سەرباری ئەمە بۆ دیاریكردنی بەهای كورسی بازنەكان تەنیا ئەو دەنگە دروستانە ئەژمار دەكرێت كە بۆ كورسییە گشتییەكان رۆیشتوون، واتا دەنگی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی پشتی پێ نابەسترێت.
نمونەیەك
بەكورتی هاوكێشەی دەرهێنانی دەنگی لیستەكان دوای هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەك بەمشێوەیە دەبێت:
تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكان (جگە لە دەنگی كورسی كۆتای پێكهاتەكان) ÷ ژمارەی كورسی گشتی لە بازنەی هەڵبژاردن= بەهای كورسی
بۆ نمونە ئەگەر تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بە (370 هەزار) دەنگ ئەژمار بكرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە دابەشدەكرێت بەسەر 36 كورسیدا كە ژمارەی كورسییە گشتییەكانە لەسنوری ئەم بازنەیە، بەمەش ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت:
370000 ÷ 36 = 10277 واتا بە گریمانەكراوی بەهای هەر كورسییەك لە بازنەی سلێمانی (10 هەزارو 277) دەنگ دەبێت
دوای دەرهێنانی بەهای كورسی، ئەوكاتە دەست بە پرۆسەی دیاریكردنی ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لە بازنەكان دەكرێت.
ئەگەر بەهەمان شێوە بازنەی سلێمانی وەكو نمونە وەربگرین، لەدواین هەڵبژاردندا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021، یەكێتیی نیشتمانی لە سنوری بازنەی (118 هەزارو 586) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەك لەم بازنەیە بەشێوەی پێشبینیكردن بە (10 هەزارو 277) دەنگ دیاری بكەین، ئەوا هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت:
118586 دەنگی یەكێتیی ÷ 10277 بەهای كورسی لە بازنەی سلێمانی = 11 كورسی، لەپاڵ ئەمەدا یەكێتیی ژمارەیەك دەنگی دەمێنێتەوە كە دەبێت بە (دەنگی ماوە)و دەچێتە ركابەریكردن بۆ بردنی كورسییە بەتاڵەكانی ئەم بازنەیە دوای دابەشكاریی بەپێی بەهای كورسی.
تێبینی: یەكێتیی لەدواین هەڵبژارندا براوەی یەكەم بووە لەم بازنەیە، بۆیە بە گریمانەیی ژمارەی دەنگەكانی لەدواین هەڵبژاردن وەرگیراوەو ئەنجامی هاوكێشەكە پێشبینی كردن نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی سیستەمی دابەشبوونی كورسییەكانە بەپێی ئەوەی كۆمسیۆن دایناوە تەنیا وەكو نمونەیەك.
كورسییەكان چۆن بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكرێت؟
چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدەكاندا، دابەشدەبێت بەسەر سێ بەشدا كە ئەمانەن:
• چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییە گشتییەكان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا
• چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی ژنان
• چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان
سیستەمەكەی كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا دابەشدەكات:
• ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە.
• بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا.
• ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە.
دابەشبوونی كورسی "كۆتا"ی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەگوێرەی سیستەمی كۆمسیۆن، بەم هەنگاوانە دەبێت:
• بەگوێرەی ئەم سیستەمە، لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، رێژەی 30%ی كورسییەكان بۆ ژنان زامن كراوە.
• ئەگەر لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆتای ژنان بەدی هاتبوو، پرۆسەی گۆڕین ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 30%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان).
• خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی براوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە:
- بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (3)دا.
- ئەگەر رێژەی 30%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی دەنگی لیستەكان لە كەمەوە بۆ زۆرو كاندیدی براوەی كورسی دووەمی ئەم لیستانە دەگۆڕدرێت بە ژنان.
- خۆ ئەگەر هەموو هەنگاوەكانی پێشتر ژمارەی دیاریكراوی كورسی ژنانی بەدی نەهێنا، ئەوا كورسی ژنان لەو لیستە كراوانە دیاری دەكرێت كە تەنیا یەك كورسییان بەدەستهێناوە، لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین بەگوێرەی دەنگی لیستەكە.
- ئەو ژنانەی كە بە دەنگی خۆیان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا لە لیستی كراوە یاخود تاكەكەسیی سەركەوتوون، لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراوی كۆتای ژنان ئەژمار دەكرێن.
- بەڵام كورسی كۆتای پێكهاتەكان سیستەمی كۆتای ژنان نایگرێتەوە.
كورسی كۆتای پێكهاتەكان چۆن دابەشدەكرێت؟
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان و كورسی كۆتای ژنان، سیستەمێكی تایبەتیشی بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دیاریكردووە.
لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی كوردستان، (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەی (مەسیحی و توركمان) دیاریكراوە، ئەم پێنج كورسییەك (2) كورسی بەر هەولێرو (2) كورسی بەر سلێمانی و (1) كورسی بەر دهۆك كەوتووە، بەمشێوەیە:
• هەولێر: 1 كورسی توركمان + 1 كورسی مەسیحی
• سلێمانی: 1 كورسی توركمان+ 1 كورسی مەسیحی
• دهۆك: 1 كورسی مەسیحی
كورسی "كۆتا"ی مەسیحی و توركمان لە بازنەكانی هەڵبژاردن، بەمشێوازە دابەشدەكرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت:
• ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكانن، كورسی گشتییان بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن).
• ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە.
• براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە.
• ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات.
كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (4) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان قەوارە زۆرترین دەنگی هێناوە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە (حزب یان رێكخراوی سیاسی).
• ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی لە لیستێكی كراوە (مەبەست لە لیستی حزب و هاوپەیمانێتییەكانە) یاخود تاكەكەسیی كە زۆرترین دەنگی ماوە-ی هەیە دوای جێبەجێكردنی دەقی ماددەی (3/یەكەم/و) لەسەری، جا ئیتر كورسی هێنابێت یاخود نا.
ماددەی 3/یەكەم/و كە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی بۆ كراوە دەڵێ:" دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن".
• ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەك چۆڵ بوو كە كورسی كۆتای پێكهاتەكان بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، لە هەمان پێكهاتە.
• ئەگەر كورسی كۆتای چۆڵ بوو هی ژنان بوو، مەرج نییە ئەو كەسەی دەخرێتە شوێنەكەی هەر دەبێت ژن بێت، مەگەر لەكاتێكدا چۆڵبوونەكە كاریگەریی لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیی ژن هەبێت.