Draw Media

"نه‌وت راده‌ست نه‌كات، سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌ناردنی پشكی كوردستان"

"نه‌وت راده‌ست نه‌كات، سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌ناردنی پشكی كوردستان"

2024-05-18 09:17:07


(دره‌و):
وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌ڵێ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی راده‌ست نه‌كردووه‌و، كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی له‌ هه‌رێم وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ناردنی پشكی هه‌رێم.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العراقیه‌) رایگه‌یاند، پابه‌ندی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ی نه‌وته‌ی كه‌ ده‌بێت راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وت "سۆمۆ"ی بكات بۆ مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردن، به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌بێت راده‌ستی بكات بۆ ساڵی رابردوو بڕی 400 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بووه‌، به‌ڵام بۆ بودجه‌ی ئه‌مساڵ 375 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌و 46 هه‌زار به‌رمیلی بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی و به‌كارخستنی پاڵاوگه‌كانی هه‌رێم ده‌ڕوات، واتا ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 329 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای "سۆمۆ" بكرێت وه‌كو كۆمپانیای رێگه‌پێدراوی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو. 
"زۆر به‌داخه‌وه تائێستا نه‌مانتوانیوه‌ هیچ بڕه‌ نه‌وتێك له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرین، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كێڵگانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌وتیان لێ به‌رهه‌مده‌هێنرێت پێشتر گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا بۆ كراوه‌، كۆمپانیا بیانییه‌كانیش داوای پشكی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، ئێمه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌، نه‌وتی خاو به‌ نرخێك به‌رهه‌مده‌هێنین كه‌ له‌ 8 هه‌زار دینار زیاتر نییه‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ داوا ده‌كرێت ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 20 دۆلار بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت و 6 دۆلار بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ناوخۆی هه‌رێمدا" وه‌زیری نه‌وتی عێراق واده‌ڵێ.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وتی:" ئێمه‌ داوامان له‌ برایان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانمان پێبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌ بكرێن و بگونجێندرێن له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ كارپێكراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت و حكومه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام تائێستا هیچ یه‌كێك له‌و گرێبه‌ستانه‌مان راده‌ست نه‌كراوه"‌.
له‌باره‌ی ناكۆكی هه‌ولێرو به‌غداد له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه‌، وه‌زیر باسی له‌وه‌ كرد" ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕووی حكومه‌تی عێراقی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌وتی خاوی هه‌رێم راده‌ست و هه‌نارده‌ نه‌كرێت، سه‌خته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر راده‌ستكردنی پشكی هه‌رێم، هه‌رێم وه‌كو ئه‌وه‌ی داوای پشكی خۆی ده‌كات، با پشكی ئێمه‌ش بدات". 
سه‌باره‌ت به‌ راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌ بوو، كه‌ حوكمیدا به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی عێراق له‌بری ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌كرد، پێناسێك هه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نی توركی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمدا كرد به‌ سێ هێنده‌ زیاتری ئه‌و بڕه‌، بۆیه‌ بڕیاری ناوبژیوانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق بوو، به‌وپێیه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بوو، به‌كارهێنانی بۆری عێراق- توركیا رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عێراق و توركیایه‌و گرێبه‌ست له‌نێوان حكومه‌تی توركیاو حكومه‌تی هه‌رێمدا نییه‌، بابه‌ته‌كه‌ زۆر روون و ساكاره‌ بۆیه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌، قه‌ره‌بووه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ حكومه‌تی توركیا به‌پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوه‌وه‌ له‌رێگه‌ی بۆری عێراق- توركیاوه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌‌، بۆیه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم راوه‌ستا". 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand