Draw Media

لیستی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان بە كۆد

لیستی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان بە كۆد

2024-06-07 18:22:58


درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان رازی بووە بە لیست ناوی هێزی سەربازی و پێشمەرگە بنێرێت بۆ بەغداد، بەڵام هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان بە كۆد دەنێرێت "دژەتیرۆر، پاراستن، زانیاری، ئاسایش، هەواڵگری" بەكۆد دەنێردرێت.
ماوەی نزیكەی (65)رۆژە هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتوون لەسەر ناردنی لیستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ بەغداد بەمەبەستی خەرجكردنی موچەی مانگەكانی نیسان و ئایاری هێزە ئەمنی و سەربازییەكان كە نزیكەی (350) ملیار دینارە، بۆیە شاندێكی چاودێری دارایی عێراق دێنە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێم ووردبینی لە لیستی هێ.ە ئەمنییەكاندا بكەن.
بە پێی نوسراوێكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە بۆ وەزارەتەكانی پێشمەرگەو ناوخۆی ناردووە، داوا دەكات بەمەبەستی ووردبینی، لیستی ناوەكانیان بدرێتە چاودێری دارایی هەرێم و بەغداد، لیستەكە بە دوو شێوە دەبێت:
لیست بەناو:
 هێزە سەربازییەكانی سەربە دیوانی وەزارەتەكانی پێشمەرگەو ناوخۆ، یەكەكانی (70 و 80)، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوت، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز.
لیستە بە كۆد:
 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، هێزەكانی ئاساییش، دژەتیرۆری یەكێتی، دژەتیرۆری پارتی، دەزگای زانیاری، ئاژانسی پاراستن، هەواڵگری پێشمەرگە.
كۆی موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجومەنی ئاساییش دەكاتە (350) ملیار دینار لە كاتێكدا ناوی بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی مەدەنی لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەو خانەنشینانی سەربازی لەگەڵ فەرمانبەرانی مەدەنی موچەیان وەرگرتووە، كە كۆی موچەكانیان نزیكەی (100) ملیار دینارە بەو پێیەش كۆی موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و ئەوانەی لە سلكی ئەمنی و سەربازیدا كاردەكەن (450) ملیار دینارەو دەكاتە (47%ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand