دامەزراندن لە ھێزە حزبییەکان و پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە

Draw Media

2024-07-08 11:50:49



ئیسلام زێباری- ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەندین یەکە و دامەزراوەیەک پێکدێت، لەوانە:
 -  وەزارەتی پێشمەرگە
-   یەکەی 70
-  یەکەی 80
-  زێرەڤانی
-  بەرگری فریاکەوتن
-  ھێزەکانی پشتیوانی یەک
-  ھێزەکانی پشتیوانی دوو
-  دژە تیرۆری پارتی
- دژە تیرۆری یەکێتی
-  لیوا تایبەتەکانی پارتی
-  لیوا تایبەتەکانی یەکێتی
-  ھێزی سۆسیالیست
- پێشمەرگەی ڕۆژ 

لە وەتەی پێکھێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێکخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەو زیادبوون دەڕوات تائێستا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەکی زۆر گەورە بەسەر بودجەی ھەرێمی کوردستان دروستکردووەو سرۆشتێکی سەربازی و ئەمنی بەسەر کۆمەڵگای  کوردستان بەخشیوە. 
ماوەی چەندین ساڵە، بەتایبەتی دوای یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەساڵی 2010، بانگەشەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەکە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوەدەچێت، ڕێگرییەکی زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەرو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نیگەرانن.
بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حەشدی شەعبی، بەش بەش کراوە بەسەر چەندین گروپ و لایەن و کەسایەتی. دەبێ دان بەو راستییە بنێین که ھیچ ھێزێک، بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نییە بەسەر ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەکانی پارتی و یەکێتیش، لهژێر دەسەڵاتی یەک چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەکێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبییەکانی خۆیاندا.
دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، پارتی و یەکێتی کەوتنە کێبرکێ بۆ ڕازیکردنی خەڵک لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەندو ڕاگەیاندکارو بەناو نوسەرو رۆشنبیرو شێخ و ئاغاو کورو کچ و کەسوکاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حکومەت دەرچوو، ئەوەش وایکرد نەیانتوانی سوپایەکی رێک و پێک و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوانیاندا.
سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ کوردستان، پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەڵکی کوردستان دەخاتە مەترسییەوەو پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەکی نادیار.
ئامانجی پارتی و یەکێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ کات بە گوێرەی پێویست و ئامانجێکی نیشتیمانی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕکێیەی پارتی و یەکێتی بۆ زیادکردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەکەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە کاتێکدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەڕێوەبەرایەتییەکە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاکەکان و خۆبەخشەکان) کە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی.
لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەکان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە چیە؟
ژمارەی پلەباڵاکانی ھێزەکانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەکانە. پۆڵ برێمەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریکا 500 - 800 پلەی سەربازی لەنێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پلەی عەمیدو لیواو فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریکا. قوباد تاڵەبانیش لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە کردو گوتی: پلەی عەمیدو لیوا لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە چین و ئەمریکا.
ھێزەکانی پێشمەرگە کەمترین موچەی ھێزە سەربازییەکانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێرو بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بکەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی کوردستان بکەن، پارتی و یەکێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێک شاندێکیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟
ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایکردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە ‏لە 7/1/2021، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ھێزێکی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ دروستبکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەکە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێک پێشکەش کردو گوتی "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگەو وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان، لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن."
بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەردەوامە.
ھێزەکانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵینەوە. یەکێک لەو هێزانە کە بەردەوام لە هەوڵی پێشکەوتندایە، "ھێزی حەشدی شەعبی"یە، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دروستبوونیان، توانیان چەندین جۆری چەک بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن که دیارترینیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گولەھاوەن و موشەکی مامناوەندو دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگەو ھاوکاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەکێکی کلاشینکۆف دروستبکەین یاخود بچوکترین کەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە کاتێکدا کەسانی شارەزاو دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاکانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێخراون و سود لە بەھرەکانیان وەرناگیرێت، چونکە فەرماندە باڵاکانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەکانی شەستدا دەسوڕێنەوهو تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیەو ئایندەی خاکەکەمان بەرەو چ مەترسییەک هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەکیان دەکڕی بۆ ھێزەکانی خۆیان تائێستا پارەی ھەندێک لەو چەک فرۆشانە نەدراوە. 
هەموومان به باشی دەزانین که چواردەوری کوردستان به دوژمنەوه تەنراوه، چەندین گروپی جۆراوجۆر دروستبوون که لە پاشەرۆژێکی نزیکدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی کوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێ ھاوکاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێک دێت ھاوکارییەکان کۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە کۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێکی رێکوپێک و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەکان بکەین بەڵکۆ دەبێت بیر بکەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەکی یەکگرتوو لەماوەیەکی کورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاکەکەمان بکەین.
لە کۆتاییدا، ئەگەر چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوکار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریکاو ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و بە میلیشیا قەڵەمییان دەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand