گفتوگۆی پێكهێنانی بەرەیەكی سێقۆڵی بۆ هەڵبژاردن دەدرێت
2024-07-13 06:39:04
درەو:
گفتوگۆی پێكهێنانی بەرەو هاوپەیمانێتیەك دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە نێوان ( بزووتنەوەی گۆڕان، بەرەی گەل، دەزگای ستاندار)، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات بە رازی بوون یان رەتكردنەوەی بەرەكە.
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە سەبارەت بە پرسی بەرەو هاوپەیمانێتیەك بۆ هەڵبژرادنی پەرلەمانی كوردستان.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازێكی بەرپرسانی دەزگای ستاندارد كە تایبەتە بە درووستكردنی بەرەیەك و هاوپەیمانێتیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەرپرسانی دەزگای ستاندارد ماوەیەكە لە گفتوگۆدان لەگەڵ حزبەكان بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی جەماوەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە ئێستادا گفتوگۆكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی گەل چڕكردووەتەوە.
سەرچاوەیەك لە دەزگای ستاندارد بە (درەو)ی راگەیاند بەرەی گەل رەزامەندی بۆ هەر بەرەو هاوپەیمانێتیەك نیشانداوەو ئامادەیە، لە ئێستادا چاوەڕێی بزووتنەوەی گۆڕانین كە رەزامەندی بدات لەسەر درووستكردنی بەرەكەو ئەوكات هاوپەیمانێتیەك پێكدەهێنین و كاندیدی هەموو لایەنەكان لە لیستەكانی هەڵبژاردندا دادەنێین.
بزووتنەوەی گۆڕان پێشتر بۆ وادەی 10ی حوزەیرانی هەڵبژاردنی پەرلەانی كوردستان لیستی لە بازنەكانی هەڵبژاردن پێشكەشكرد، چۆمان محەمەد سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە سلێمانی.
بەرەی گەل لە هەر چوار بازنەكەی هەرێمی كوردستان لیستی كاندیدەكانی پێشكەشكرد، لە سلێمانی لاهور شێخ جەنگی و لە هەولێر شادمان مەلا حەسەن و لە دهۆك زیكری زێباری سەرۆكی لیست بوون.
خۆ ئەگەر ئەم هاوپەیمانێتیە سەربگرێت ئەوا دەبێت جارێكی تر لیستی كاندیدەكانیان دابڕێژنەوەو لە هەر چوار بازنەكەی هەڵبژاردن كاندیدی هەرسێ لایەنەكە لە لیستەكاندا جێبكەنەوە.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 3,798,360
ئەوانەی خۆیان تۆماركردووە: 2,901,080 بەرێژەی 76%
ئەوانەی خۆیان تۆمارنەكردووە: 897,280 بەرێژەی 24%
🔹هەولێر: 1,366,462 كەس مافی دەنگدانی هەیە
🔹هەولێر: 1,016,357 كەس ناوخۆی خۆی تۆماركردووە بەرێژەی 74%
🔹سلێمانی+ هەڵەبجە: 1,496,152 كەس مافی دەنگدانی هەیە
🔹سلێمانی+ هەڵەبجە: 1,146,530 كە خۆی تۆماركردووە بەرێژەی 77%
🔹دهۆك: 926,746 كەس مافی دەنگدانیه یە
🔹دهۆك: 738,193 كەس خۆی تۆماركردووە بەرێژەی 80%