نیویۆرك تایمز: حەماس لە بەغداد نوسینگەی كردووەتەوە

Draw Media

2024-09-16 09:03:49




درەو:
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (حەماس و حوسیەكان نوسینگەیان لە بەغداد كردووەتەوە، كە رەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی ئەو دوو گروپەیە لەگەڵ عێراق، لەكاتێكدا تاران كاردەكات لەسەر بونیادنانی هێزێكی هەرێمایەتی) كە لەلایەن  (Alissa J. Rubin) نوسراوە:
🔹هیچ لافیتەیەك لەسەر دەرگای بارەگای نوێی مەكتەبی سیاسی حەماس لە بەغداد هەڵنەواسراوە، شوێنەكەش لەژێر چاودێرییەكی توندایە، رێوشوێنێكی هاوشێوەش لە نوسینگە نوێیەكی حوسیەكان گیراوەتەبەر، كە مەودایەكی كورتیان لەنێواندایە بە ئۆتۆمبیل.  
🔹بەرپرسە حكومییەكانی عێراق لەسەرەتای ئەم هاوینەدا، بە بێدەنگی رێگەیان داوە بە دوو گروپە چەكدارە ، كە ئێران پشتیوانیان دەكات، بوونیان لەبەغداد هەبێت، دوای ساڵانێك لەسەردانیكردنی نوێنەرەكانیان.
🔹ئەم پێشهاتە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی عێراق بە ئاشكرا رەتیدەكەنەوە، سەرەڕای ئەوەی وێنەی ئەو گروپانە لە عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێنەوە.
🔹كردنەوەی ئەو نوسینگە نوێیانە، رەنگدانەوەی پەرەسەندنی رۆڵی عێراقە، لە جەنگی شاراوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان.  
🔹ماوەی زیاتر لە (20)ساڵ و لە دوای هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق و روخاندنی دیكتاتۆریەت، عێراق تێكۆشا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ئەمریكا.
🔹تەرازووەكە وردە وردە لە بەرژەوەندی ئێران كەوت بەلادا، تاران بەشێوەیەكی چڕ كاریكرد بۆ بەهێزكردنی هەموونی خۆی لەڕێی گروپەكانی هاوپەیمانی.
🔹ئەوەش بەشێكە لە هەوڵێكی گەورەتر كە تاران دەیدات بۆ بونیادنانی كوتلەیەكی هەرێمایەتی لە هێزە شیعیەكان، كە درێژدەبێتەوە بۆ لوبنان لەگەڵ حزبوڵا، تا دەگاتە یەمەن لەگەڵ حوسیەكان.
🔹لەم ساڵانەی دوایدا ئێران هانی حكومەتی عێراقیدا بۆ دەستەبەركردنی بەرگێكی شەرعی بۆ میلیشیا چەكدارەكان لەوڵات، كە هەندێكیان هاوپەیمانی ئێرانن، وێڕای گروپە چەكدارە سوننی و مەسیحی و ئێزدیەكان سەربەوان، لەڕێی ئەوە بكرێن بە بەشێك لە دەزگا ئەمنیەكانی عێراق.
🔹بەهۆی زیادبونی هەژموونی ئێران، سەركردەكانی عێراق رازیبوون كاتێك حوسیەكان و حەماس خواستی كردنەوەی نوسینگەیان هەبووە.
🔹هەندێك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەڵێن: خۆشحاڵ نین بە هاتنی میوانە تازەكانیان، بەڵام توانای ئەوەیان نیە رێگەیان لێبگرن، بەهۆی بەهێزی حزبە سیاسیەكانی نزیك لە ئێران.
🔹ئامانجی دانانی ئەو نوسینگانە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ بەهێزكردنی رایەڵەكانی پەیوەندییانە لە عێراق.
🔹كردنەوەی دوو نوسینگەی نوێ‌، یەكێكیان بۆ حەماس كە گروپێكی سوننەیە، نوسینگەیەكیش بۆ حوسیەكان، كە گروپێكی شیعەیە، رەنگدانەی ئاستی ئەو گۆڕانەیە كە بەسەر سیاسەتی عێراقدا هاتووە لە دوای سەدام حسێنەوە.
🔹حزبە شیعییەكان هەژموونیان بەسەر سیاسەتی عێراقی ئەمڕۆدا كردووە، كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە بە ئێرانەوە، ئەو گۆڕانكاریە دەرفەتی بەرەوپێشچوونی بۆ گروپانە رەخساندووە، لەگەڵ بەهێزكردنی ئەوەی ناسراوە بە بەرەی بەرهەڵستكاران، كە تۆڕی چەكداریی ئێرانە لەسەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، تەرخانكراوە بۆ روبەڕوبونەوەی هەژموونی ئەمریكاو ئیسرائیل لە ناوچەكە.  
🔹یەكێك لە مەترسیەكان بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گروپەكانی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق، كە رەنگە پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت ناوخۆی عێراق بۆردومان بكات، ئەوەش ببێتە هۆی شڵەژاندی زیاتری سەقامگیری ناوچەكە.
🔹لەهەمان كاتدا، ترسی ئەوەش لە گروپە چەكدارە عێراقیەكان هەیە، هاوكاری بەردەوامی گروپەكانی تری هاوپەیمانی ئێران بكەن و، هەماهەنگی بكەن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
🔹گروپە عێراقیەكان هاوشانی حوسیەكان رایانگەیاندووە، بەشێوەیەكی هاوبەش لەمانگی حوزەیراندا هەشت هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوەو مانگی تەمموزیش سێ‌ هێرش.
🔹حەماس نوسینگەكەی لە بەغداد لە گەڕەكی (عرصات) كردووەتەوە، كە گەڕەكێكی چینی مامناوەندەو تێكەڵەیەك لەخانونی دوو نهۆمی لەخۆدەگرێت، كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بونیادنراوە.
🔹كۆنتڕۆڵی بەشێكی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی كەتیبەكانی حزبوڵادایە، كە دیارترین گروپی چەكداری  شیعەی عێراق و هاوپەیمانی ئێرانەو نهێنی ترینیشانە.
🔹محەمەد حافی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حەماس بۆ پەیوەندییە عەرەبی و ئیسلامیەكان، نوێنەری حەماسە لە بەغداد، مانگی رابردوو لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، رەتیكردەوە قسەبكات و وتی: رێگەی قسەكردنم پێنەدراوە لەگەڵ میدیاكان.
🔹حافی، كە كەتیبەكانی حزبوڵا بەرپرسیارێتی رێوشوێنە ئەمنیەكانی لە ئەستۆ دەگرن، چاویكەوتووە بە ژمارەیەك لە گروپ و كەسایەتیە عێراقیەكان لە شیعەو سوننە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand