Draw Media

نرخی نه‌وت له‌ 2024دا چه‌ند ده‌بێت ؟

نرخی نه‌وت له‌ 2024دا چه‌ند ده‌بێت ؟

2023-12-27 16:04:17


(دره‌و): 
ئه‌لیكسانده‌ر نۆڤاك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسی كاروباری وزه‌ له روسیا،‌ پێشبینی ده‌كات له‌ ساڵی 2024دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌نێوان (80 بۆ 85) دۆلاردا بێت. 
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا ئه‌مڕۆ ئه‌م قسانه‌ی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا كرد، سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌می 2023و ئاسۆی بازاڕی وزه‌ی جیهانی له‌ ساڵی 2024دا. نۆڤاك وتی:" به‌پێی پێشبینی چاودێران و ئاژانسه‌ جۆراوجۆره‌كان كه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌ره‌شتی وه‌زاره‌تی وزه‌ی روسیادا كارده‌كه‌ن، باوه‌ڕمانوایه‌ بازنه‌ی به‌رزو نزمی نرخی نه‌وتی خاوی "برێنت" بۆ ساڵی داهاتوو له‌نێوان 80 بۆ 85 دۆلاردا ده‌بێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، له‌ دانانی پێشبینی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وئابورری ساڵی داهاتوودا، ئه‌م ئاسته‌مان له‌به‌رچاو گرتووه".
له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی (ئۆپێك +)، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هاریكاری ده‌كه‌ن، نرخێكی دیاریكراو بۆ به‌رمیلی نه‌وت له‌ مێشكی خۆیاندا دانانێن، وتی:" ئه‌ركی ئێمه‌ دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌ له‌نێوان خواست و خستنه‌ڕوودا، بۆئه‌وه‌ی پیشه‌سازی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌قامگیر كاربكات، ئه‌مساڵ تاڕاده‌یه‌ك نرخ سه‌قامیگر بوو، ئه‌مڕۆ بۆ هه‌ر به‌رمیلێكی برینت نرخه‌كه‌ی نزیكه‌ی 80 دۆلاره‌". 
سه‌باره‌ت به‌ بازاڕی غازی سروشتی شل، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا باسی له‌وه‌كرد وڵاته‌كه‌ی پلانی ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو ساڵی 2035 ده‌ست به‌سه‌ر پشكی 15% بۆ 20% بازاڕی غازدا بگرێت، ئه‌مه‌ش هه‌مان پشكی روسیایه‌ له‌ پێشوودا كه‌ له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌كانه‌وه‌ غازی ناردووه‌. 
به‌پێی قسه‌ی ئه‌م به‌رپرسه‌، له‌ ساڵانی رابردوودا روسیا پشتبه‌ستنی به‌ هاورده‌كردنی كاڵای بیانی له‌ كه‌رتی نه‌وت و غازدا به‌ڕێژه‌ی 35% بۆ 67% كه‌مكردوه‌ته‌وه‌.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand