Draw Media

دانوستانی نه‌وت هاوكات له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنی داراییدا

دانوستانی نه‌وت هاوكات له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنی داراییدا

2024-06-09 12:30:24


راپۆرت: ده‌ره‌و
هاوكات له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنی دارایی مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌باره‌ی موچه‌و دارایی، دانوستان له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ستی پێكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی، به‌غداد پشكی هه‌رێم نانێرێت، چونكه‌ به‌پێی یاسای بوجه‌ی گشتیی، هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی پشكی خۆی وه‌ربگرێت ده‌بێت داهاتی نه‌وتیی و نانه‌وتیی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ بكات. دوو به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم هه‌یه‌، یه‌كێكیان نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌، كه‌ ده‌بێت كۆمپانیا بیانییه‌كان قایل بكرێن، ئه‌وی تر پرسی راده‌ستكردنی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وته‌، كه‌ هه‌م حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌میش كۆمپانیا بیانییه‌كان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن، به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دوو كێشه‌یه‌، هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ستپێناكاته‌وه‌، گرنگترین ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم له‌م راپۆرته‌دا. 

هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ گفتوگۆی ئه‌مجاره‌دا
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نه‌وت له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌ستپێكرد. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ گفتوگۆكردن و رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ رۆژی 25ی ئازاری 2023وه‌، به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌ راگیراوه‌. 
رۆژی 28ی ئایار، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ی سروشتییه‌كان و كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم كرد سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ڕێگای به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه، رۆژی 5ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راسپارد له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانییه‌كان بچنه‌ به‌غداد بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌ڵام جه‌ختی كرد هه‌ر رێككه‌وتنێك" پێویستە لەسەر بنەما دەستورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆو دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن".‌ 
سه‌ره‌تاكانی ساڵی رابردوو، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای حكومه‌تی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی پاریس، توركیای پابه‌ند كرد به‌وه‌ی بڕی نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قه‌ره‌بوو به‌ عێراق بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌پای ئه‌وه‌ی توركیا به‌بێ ره‌زامه‌ندی عێراق بۆری گواستنه‌وه‌ی هاوبه‌شی نه‌وتی به‌كارهێناوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م بڕیاره‌ توركیای ناچار كرد له‌ 25ی ئازاری 2023دا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ بۆرییه‌كه‌وه‌ رابگرێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌ سكایه‌كی تری بۆ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ به‌رزكردبووه‌وه‌.
به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ وایكرد، له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی 2023ی عێراقدا، حكومه‌تی هه‌رێم ملكه‌چ ببێت بۆ راده‌ستكردنی پرۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وت به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و راده‌ستكردنی داهاتی نه‌وت به‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ.

گرێبه‌سته‌كان وه‌كو مه‌رجی پێشوه‌خته‌!
له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریسه‌وه‌، ئیتر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نكه‌ره‌، بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌بری هه‌ولێر، روویان له‌ به‌غداد كرد، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2023وه‌ توركیا به‌ فه‌رمی لایه‌نی عێراقی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان، به‌ڵام وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌وكاته‌وه‌ تائێستا مه‌رجێكی سه‌ره‌كیی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش راده‌ستكردنی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان، به‌غداد ده‌یه‌وێت گرێبه‌سته‌كان به‌وشێوه‌یه‌ هه‌موار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ عێراق هه‌ن، گرێبه‌ستی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان زیاتر گرێبه‌ستی "هاوبه‌شی له‌ به‌رهه‌م"دا، حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت لایه‌نی كه‌م گرێبه‌سته‌كان بگۆڕێت بۆ "هاوبه‌شی له‌ قازانج"دا، كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ناڕازیبوون له‌ هه‌رجۆره‌ ده‌ستكاریكردنێكی گرێبه‌سته‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نایان بۆ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا برد، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتۆن له‌ نیسانی ئه‌مساڵدا. 
سه‌رباری داواكاریی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق سوربوو له‌سه‌ر بڕیاری خۆی بۆ ده‌ستكاریكردنی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان، وه‌زیری نه‌وت كه‌ هاوڕێیه‌تی سودانی ده‌كرد له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مریكادا، هه‌ر له‌ واشنتۆنه‌وه‌ نوسراوێكی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم كردو وه‌كو ئاڵنگارییه‌ك بۆ قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، داوای كرد گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی بۆ بنێرن، حكومه‌تی هه‌رێم ره‌تیكرده‌وه‌ گرێبه‌سته‌كان راده‌ست بكات، ئه‌مه‌ وایكرد فشاری كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له‌ واشنتۆنه‌وه‌ بێ سود بمێنێته‌وه‌، ئێستا كه‌ ئیتر كۆمپانیا بیانییه‌كان دڵنیابوون له‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وه‌ زیاتر نایه‌وێت ده‌ستوه‌ردانی قوڵ له‌ بابه‌ته‌كه‌دا بكات، ئه‌وانیش هه‌ندێك پاشه‌كێشیان كردووه‌و ده‌ستیانكردووه‌ به‌ نیشاندانی نه‌رمی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستكاریكردنی گرێبه‌سته‌كان. 
به‌پێی قسه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان كه‌ به‌ "ئه‌پیكور" ناسراوه‌و هه‌شت كۆمپانیای بیانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم له‌خۆده‌گرێت، تێكڕای سه‌رمایه‌گوزاری بیانی له‌ كه‌رتی نه‌وت  و غازی هه‌رێمدا بڕی (10 ملیار) دۆلاره‌، له‌م رێژه‌یه‌ بڕی (300 ملیۆن) دۆلاری سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌مریكایه‌.  
ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌، كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌چنه‌ ناو گفتوگۆو دانوستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، رۆژی 8ی تشرینی دووه‌می 2023، كۆمپانیا بیانییەكان لە (دوبە)ی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوە، ئه‌وكات داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردەوە، مەترسی خۆیان نیشاندا لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌، پێشنیازی ئەوەیان كرد پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن، مه‌به‌ست له‌ پشكی خۆیان، ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كانیان (گرێبه‌ستی هاوبه‌شی له‌ به‌رهه‌م) له‌ نه‌وتی كوردستان وه‌ریده‌گرن، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وكاتیش به‌ پێشنیازی كۆمپانیا بیانییه‌كان قایل نه‌بوو.
دادگای فیدراڵی عێراق ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022 به‌ بڕیارێك یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم بوو له‌بواری نه‌وتدا، بڕیاره‌كه‌ نه‌بووه‌ هۆی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام هه‌رزوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، نیسانی ئه‌مساڵ كاتێك ناكۆكییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد گه‌یشته‌ ترۆپكی خۆی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. حکومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستوری ٢٠٠٥ دەپارێزێت و یاسای ساڵی ٢٠٠٧ بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە" ئه‌مه‌ وه‌كو ئاڵنگارییه‌ك بوو بۆ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پشتی پێ ده‌به‌ستێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم.
كێشه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ره‌نگه‌ روو له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات، رۆژی 16ی تشرینی دووه‌می 2023 گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان هۆشداری دا بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هه‌رێم "ئەگەر دەستكاری گرێبەستەكان بكرێت، پەنا بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەبات".

نرخی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت.. كێشه‌یه‌كی تر
له‌پاڵ كێشه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان، به‌ربه‌ستێكی تری به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت بڕی (6) دۆلاری داناوه‌، به‌ڵام كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك داوای (22) دۆلار ده‌كه‌ن، بۆ كرێی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت، عێراق بڕی (دۆلارێك و 60 سه‌نت)ی داناوه‌، هه‌رێم بۆ هه‌ر به‌رمیلێك داوای (7 دۆلار) ده‌كات، بۆیه‌ ناكۆكییه‌كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ قوڵه‌.
به‌رله‌ سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێم و كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ به‌غداد، رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكانی هه‌رێم به‌ وه‌كاله‌ت، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زۆرە. هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاکان لە کەرتی نەوتی وەبەرهێنانیان کردووە. بەڵام عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات".
وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌رێم هۆشداریدا" کۆمپانیاکانی بە بڕە پارەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کردووە، پێویستە بەغدا ڕەچاوی ئەمە بکات".
رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌، په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیدا له‌سه‌ر خشته‌كانی بودجه‌ی ساڵی 2024، له‌م خشتانه‌دا بڕی (2 ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار) تەرخانکراوە بۆ دەرھێنانی نەوت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ گه‌شبینی دروستكردووه‌ كێشه‌‌ی نرخی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداد چاره‌سه‌ر بكات. 
سه‌باح سوبحی ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ: پێشتر عێراق بۆ تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلاری دانابوو، کۆمپانیاکانیش داوای ٢٢ دۆلاریان دەکرد، ئێستا لە بودجەی پەسەندکراودا کراوەتە ١٤ بۆ ١٥ دۆلار، کە رێژەیەکی باشە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت".
ناوه‌ڕاستی ئایاری رابردوو، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العراقیه‌) باسی له‌وه‌كرد" بۆ ساڵی 2024، یاسای بودجه‌  حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كردووه‌ به‌وه‌ی رۆژانه‌ 375 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت، له‌م بڕه‌ 46 هه‌زار به‌رمیلی بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی و به‌كارخستنی پاڵاوگه‌كانی هه‌رێم بێت و 329 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت وه‌كو كۆمپانیای رێگه‌پێدراوی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ عێراق".

نه‌وت و موچه‌
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ به‌مدواییه‌ له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و عێراقی فیدراڵدا كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتییدا، به‌تایبه‌تیش موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌، وه‌كو وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كه‌ناڵی (العراقیه‌)دا وتی:" ئه‌گه‌ر نه‌وتی خاوی هه‌رێم راده‌ست و هه‌نارده‌ نه‌كرێت، سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر راده‌ستكردنی پشكی هه‌رێم، هه‌رێم وه‌كو ئه‌وه‌ی داوای پشكی خۆی ده‌كات، با پشكی ئێمه‌ش بدات".
یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كردووه‌ به‌وه‌ی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ بكات، به‌بێ ئه‌مه‌ به‌غداد پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی نانێرێت.
به‌ڵام بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، به‌جۆرێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ كێشه‌ی نه‌وت جیاكرده‌وه‌، به‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ند كرد موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام به‌مه‌رجی ته‌وتیكردنی موچه‌ له‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كان، ناڕه‌زایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ته‌وتیكردنی موچه‌و پابه‌ندنه‌بوونی به‌ ده‌قی بڕیاری دادگا، وایكردووه‌ له‌لایه‌نی حكومه‌تی فیدراڵیشه‌وه سه‌رله‌نوێ پرسی راده‌ستكردنی داهاته‌ نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كان بكرێت به‌ مه‌رج بۆ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. 
له‌ناو ئه‌م دۆخه‌دا، سه‌رباری گه‌شبینییه‌كانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، هێشتا پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ناو تونێله‌ تاریكه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ده‌ربازی نه‌بووه‌. 

به‌ربه‌ست و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م نه‌وتی كوردستان
له‌دوای بڕیاری 15ی شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی عێراقه‌وه‌، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك ئاڵنگاریی بووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌: 
•    نه‌بوونی كه‌ڤه‌ری یاسایی بۆ پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان. به‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز به‌بڕیاری دادگای فیدراڵی، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری دادگای ره‌تكرده‌وه‌و دادگاكه‌ی به‌ ناده‌ستوری ناوبرد، به‌ڵام ئه‌مدواییه‌ به‌هۆی كێشه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ناچار بوو په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ببات، ئه‌مه‌ وه‌كو دانپێدانان بوو به‌ بڕیاره‌كانی ئه‌م دادگایه‌ له‌باره‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه. بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ یاساییه‌كانی نه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به‌ر له‌ هه‌ر شتێك كه‌ڤه‌ری یاسایی بۆ نه‌وته‌كه‌ی دروست بكاته‌وه‌، كه‌ڤه‌ره‌كه‌ش ره‌نگه‌ له‌ باشترین دۆخدا ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ بێت، دانوستانی هه‌ولێرو به‌غداد بۆ نوسینه‌وه‌و په‌سه‌ندكردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ كه‌ یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، شكستی هێنا، به‌م دۆخه‌وه‌ هه‌رێم كێشه‌ی یاسایی ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و غازی خۆی، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ پشتی پێ ببه‌ستێت، ته‌نیا ده‌ستوری عێراق ده‌بێت، ئه‌وه‌ش لێدانه‌وه‌ی جیاوازی له‌سه‌ره‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌م بواره‌دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان نه‌بوو. 
•    كێشه‌كانی به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی نه‌وت. حكومه‌تی عێراق كاتێك ده‌ستی به‌ گفتوگۆكردن كردووه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، كه‌  گرفتی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوكی چاره‌سه‌ر كردووه‌و به‌مدواییه‌ هێڵی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهانی ئاماده‌كردوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌نارده‌كردن، بۆیه‌ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك چاوه‌ڕوانی به‌گه‌ڕكه‌وتنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستان ناكات، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا بۆ دورمه‌ودا حكومه‌تی عێراق كار له‌سه‌ر دروستكردنی هێڵی بۆری نوێی نه‌وت و غاز ده‌كات له‌گه‌ڵ توركیا، له‌ پرۆژه‌ی "رێگای گه‌شه‌"دا بۆری هه‌نارده‌ی نه‌وت و غاز له‌ نه‌خشه‌كه‌دا جێگیركراوه‌.  
•    سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسای بودجه‌، چیتر داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌چێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ بانكی ناوه‌ندیی، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ناچاره‌ هه‌وڵ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت بدات، چونكه‌ یاسای بودجه‌ راده‌ستكردنی داهاتی نه‌وتی كردووه‌ به‌ مه‌رج بۆ خه‌رجكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ چاره‌سه‌رنه‌بوونی ئه‌م كێشه‌یه‌، ده‌كرێت له‌ هه‌ركاتێكدا گرفتی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، به‌تایبه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ به‌شێوه‌ی فه‌رمی و له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ ده‌ستپێ نه‌كاته‌وه‌، گومانه‌كان له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ زیاتر ده‌بن سه‌باره‌ت به‌ پرسی به‌قاچاخبردنی نه‌وتی كوردستان به‌ تانكه‌ر، ئه‌مه‌ش جارێكی تر ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌و بازاڕی جیهانی نه‌وت ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand