Draw Media

كەمبوونەوەی نەوتی هەندێک‌ لە بیرە نەوتەکانی هەرێم!

كەمبوونەوەی نەوتی هەندێک‌ لە بیرە نەوتەکانی هەرێم!

2024-02-19 09:45:39



نەوزادی موهەندیس

 

پڕۆسەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی پڕۆسەیەكی ئێجگار دژوار و ئاڵۆزە، ئەمە سەرەڕای بڕی تێچوونی لێدانی بیرێك كە بەتێكڕا لە نێوان 5-8 ملیۆن دۆلاردەبێت، ئەمەش بەپێی جۆری تەکنۆلۆژیای بەكارهاتوو و تۆپۆگرافیای پێگەی بیر و كێڵگە نەوتەكە یان غازكە.
هەموو بیرە نەوتێك، تەمەنێكی دیاریكراوی خۆی هەیە وەكو مرۆڤ  و قۆناغەكانی گەشەكردن و گەورەبوون لە  (منداڵی و دواتر گەورەبوون و گەنجی و پیربوون و چۆڕبڕبوون)دەگرێتە خۆی.  لە جیهانیشدا دەیان و سەدان كێڵگە و بیری نەوت یان غاز چۆڕبڕبوون و چۆڵكراون و بەجێهێڵراون لەبەر نەمانی بەرهەم و كۆتاییهاتنی تەمەنیان.

كەمبوون و نەمانی بەرهەمی چەند بیرە نەوتێك لە هەرێمی كوردستان
لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی كەمبوون و نەمانی بەرهەمی چەند بیرە نەوتێك لە هەرێمی كوردستاندا، وەكو كێڵگەی تاوگێ‌ و تەق تەق و سارتە و هەندێکی تریش. وەكو بنەمایەكی زانستی كارێكی ئاساییە و لە هەموو شوێنێکی جیهاندا روودەدات، بەڵام ئەوەی نائاساییە بریتیە لەوەی كە، ئەو بیرە نەوتانە لە سەرەتادا بڕێكی زۆر باش بەرهەمیان هەبووە و تەنها لە ماوەیەكی كەمی نێوان 20 ساڵ و كەمتریشدا بڕی بەرهەمەكانیان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، وەكو كێڵگەی نەوتی تاوگێ‌ كە لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2023دا بڕی بەرهەمی رۆژانەی   93880  بەرمیل بووە و لە چارەكی سێهەمی 2023دا بڕی بەرهەمەكەی  دابەزیوە بۆ 25980 بەرمیل كە دەكاتە رێژەی 72 %.
كێڵگەی نەوتی تەق تەق كە لە چارەكی سێهەمی 2023دا بەڕێژەی
100 % كەمیكردووە واتە بڕی بەرهەمی رۆژانەی  بۆتە سفر بەرمیل، بە بەراورد بە بڕی بەرهەمی لە چارەكی یەكەمی 2023دا كە3610 بەرمیل نەوت بووە. بەهەمانشێوە كێڵگەی نەوتی سارتەش  لە چارەكی سێهەمی 2023دا بەڕێژەی
100 % بڕی بەرهەمی كەمیكردووە و سفر بۆتەوە لەكاتێكدا لە چارەكی یەكەمی 2023دا بڕی بەرهەمی رۆژانەی  3160 بەرمیل  بووە.

هۆكارەكان چین؟
چەمكی چۆڕبڕبوون: بریتیە لە كەمبوونەوە و دابەزینی بڕی بەرهەمی بیر یان كێڵگەیەكی نەوت لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا،هەربۆیە  سەرچاوە نەوتییەكان وەكو هەموو سامانە سروشتییەكانی تر رووبەڕووی كەمبونەوە دەبێتەوە و لەكۆتاییشدا چۆڕبڕ دەبێت.
بە كورتی و پوختی هۆكارەكان بریتین لە:
1- گەلێك هێزی پاڵنەر كۆنترۆڵی بەرهەمهێنان دەكەن لەسەرەتای ژیانی بەرهەمهێنانی بیرەكانەوە كە بریتین لە: هێزی سروشتی، وەكو پاڵنانی ئاوی یان گومەزی غازی یان غازی تواوە یان تێكەڵەیەك لەو هێزانە. وەك بەرزبونەوەی رێژەی ئاو
water cut كە چارەسەرەكەی بریتییە لە گۆڕینی perfs بۆئەوەی دوور بكەوینەوە لە ئاوەكە .
2-لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی بەرهەمهێناندا، ئەوا پەستانی حەشارگە نەوتییەكان دادەبەزێت بەهۆی لەبەر رۆیشتنی زۆرەوە و هێزە پاڵنەرەكان دادەبەزێت.
3-صیانەكردنی بیرەكان بەشێوەیەكی زانستی و بەردەوام نەکراوە.
4-دابەزین و كەمبوونەوەی ئاستی رۆیشتنی نەوت لە كۆگای نەوتەكەوە، بەمەش بڕی بەرهەم روو لەكەمبوونەوە دەكات.
5-زیانگەیاندن بە چینی بەرهەمهێنەكە، واتا زیانگەیاندن بە كونیلەكان و توانای پێداتێپەڕبوونی بەردە كۆگاییەكان.
6-گیرانی رێڕەوەكانی نەوتە خاوەكە بە كەڵەكەبوونی لم و قوڕ تیایاندا.
7-یەكگرتنی نەوت و پێكهاتەكانی حەشارگە نەوتیەكە، كە دەبێتە تۆپەڵبوون و گرتنی رێڕەوی رۆیشتنی نەوتەكە.
8-بەهۆی چۆڵبوونی كۆگا هەڵگرەكان، چینە بەرهەمهێنەكە تووشی داڕمان دەبێت، بەهۆی ئەو پەستانە بەرزەی لە سەرێتی بەهۆی چینەكانی زەویەوە.

رێگەچارەكان چین بۆ هەریەكێك لەو هۆكارانە؟
گەلێك رێگەی چارەی هەیە  و لەگەڵ هەر هۆكارێكدا چارەكانیش دەگۆڕێن،  وەكو:
1-دابەزینی پەستان و پلەی گەرمی، كەمبوونەوەی بڕی بەرهەم روودەدات و لەو كاتەشدا نەوتەكە جیادەبێتەوە بۆ نەوتی قورس و سووك، نەوتە سووكەكە دێتە دەرەوە و قورسەكەش دەمێنێتەوە و پێویستی بە رێگە چارەیەک هەیە ئەویش بە تێكردنی هەڵمی ئاو بۆ ناو كۆگا و حەشارگە نەوتیەكە
steam water ،بەمەبەستی زیادكردنی پلەی گەرمیەكەی و بەوەش نەوتەكە كە چڕیەكەی بەرزە، دەگۆڕێت بۆ نەوتێكی چڕیی نزم و بەئاسانی دێتە دەرەوە.
2-دابەزینی پەستانەوە، كە دەبێتە هۆكاری دەرچوونی غازەكە و بەوەش نەوتە قورسەكە دەمێنێتەوەو لینجیەكەی زیاد دەبێت و خەستدەبێتەوە و بڕی بەرهەم و هاتنە دەرەوە كەم دەبێتەوە.
3-زیادبوونی چینی ئاو و زیادبوونی بەرهەم و هاتنەدەرەوەی ئاو لە بیرەكەوە، كە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی بەرهەمی نەوتەكە و چارەسەریش بریتیە لە رێگەگرتن لە بەرهەمی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە نەوتە خاوەكە و گەر چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی راوەستانی بیرەكە لەبەرهەم.
لە زۆربەی بارودۆخەكاندا كێڵگەی نەوت بڕێكی گەورە لە ئاو لە خۆدەگرێت، كە پلەی سوێرێتی زۆر بەرزە و پەنگیخواردۆتەوە لەژێر نەوتەكەدا و رۆڵ دەبینێت لە پاڵنان بە شلە نەوتیەكانەوە بۆ بیرەكە، بەهۆی سیفەتی كشانەوە هەرچەندە بچووكیش بێت، جا كاتێك ئاوەكە هەلێك دەبینێتەوە بۆ گەیشتن بە بیرەكە،ئەوەش ئاسایی یان بەزۆری لە ماوەی 20ساڵدا روودەدات لە دەستپێكی بەرهەمهێنانەوە،هەوڵی پاڵنان دەدات بە نەوتەكەوە بۆ دەرچوون، بە رێژەیەكی كەم دەستپێدەكات و هێواش هێواش زیاد دەبێت تادەگاتە رادەیەكی مەترسیدار و دەگاتە
 50-60 % ی بەرهەمەكە. لەو ئاستەشدا ناوەستێت و رێژەی ئاوەكە بەرزدەبێتەوە تادەگاتە وەستاندنی بەرهەمهێنان. بەزۆریش پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە بەرهەمەكە دەگۆڕێت لە خۆدەركردەوە بۆ بەكارهێنانی ماتۆڕی هەڵمژێنەر كە لەبنی بیرەكەدا دادەنرێت، ئەمەش تێچووی بەرهەم زیاد دەكات،لەگەڵ ئەوەشدا بڕی بەرهەمی نەوت كەم دەكات و بڕی ئاوەكە زیاد دەكات تا دەگاتە قۆناغێك كە ئیدی بەرهەمهێنان هیچ سوودێكی ئابووری نامێنێت.

چارەسەرەکان
بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخە و گەڕاندنەوەی بیرەكان بۆ دۆخی ئاسایی بەرهەمهێنانی خۆیان و پارێزگارییكردن لە پەستانی ناو بیرەكە پێویستە هەندێك هەنگاوی كرداریی بگیرێتە بەر وەكو:
-بەرزكردنەوەی دەستكرد یان ماتۆڕی نوقومبوو لەناو نەوتەكەدا(غاطسە) و دوای ئەوەش ڕێگەی تر دێن وەكو:
-رێگەچارەی سەرەتایی دەرهێنانی نەوت: كە بەدوو شێواز دەکرێت كە ئەوانیش  بریتین لە رۆیشتنی سروشتیی و بەرزكردنەوەی دەستكرد. تێكردنی ئاوی یان تێكردنی غازی و ڕێگەی gas lift.كە بە شێوەیەكی گشتی دەتوانرێت رێژەی 30 %  نەوت دەربهێنرێت.
-رێگە چارەی دووەمینی دەرهێنانی نەوت Secondary Recovery :  بەدوو شێواز كار دەکات وەكو تێكردنی ئاو و چاكسازیكردن لە پەستاندا لەم رێگەیەدا دەتوانرێت ڕێژەی
30-50 % نەوت دەربهێنرێت.
-رێگە چارەی سێهەمینی دەرهێنانی نەوت
Tertiary  Recovery:  بە چەندین رێگە چارە دەتوانرێت بڕی بەرهەمی نەوت زیاد بكرێت وەك:
1.گەرمكردن ، بەهۆی  هەڵم وئاوی گەرم و سووتان.
2.تێكردنی غاز: وەكو غازەكانی CO2 و Hydrocarbonو Nitrogen/ Flue.
3.كیمیایی: لەڕێگەی هەریەكە لە Alkali,Surfactant,Polymer
4.لەهەندێك باوردۆخیشدا كرداری شكاندنی هایدرۆلیكی hydrolic frac بەكاردێت بۆ زیادكردن یان دروستكردنی توانای تێپەڕبوون لە بەردە كۆگاییەكاندا و بەم شێوەیە بڕی بەرهەم زیاد دەبێتەوە.
هەربۆیە بۆ هەر حاڵەتێكی كەمبوونەوەی بەرهەم پێویستە لە پێشدا هۆكارەكان دیاریبكرێن و دواتر بۆ هەر حاڵەتێك چارەسەری گونجاو دەستنیشان بكرێت.
بۆ نموونە بیرێكی نەوت لە سەرەتای بەرهەمهێنانیدا رۆژانە لە نێوان 50-60 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێت، كە حاڵەتێكی ئاساییە، بەڵام ژمارەیەكی زۆری بیرەكان لە نێوان 20و30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنن بۆ چەندین ساڵ، زانیاریەكی گرنگ كە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە كە هیچ كات ناتوانرێت تەواوی نەوتی كۆگا كراو بەرهەمبهێنرێت كە هەیە لەناو حەشارگە نەوتیەكاندا، بەهۆكاری جیۆلۆجی و فیزیاویی كە پەیوەستن بە تایبەتمەندی بەردەكانەوە. بەتایبەتیش لەكاتێكدا ناتوانرێت دەست رابگات بەو بەردانەی كە لە قووڵایی 2كم لەژێر زەویدان تەنها بەهۆی ئامێری هەڵكەندنەوە نەبێت. بەزۆریش رێژەی دەرهێنان لەنێوان 30-50 %یە،ئەوەش مانای ئەوەیە كە نیوەی نەوتە هەڵگیراوەكە، بۆ هەتاهەتایە لەناو زەویدا دەمێنێتەوە، لەهەندێك حاڵەتی تردا و بەهۆی تەكنۆلۆجیای گرانبەهاوە، دەتوانرێت رێژەی دەرهێنان بگاتە 60 %، لەكاتێكدا تێكڕای دەرهێنانی جیهانی كەمترە لە 40 %.

داخستنی بیرە نەوتەکان و مەترسیەكانی
هەموو بیرە نەوتێك یان غازێك كە كەوتە بەرهەمهێنان، باشتروایە كە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنان و هیچ كات بیر لە داخستنی نەكرێتەوە، بەڵكو هەوڵبدرێت بەكەمیش بێت پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، چونكە داخستنی بیرە نەوت و غازەكان، دەبێت كۆتا بژاردە بێت كە بیری لێبكرێتەوە چونكە ((بڕیارێكی سەخت و تاڵە)).
لە كۆتاییدا دیاردەی كەمبوونەوە و نەمانی بەرهەمی بیرە نەوتەکانی هەرێمی كوردستان، دیاردەیەكی بەربڵاوی جیهانییە و كارێكی نامۆ نییە لەبوار و كەرتی نەوت و وزەدا. بەڵام روودانیان بەو شێوە خێراییەوە و كتوپڕ و لەو ماوە كەمەی بەرهەمهێناندا، جێگەی پرسیارەن. هەربۆیە دەكرێت وزارەتی سامانە سروشتییەكان و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەبوارەكەدا بەوردی لە هۆكارەكانی بكۆڵنەوە و دواتریش كۆمپانیاكان ناچار بكرێن، بۆ گرتنە بەری رێوشوێنی زانستی لە دەرهێنان و پەرەپێدان و صیانەكردنی بەردەوامی بیرەكاندا، بەپێچەوانەوە لەماوەیەكی كورتی داهاتوودا ئەو دیاردەیە لە هەموو كێڵگە و بیرە نەوتەکانی تردا، دووبارە دەبنەوە. ئەمەش زیانی گەورە دەگەیەنێت بە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand