پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی

Draw Media

2024-09-17 20:10:25




راپۆرتی: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوە.
🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوە.
🔹 پارتی سێیەم بووەو (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
🔹 کۆمەڵ چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە.
🔹 بزوتنەوەی گۆڕان، پێنجەم بووەو (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە.
🔹 یەکگرتوو شەشەم بووەو (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە.

یەکەم؛ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان)
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون (بەبێ دەنگی لایەنەکانی لە پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەو چاتی ژمارە (1))دا هاتووە، بەجۆرێک؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانیان هەبوو) پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (32%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدایە بە (102 هەزار و 922) دەنگ و بە رێژەی (28%).
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدایەو (51 هەزار و 414) دەنگی هەیە بە رێژەی (14%).
-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدایەو (39 هەزار و 781) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (11%).
-    بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (4) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدایەو (17 هەزار و 846) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (5%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی شەشەمدایەو (15 هەزار و 852) دەنگی بەدەستهێناوە بە زۆرتر لە ڕێژەی (5%).
-    لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە (22 هەزار و 283) دەنگیان هەیە بە رێژەی (6%).
خشتەو چارتی (1)


دووەم؛ دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2018 و 2021) لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای سلێمانی
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێنابوو.
-    بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم هاتوەو (154 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێنابوو.
-    نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا بووەو (63 هەزار و 760) دەنگی بەدەستهێنابوو.
-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی چوارەمدا بووەو (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێنابوو.
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پلەی شەشەمدا بووەو (46 هەزار و 552) دەنگی بەدەستهێنابوو.
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها (30 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوەو لە پلەی حەوتەمدا بووە.

2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکان کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی یەکەمییان گرتووە و (141 هەزار و 660) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (36%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (106 هەزار و 318) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (27%).
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدا بووەو (54 هەزار و 891) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (14%).
-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (44 هەزار و 639) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی سەروو (11%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (22 هەزار و 876) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (6%).
-    لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو پلەی شەشەمیان گرتووە و (16 هەزار و 885) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (4%).
-    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پلەی حەوتەمی گرتووە و (2 هەزار و 749) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی کەمتر لە (1%).
تایبەت بە بەراوردی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی ڕابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2))
خشتەو چارتی (2)


سێیەم؛ پارێزگای سلێمانی لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای سلێمانییە، کە (36 کورسی) گشتی  و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand