Draw Media

بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان

بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان

2024-03-01 17:02:42



راپۆرتی: درەو

🔻 بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکان (پاش و پێش) ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم
🔹 لە مانگی ئازاری (2023)دا (14) کێڵگەی نەوتی لە قۆناغی بەرهەمهێناندا بوون و بە تێکڕای رۆژانەی (453 هەزار و 232) نەوتیان بەرهەم دەهێنا، ئێستا (7) کێڵگەی نەوتی هەرێم بەرێژەی (65%) توانای پێش راگرتنی نەوتی هەرێم بڕی (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنن.
🔹 کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێم نزیکەی (35) دۆلار دەفرۆشن.
🔹 داهاتی رۆژانەی فرۆشتنی (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت و فرۆشتنی تێکڕای بەرمیلێکی بە (35) دۆلار داهاتەکەی دەگاتە (10 ملیۆن و 295 هەزار و 250) دۆلاری رۆژانە، مانگانەش کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو دەگاتە نزیکەی (309 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، داهاتەکەشی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
🔹 هەردوو کۆمپانیای (کار و لاناز) گەورەترین کڕیار و سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێم بوونەو هەندێک لە بەرهەمەکانیش بازرگانەکانی نزیک لە حیزبە سیاسییەکان کڕیویانە، بەشێکی بەرهەمەکە لە سەرەتادا (50%) دواتریش (65%)ی دراوە بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمیش بەشێکی لێ ناردووە بۆ بەغدا و چارەنوسی بەشێکیشی نادیارەو ماڵە بەسەر حکومەتی هەرێمەوە.

یەکەم؛ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024
لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)دا، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندری جەیهان راگیرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیکەی سەرجەم کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێم کە تا ئەو کات ژمارەیان گەیشتبووە (14) کێڵگە ڕاگیرا.
بەپێی زانیارییەکانی رونبین بۆ شەفافییەتی نەوتی کوردستان، هەندێک لەو کێڵگانەی گەیشتبوونە ئاستی بەهەمهێنان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دەستبەکارکردن بکەن و بێ بەرهەم ماونەتەوە، ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق، سارتا و بەعشیقە)یە، بەڵام بەشێکی دیکەی کێڵگە نەوتییەکان کە ژمارەیان (7) کێڵگەی نەوتییە کەوتنەوە کارکردن و توانیان ئاستی بەرهەمی نەوتی رۆژانەیان بە ڕادەیەکی باش بەرز بکەنەوە، لە ئێستادا پێکەوە نزیکەی (300 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن ؛ کە ئەوانیش بریتین لە؛
1.      کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە سەرجەم پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای کار گروپ لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە (110 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنێت.
2.    کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە هەردوو کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ و گنێڵ ئینێرجی) تێیدا پشکدارن، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
3.     کێڵگەی نەوتی شێخان کە هەردوو کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (21 هەزار 600) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
4.    کێڵگەی نەوتی ئەتروش کە هەردوو کۆمپانیای (شاماران و تاقە) تێیدا پشکدارن لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمپانیای (تاقەی ئیماراتی) رایگەیان کە پشکەکانی خۆی فرۆشتووە بە کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن)، ئاستی بەرهەمیان لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (20 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
5.    کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە هەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن و شاماران) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (36 هەزار 400) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
6.    کێڵگەی نەوتی هەولێر کە کۆمپانیای (فۆرزا پیترۆلیۆم) تێیدا پشکدار، ئاستی بەرهەم لە کێگەکەدا گەیشتووە بە (6 هەزار 500) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
7.    کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە هەردوو کۆمپانیای (گازپرۆم و  وێسترن زاگرۆس) تێیدا پشکدارن، ئاستی بەرهەمی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەیان گەیاندووە بە (9 هەزار 650) بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان هەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی تەق تەق کە کۆمپانیاکانی (گنێڵ ئینێرجی و ئەداکس) تێیدا پشکدارن، کێڵگەی نەوتی سارتا کە (گنێڵ ئینێرجی و شیڤرۆن) تێیدا پشکدارن هەروەهای کێڵگەی نەوتی بەعشیقە کە کۆمپانیاکانی (دی ئێن ئۆ و تی ئی سی) تێیدا پشکدارن لە ئێستادا هیچ بەرهەمێکیان نیە.
هەندێک لە کێڵگانەشی کە پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم گەیشتبوونە ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەبەردەست نە لە بارەی کردن و بەهەمهێنان تێیاندا ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی (کۆرمۆر، عەین سەفنی، بەیجیل و چیا سورخ). لەم بارەیەوە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).

 

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان یادگار سدیق گەڵاڵی – شارەزای بواری نەوت بە (درەو) ڕاگەیاند؛ لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، بەڵام لە هەندێ کێڵگەدا بەرهەمهێنان دەستی پێکردووەتەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی هەرێمیان بە نزیکەی (35) دۆلار فرۆشتووە، بەرهەمی هەندێک کێڵگە بە (30) دۆلار فرۆشراوە، تەنها لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ نەبێت بەرمیلێک نەوت (42) دۆلار فرۆشراوە.
بەم پێیە داهاتی رۆژانەی فرۆشتنی (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت و فرۆشتنی تێکڕای بەرمیلێکی بە (35) دۆلار داهاتەکەی دەگاتە (10 ملیۆن و 295 هەزار و 250) دۆلار، مانگانەش کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو دەگاتە (308 ملیۆن و 857 هەزار و 500) دۆلاری ئەمریکی، هەر بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی پێی ڕاگەیاندین و نەیویستووە ناوی بهێنرێت، هیچ پارەیەک لە فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهاتوو ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
بەڵام لە فرۆشتنی بەرهەمی ئەو نەوتی بەرهەمهاتووە. کرێی کاری کۆمپانیاکان خەرجکراوەو حکومەتی هەرێم لە ماوەی ناوبراودا شایستەی دارایی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەکەوتووەتە ئەستۆ.
بەشێکی دیکەی ئەو بەرهەمە لە سەرەتادا (50%) دواتریش (65%)ی دراوە بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمیش لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێکی لێ ناردووە بۆ بەغدا و چارەنوسی بەشێکیشی نادیارەو ماڵە بەسەر حکومەتی هەرێمەوە.
سەبارەت بە کڕیارانی نەوتی هەرێم، ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە؛ هەردوو کۆمپانیای (کار و لاناز) گەورەترین کڕیار و سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێم بوونە، لە ماوەی ڕابردوودا لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ پاڵاوتوویانە، هەندێک لە بەرهەمەکانیش بازرگانەکانی نزیک لە حیزبە سیاسییەکان کڕیویانە و لە بازاڕی ڕەشدا ساغیان کردووەتەوە.
ئەو شارەزایە هۆشداری ئەوەشی دا لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا نرخی نەوت بە (70) دۆلار دیاریکراوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەش ئەوەی دیاریکردووە، کە نەوتی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)ەوە بفرۆشرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بەتێکرا بەرمیلێک نەوتی هەرێمی بە (50) دۆلار کەمتر لە سۆمۆ فرۆشتووە، کەواتە مەترسی ئەوە هەیە ئەو نەوتەی هەرێم بەرهەمی هێناوە و هەرزان فرۆشی کردووە، بەپێی یاسای بودجە بە نرخی سۆمۆ بخەمڵێنرێت و لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراق دابشکێنرێت.  

دووەم؛ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم
وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە، لە مانگی ئازاری ساڵی (2023) و پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم (14) کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان گەیشتبوون بە قۆناغی بەرهەمهێنان و پێکەوە لە توانایاندا بووە بە تێکڕای رۆژانە (453 هەزار و 232) بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن، بەجۆرێک؛
1.      لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بە تێکڕای رۆژانە (145 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
2.    لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بە تێکڕای رۆژانە (107 هەزار و 102) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
3.    لە کێڵگەی نەوتی شێخان بە تێکڕای رۆژانە (55 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
4.    لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش بە تێکڕای رۆژانە (36 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
5.    لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ بە تێکڕای رۆژانە (43 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
6.    لە کێڵگەی نەوتی هەولێر بە تێکڕای رۆژانە (15 هەزار و 100) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
7.    لە کێڵگەی نەوت و غازی کۆرمۆر بە تێکڕای رۆژانە (15 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
8.    لە کێڵگەی نەوتی گەرمیان بە تێکڕای رۆژانە (14 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
9.    لە کێڵگەی نەوتی عەین سەفنی بە تێکڕای رۆژانە (6 هەزار و 500) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
10.    لە کێڵگەی نەوتی بەیجیل بە تێکڕای رۆژانە (6 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
11.    لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە تێکڕای رۆژانە (3 هەزارو 970) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
12.    لە کێڵگەی نەوتی سارتا بە تێکڕای رۆژانە (3 هەزارو 960) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
13.    لە کێڵگەی نەوتی چیا سورخ بە تێکڕای رۆژانە (2 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
14.    لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە بە تێکڕای رۆژانە (600) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
 

سێیەم؛ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکان (پێش و پاش) ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم
وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا رونکراوەتەوە، پێش ڕاگرتنی نەوتی هەرێم (14) کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان گەیشتبوون بە قۆناغی بەرهەمهێنان و پێکەوە لە توانایاندا بووە بە تێکڕای رۆژانە (453 هەزار و 232) بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بەردەست (10) لەو کێڵگە بەرهەمهێنەرانەی نەوت لە ئێستادا زانیارییان لە بارەوە هەیە کە (7) کێڵگەیان بە ئاستی جیاواز لە بەرهەمهێنان بەردەوامن و پێکەو بە تێکڕای رۆژانە (294 هەزار و 150) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
بەو مانایەی تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا بەراورد بە پێش ڕاگرتنی هەناردەیە نەوتی هەرێم تەنها بە رێژەی (35%) کەمی کردووە. کێڵگە نەوتییەکانی (خورمەڵە، تاوكێ، شێخان، ئەتروش، سەرسەنگ، هەولێر و گەرمیان) لە بەرهەمهێنان بەردەوامن و کێڵگەکانی (تەق تەق، سارتا و بەعشیقە) لە دوای بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بەرهەمهێنان تێیان دا ڕاگراوەو کێڵگەکانی (کۆرمۆر، عەین سەفنی، بەیجیل و چیا سورخ) هیچ زانیارییەک لە بارەی کار و بەرهەمی نەوتیانەوە بەردەست نیە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand