چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردن ده‌بنه به‌غداد
2024-04-05 14:45:55
(دره‌و):
هاوكات له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانیدا، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ده‌گاته به‌غداد، دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكان ده‌بێت، پارتی هه‌وڵی دواخستن ده‌دات، یه‌كێتیی دژه.
بڕیاره سبه‌ینێ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی بگاته به‌غداد، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتیی هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتی. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كێك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان.
سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردووه، به‌ڵام حزبه‌كه‌ی (پارتی دیموكراتی كوردستان) له پرۆسه‌كه كشاوه‌ته‌وه‌و تێبینی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێك تێبینی تر له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌كه‌ی عێراقه‌وه، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره به ته‌ماشاكردنی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراقه‌وه.
یه‌كێتیی كه له‌دوای بردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه (21ی شوباتی 2024)، یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌و جۆره لێكردووه كه دڵخوازی خۆیه‌تی، دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا په‌یوه‌ندی به‌م پرسه‌وه هه‌یه.
واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه كۆتایی هاتووه، پارتی كاندیدی پێشكه‌ش نه‌كردووه، به‌ڵام كۆمسیۆن هه‌ر به‌رده‌وامه له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی خۆی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن.
باڵیۆزی ئه‌مریكاو نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق نێوه‌ندگیری ده‌كه‌ن بۆ قایلكردنی پارتی بۆ به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه رۆژی 7ی ته‌موزی ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی درێژكراوه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كۆتایی دێت و لایه‌نه شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت یاسای كۆمسیۆنی هه‌موار بكه‌نه‌وه‌و كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ره‌كان به‌سه‌ر كۆمسیۆنه‌وه بهێنن و كۆمسیۆن له‌سه‌ر شێوازه‌كه‌ی جاران (پشكێنه‌ی حزبی) دروست بكه‌نه‌وه.
دڵشاد شەهاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دەڵێ: بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە رێکخستنەوەکانی پەیوەندی هەرێم و بەغداد. به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆدەبێتەوەو دۆسیەکانی بودجەو موچە و هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆ دەکات.