سەبارەت بە ئیمان و مرۆڤی ئیماندار

Draw Media

2024-05-26 12:00:46



 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


مرۆڤی ئیماندار شێوازێکە لە مرۆڤ کە باوەرێکی تایبەت بە خوداکەیەوە گرێیئەدات. ئیمانی دینیش، وەک ھەر جۆرەئیمانێکی دیکە، پەیوەنییەکی ناوەکیی تایبەتە لە نێوان کەسی ئیماندار و ئەو خودایەدا کە رووی تێئەکات و ئیمانیپێیەتی.

ئەم ئیمانەش، مەبەستم ئیمانی مرۆڤە بە خودا، پەیوەندیی بە ھیچ ئیجماعێکەوە نییە، نە ئیجماعی نەوە کۆنەکان و نە ئیجماعی ئەوانەی لە ئێستادا بەناوی دین و دیندارییەوە قسەدەکەن. ئیمانی تاکەکەس، ئیمانی ناوەکیی ئازادیی ئەو کەسەیە، شتێکە دەکەوێتە ئەودیوی باوەڕی زۆرینە یان بێباوەریی کەمینەوە. بابەتێکە پەیوەندییەکی پتەو و ھەمەلایەنی بۆ خودی ئیماندارەکەوە ھەیە، جگە لە خۆیشی، ھیچ کەسێکی دیکە خاوەن و ھەڵگر و پیادەکەری ئەو ئیمانە ناوەکیی و ئازادە نییە. بەم مانایە کەسی ئیماندار ئیمانەکەی لەناوەوەی خۆیدا دروستدەکات و ھەر لەوێشدا دەیپارێزێت و بەھێزیدەکات. بەمەشی ئاکاری سەرەکیی خۆی وەک کەسێکی ئیماندار دادەرێژێت، ئیمان دەبێتە تەکنیکی سەرەکیی خودسازیی و خۆدروستکردنی ئەو کەسە. ئیمان دۆخی ناوەکیی تاکەکەسێکە کە ھەر خۆی دەزانێت لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێدا دەوەستێت. ئیمانی تاکەکەسیی ھەر دیندارێک، بابەتی ھیچ جۆرە گفتوگۆ و راگۆڕکێیەکی گشتیی نییە. شتێک نییە ھیچ کەس و ھێز و لایەنەێک بتوانێت تەئمیمی بکات.

لە دونیای ئێمەدا، بە تایبەتی لەم چەند دەیەی دواییدا، پەیوەندیی ئیماندار بە خوداکەیەوە  لەوە کەوتوە پەیوەندییەکی ناوەکیی و تاکەکەسیی ئازادبێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ”دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی“ و ”سیاسیی“ ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی لەشکرێک لە چاوساغی دینیی و بازاڕی ھەقیقەتفرۆشانی دین. دەیان و سەدان بانگخواز دروستبوون، کە زۆرینەی ھەرەزۆریان پێیانوایە، یان لانیکەم خۆیان وا نمایشدەکەن، کە گوایە کلیلەکانی ئیمان و لەوێشەوە کلیلەکانی بەھەشتیان پێیە. نەک تەنھا دەزانن خودا چ بڕیارێک ئەدات و چۆنی ئەدات. بەڵکو سڵ لەوەش ناکەنەوە لەپشتی میکرۆفۆنی پێگەکانیان لە سۆشیال میدیادا، لە باتی خودا بڕیاربدەن و خەڵکان بۆ بەھەشت یان جەھەنەم، بنێرن. ئەوەی ئەم بانگخوازە تازانە ئەنجامیئەدەن سەندنەوەی ئیمانە لە ئیماندارن و خۆکردن بە چاوساغ و خواجە و ئاراستەکەری ئەو ئیمانە. قۆرخکردنی ئیمانە وەک موڵکیەتی تایبەت بە خۆیان وەک نوخبەیەک لە چاوساغی دینیی. ئەمەش مانای گۆڕینی ئیمان بە ”شت“ێک کە بکرێت لە دەرەوەڕا سەیریبکرێت و بڕیار لەسەر باشیی و خراپیی، ھەڵەبوون یان ھەڵەنەبوونی، بدرێت. وەکچۆن دوکاندارێک دەتوانێت مارکەی جیاوازیی کۆمپیوتەر و تەلەفیزیۆنەکان لەیەکتری جیابکاتەوە و بفرۆشێت، ئەوانیش بەھەمانشێوە ئەتوانن مارکەی جیاوازیی ئیمان لەیەکتری جیابکەنەوە و مارکە باشەکەیان بە کەسانی ئیماندار بفرۆشن.

لەم دوو دەیەی دواییدا بزاوتی دینیی لە وڵاتی ئێمەدا دروستبووە کە دین لە کێشەکانی دونیای ئەمڕۆکە و لە دۆخی مرۆڤی ئەم سەردەمە دادەبڕن. دینداریی دەگەرێننەوە ناو ئەو چوارچێوانەی سەدان ساڵ لەمەوبەر دروستکراون. بە زمان و عەقڵیەت و خەیاڵێکیش باس لە دین دەکەن و لە دینداریی تێدەگەن، کەسەر بەو رۆژگارە کۆن و تێپەڕانەیە. لەڕاستیدا ھیچ شتێکی ئەو ڕوانیانە سەر بەم سەردەم و رۆژگارە نییە، تەنھا لەوەدا نەبێت کە بازارێکی گەورەیان بۆ دین دروستکردوە و ھەرلایەنێک کاڵا دنییەکەی خۆی لەو بازاڕەدا دەفرۆشێت. ئیمان لێرەدا سەر بە تاکەکەس و دونیا رۆحیی و دەروەنییە ناوەکییەکەی نییە، بەڵکو کاڵایەکە چاوساغێکی دینیی پێمانی دەفرۆشێت. ئەوەی پێماندەڵێت ئیمانی راستەقینە چییە، خودی ئیماندرەکە خۆی نییە کە زۆرجار تەنانەت زمانە ئینسناییە تایبەتەکەی خۆیشی ناتوانێت ئیمانداربوونەکەی بەرجەستەبکات. ئەوەی دەستنیشانی ماھیەت و جەوھەری ئیمان دەکات، چاوساغێکی دینیە، زۆرجار لەبەردەم میکرۆفۆن و کامێراکاندا، بە ئیماندارن دەڵێت ئیمانی ڕاستەقینە چییە. باس لەو کتێبە کۆنانە دەکات کە سەدان ساڵ لەمەوبەر و لە جیھانێکدا تەواو جیاوازدا بۆ مرۆڤێک نووسراون سەر بەم سەردەم و ڕۆژگارە نییە.

 ئیمانی راستەقینە و ئازاد ئەو ئیمانەیە کە لەو چوارچێوە کۆنانەی دێتەدەرەوە و دەچێتە ناو ئەو ئاسۆیانەوە کە عەقڵ لە دونیای ئەمڕۆدا بۆ ڕوانین و تێگەیشتن دروستیکردون. ئیمانێکە لە دەرەوەی ئیجماع و پابەست بە ھێزی ناوەکیی و ئەزموونی رۆحیی تاکەکەس خۆیەوە. گەڕاندنەوەی کەسی ئیماندار بۆ عەقڵی خۆی و وێناکردنی پەیوەندییەکانی بە خوداکەیەوە وەک پەیوەندییەکی شەخسیی، ئەو ئاسۆ گەورەیە کە عەقڵ لە دونیای ئەمڕۆدا بۆ مرۆڤی ئیمانداری کردۆتەوە. بەڵام کردنەوەی ئەم ئاسۆیە لەگەڵ خواست و ویست و حەز و تەماحی بانگخواز و چاوساغە دنییەکانی ئەمڕۆکەدا ناگونجێت.  
بە شەخسییکردنی ئیمان، بەر لە ھەمووشتێک، مانای تەڵاقدان و بێئیشکردنی ئەو لەشکرە گەورەیە لە چاوساغانی دینە کە دروستبوون و بەناو لەشی کۆمەڵگاکەدا بڵاوبوونەتەوە. سەندنەوەی دەسەڵاتی دینییە لەو کەسانەی خۆیان بە نوێنەری دین و نوێنەری خودا دەزانن. ڕزگارکردنی خودی دین خۆشیەتی لە عەقڵ و تێگەیشتن و تەماحی چاوساغ و خواجە دینییەکان. کە زۆربەیان خاوەنی کەمترین زانیارین دەربارەی مرۆڤ و دونیای ئەمڕۆ، ئینجا دەربارەی ئەو ئاسۆ تازانەی کە مەعریفە و زانست لە دونیای ئەمڕۆدا بۆمرۆڤەکانیان کردۆتەوە، چ مرۆڤی ئیماندار و چ مرۆڤی بێئیمان.
ئیشی سەرەکیی ئەو لەشکرە لە بانگخواز و چاوساغی دینیی، ئەوەیە نەھێڵن ئیمانداران خۆیان ئەزموونی ئیمانداریی خۆیان بکەن، خۆیان ئیمان بکەن بە ماڵ و ژینگە و نیشتیمانی خۆیان. لەم رێگەیشەوە بتوانن خۆیان لە نامۆبوون و غەریبکەوتنیان لە خۆیان، لەناو ئیمانێکدا بدۆزنەوە کە بووە بە نیشتیمان و ماڵێکی شەخسیی و ناوەکیی تایبەت بەخۆیان. گۆڕینی ئیمان بۆ ماڵ و نیشتیمانێکی شەخسیی و ناوەکیی کارێکە مرۆڤی ئیماندار دەتوانێت خۆی ئەنجامیبدات. ئیشی سەرەکیی چاوساغانی دین بریتییە لەرێگرتن لەوەی ئیمان ببێت بەو ماڵ و نیشتیمانە ناوەکیی و شەخسییە، تا ئەوشوێنەی بتوانێت ببێت بە ئەزموونێکی ئیستاتیکیی لەناو بوونی ئەو کەسانەدا، کە دەخوازن وەک ئیماندار لە جیھاندا بژین.

 

ھیچ شتێک ھێندەی ئیمانی ئیماندار دیاردەیەکی شەخسیی و ناوەکیی و تاکەکەسیی نییە. ئەرکی یەکەمی ئیماندار خۆیشی ئەوەیە ئیمانەکەی لە دەرەوەی ھەر دەسەڵاتێکی دەرەکیدا نیشتەجێبکات. ئیمان پێویستە بدرێتەوە دەستی کەسە ئیماندارەکان خۆیان و لەدەستی ئەو لەشکرە لە چاوساغی دینیی و بانگخوازان دەربھێنرێن. نەھێڵدرێت ئەمانە ماھیەتی ئیمان، یاساکانی، شێوەکانی، جۆری پیادەکردنی، دەستنیشانبکەن.

بە کورتییەکەی، پەیوەندی ئیماندار بە خوداکەیەوە پەیوەندییەکی تاکەسییە، ناوەکییە، ڕۆحانییە، دەرونییە، کە نابێت ھیچ کەسێک بە ھیچ جۆرێک مافی ئەوە بەخۆیبدات دەستبخاتە ناوییەوە، چاودێریی یان دیسپلینی، بکات.

ئەو لەشکرە لە بانگخواز و چاوساغی کە دروستبوون خۆیان بەرێوەبەر و پارێزەری ھەقیقەتی ئیمان، نمایشدەکەن. بەمەش ھەم قۆرخی ماناکانی ئیمان و ھەم قۆرخی تێگەیشتنی ئیمانداران بۆ خودا و بۆئیمانەکەیان، دەکەن. ئەمەش تەنھا رێگرتن لە دروستبوونی ئیمانێکی ناوەکیی و ئازاد نییە، بەڵکو رێگرتنیشە لە دروستبوون کەسێک بتوانێت سەربەخۆ و ئازادبێت و پێویستی بەوان نەمێنێت. کەسێک خۆی عەقڵ و ھەستەکانی خۆی بەکاربھێنێت، نەک ئەوەی بیانداتە دەستی ئەو چاوساغانە بۆی بەکاربھێنن. ئەوەی لێرەدا کاردەکات ئەو شتەیە کە فوکۆ ناوی ”سیاسەتی ھەقیقەت“ی لێدەنێت، سیاسەتێک تیایدا لەشکرێک چاوساغ ھەقیقەتێک سەبارەت بە ئیمان دروستدەکەن، نەک لەپێناوی ئیمان خۆیدا، بەڵکو بە ئومێد و تەماحی باڵادەستبوون و ھەیمەنەکردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand