Draw Media

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای دهۆک

2024-09-20 16:54:12



راپۆرتی: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران (354 هەزار و 101) دەنگی بەدەستهێنابوو.
🔹 یەکگرتووی ئیسلامی، بە پلەی دووەم دێت و (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی (43 هەزار و 525) دەنگ.
🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی (2018) (25 هەزار و 515) دەنگی هێنابوو.
🔹 نەوەی نوێ پلە چوارەمی گرتووە بە (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، بەڵام لە (12/5/2018) ژمارەی دەنگەکانی گەیشتبووە (18 هەزار و 52) دەنگ.
🔹 هەریەک لە کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکیانەبوو، بەڵام لە ساڵی (2018) گۆڕان (3 هەزار و 801) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو.

دووەم؛ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای دهۆک
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (261 هەزار و 543) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (66%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (20.5%).
-    هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (6.3%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی (4.9%)ی دەنگەکان.
-    کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (7 هەزار و 47) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (1.8%)ی دەنگەکان.
-    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و 911) دەنگ و ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە.

2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای دهۆک
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە (18/5/2018) لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە بووە بە (354 هەزار و 101) دەنگ.
-    یەکگرتووی لە پلەی دووەمدا بووەو (43 هەزار و 525) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پلە سێیەمی گرتبوو بە (25 هەزار و 664) دەنگ.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (25 هەزار و 515) دەنگ پلەی چوارەمی گرتبوو.
-    نەوەی نوێ بە پلەی پێنجەم هاتبوو، بە بەدەستهێنانی (18 هەزار و 52) دەنگ.
-    بزوتنەوەی گۆڕان بە (3 هەزار و 801) دەنگ بە پلەی شەشەم هاتبوو.
-    کۆمەڵی دادگەری تەنها (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو و پلەی حەوتەمی گرتبوو.
بۆ بەراوردی ژمارەی دەنگی لایەنەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە نێوان هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوانە خشتە و چارتەکان.
خشتە و چارتەکان


دووەم؛ پارێزگای دهۆک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بڕیارە ڕۆژی (20/10/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
بازنەی پارێزگای دهۆکە، کە (24 کورسی) گشتی  و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای دهۆک دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand