Draw Media

داتاکانی (HKN)؛ بۆ چارەکی یەکەمی 2024 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

داتاکانی (HKN)؛ بۆ چارەکی یەکەمی 2024 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

2024-06-04 19:33:30



درەو:

🔻 بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ؛
🔹 تێکڕای بەرهەمی گشتی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا (36 هەزار و 763)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا بەرهەمی کێڵگەکە (35 هەزار و 31)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتا ئاستی بەرهەم (هەزار و 732) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە رێژەی (5%) زیادی کردووە.
🔹 هەموو فرۆشتنێکی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (40.52) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە. هاوکات لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بە (66.28) دۆلار فرۆشرابوو، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت بە رێژەی (39%) نرخەکەی لەدەستداوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
🔹 داهاتی کۆمپانیای (HKN Energy) بۆ چارەکی یەکەمی 2024 بەڕێژەی (35.1%) کەمیکردووە بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2023.

کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)‌ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە.
پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی کاری تێدا دەکات، (18%)ی پشکەکانی کێڵگەکە کۆمپانیای) شاماران)ی کەنەدی لە کانوونی دووەمی 2021 ەوە لە (تۆتاڵ)ی فەرەنسی کریوەتەوە، بەم شێوەیەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ بووە خاوەن پشک. پشكی (20%)ی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستان.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی لە ساڵی 2007 لەلایەن (ڕۆس پیرۆت جونیۆر) دامەزراوە، کۆمپانیایەکی تایبەتی وزەی سەربەخۆیە و کاری گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەو لقی لە هەردوو شاری تەکساس و هەولێر هەیە.
دەرەنجامی کارەکانی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی لە چارەکی یەکەمی (2024) لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ
بەپێی نوێترین ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە (29ی ئایاری 2024) بۆ (چارەکی یەکەمی 2024) خستوویەتیەڕوو؛
1.    تێکڕای بەرهەمی گشتی  کێڵگەی نەوت سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا (36 هەزار و 763) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ناوبراو لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (35 هەزار و 31) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەم پێیەش تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار (هەزار و 732) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (4.9%) زیادی کردووە.
هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکە هەموو فرۆشتنێکی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (40.52) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە. واتا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە کەمتر لە نیوەی نرخ و بە رێژەی (51%) و (42.5) دۆلار کەمتر فرۆشراوە.
هاوکات لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بە (66.28) دۆلار فرۆشرابوو، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت رێژەی (39%) نرخەکەی لەدەستداوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
2.    بەهۆی فشاری لە داخستنی بۆریی نەوتی کوردستان-جەیهانی تورکی، کە لە کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا دروستبووە، داهاتی کۆمپانیای (HKN Energy) بۆ چارەکی یەکەمی 2024 بەڕێژەی (35.1%) کەمیکردووە بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2023. ئەو دابەزینەش ڕەنگدانەوەی زیادبوونی (4.9%) بەرهەمهێنان و دابەزینی (38.9%) نرخی نەوتە لە (66.28) دۆلارەوە لە چارەکی یەکەمی 2023 بۆ (40.52) دۆلار لە چارەکی یەکەمی 2024.
3.    هەر بە گوێرە ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، کۆمپانیای (HKN Energy) بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا. ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، ئامانجیان بەرهەمهێنانی نزیکەی (30 هەزار) بۆ (40 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە لە ماوەی ساڵی 2024دا.

 
پوختەی دەرەنجامی کارەکانی کۆمپانیای (HKN) لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

سەرچاوە؛
-    ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2024.
-    HKN ENERGY; Q1 2024 – Management Update, May 29, 2023
https://shorturl.at/UvLqe

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand