Draw Media

پێشبینی لیستە كوردییەكان بۆ كورسییەكانی پارێزگای كەركوك

پێشبینی لیستە كوردییەكان بۆ كورسییەكانی پارێزگای كەركوك

2023-12-16 08:20:54



 
درەو:
یەكێتی دەڵێت (5) كورسیمان مسۆگەرە، پارتی دەڵێت (4) كورسی دێنین، نەوەی نوێ دەڵێت ئێمە (3) كورسی و یەكێتی (3) كورسی و پارتی (1) كورسی دەهێنین، یەكگرتوو كۆمەڵ دەڵێن (2) كورسی بەدەست دەهێنین، بەبێ تەوافوق و رێككەوتن هیچ لیست و هاوپەیمانێتیەك ناتوانێت بە تەنیا كورسی پارێزگارو جێگرەكانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگار بباتەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، (15) كورسی گشتی و كورسیەكی كۆتای مەسیحییەكانی بۆ دیاریكراوەو كۆی كورسیەكانی (16) كورسیە لە پارێزگای كەركوك:
•     (870 هەزار و 920) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
•     دەنگدانی گشتی (813 هەزارو 590) دەنگدەر
•     دەنگدانی تایبەت (57 هەزارو 330) دەنگدەر
لە پارێزگای كەركوك كێبەركێ لە نێوان هاوپەیمانی و لیستەكاندا جیاواز لە پارێزگاكانی دیكە گەرمە، هەریەك لە پێكهاتەكانی (كورد، توركمان، عەرەب) كێبەركێیانە لەسەر بەدەستهێنانی (15) كورسی لەو پارێزگایە، لەكەركوك پێكهاتەی كوردی بەچەند هاوپەیمانی و لیستێك بەشدارە:
•    هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە), هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانی.
•    هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە.
•    پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیست بەشدارە لەگەڵ چەند هێزێكی دیكە
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌, بە لیستی سەربەخۆ بەشدارە.
•    پارتی سۆسیال دیموكراتی  كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشدار.
•    بزووتنەوەی گۆڕان ، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە بەڵام داوا لە هاوڵاتیان دەكەن بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ كاندید و نوێنەری لیستەكاندا قسەی كردووە، هەریەكەیان چاویان لەبەدەستهێنانی چەند كورسیەكە:
•    هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە)
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ حزبی شیوعی لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدان، (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی لە كەركوك كرد، ئەوان پێیان وایە (5) كورسیان مسۆگەرەو چاویان لەوەیە (6) كورسی بەدەستبهێنن، یەكێتی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2021دا (3) كورسی بردەوە (82 هەزارو 286) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوان دەڵێن دەنگەكانمان زیاد دەكات بۆ زیاتر لە (100) هەزار دەنگ.
لەناو هاوپەیمانێتیەكەدا كاندیدێكی ژنی (حزبی شیوعی) هەیەو ئەوان چاویان لەوەیە كورسیەكی ژن بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.
•    هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە.
یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەیەكەوە بەشدارن، لە هەڵبژاردنی پێشوو 2021 بەشدار نەبوون، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 یەكگرتوو لە كەركوك (4784) دەنگی بەدەستهێنابوو كۆمەڵی دادگەریش (1500) دەنگی بەدەستهێنابوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكگرتوو كۆمەڵ كرد لە پارێزگای كەركوك ئەوان چاویان لە (2) كورسی پارێزگای كەركوكە، یەكێكیان بۆ یەكگرتوو ئەوەی تریان بۆ كۆمەڵ.

•    پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك (2) كورسی بردەوەو (49 هەزارو 538) دەنگی بەدەستهێنابوو، (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كرد لەو پارێزگایە ئەوان دەڵێن چاومان لە (4) كورسی ئەو پارێزگایەیەو پێیان وایە لە (3) كورسی كەمتر ناهێنن.
•    جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای كەركوك بە لیستی سەربەخۆ بەشدارە، لە هەڵبژاردنی پێشوو (25 هەزارو 391) دەنگی بەدەستهێنابوو (1) كورسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بردەوە، (درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسانی نەوەی نوێ كرد ئەوان دەڵێن بەپێی ئەو راپرسیانەی لەبەردەستماندایەو پێشبینی خۆمان كورد (8 -9) كورسی بەدەستدەهێنێت، ئەگەر (8) كورسی بەدەستبهێنێت ئەوا (نەوەی نوێ 3 كورسی، یەكێتی 3 كورسی، پارتی 1 كورسی) بەدەستدەهێنێـت، خۆ ئەگەر كورد (9) كورسی بەدەستبهێنێت ئەوا ( نەوەی نوێ و یەكێتی 3-4 یان 4-3 كورسی بەدەستدەهێنن و پارتی 2 كورسی) بەدەستدەهێنن، لیستەكانی تر كورسی ناهێنن.

•    پارتی سۆسیال دیموكراتی  كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشدارە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سۆسیالیست پێشبینی ئەوە ناكەن كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام دەیەوێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت لە هەڵبژاردنەكاندا و خەڵكی كەركوك هانبدات بۆ دەنگدان.

پارێزگاری داهاتوو كەركوك كێ دەبێت؟
زیاتر لە (18) ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك ئەنجام نەدراوە و لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017شەوە پارێزگار بەوەكالەت لە كەركوك بەڕێوە دەچێت، رۆژی 27ی ئازاری 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد و بڕیاریدا لە 18/12/2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاكان بكرێت بە پارێزگای كەركوكیشەوە، بەڵام لە هەموارەكەدا مادەی (13) تەرخانكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لە بڕگەی دووەمی مادەی (13)ی هەمواری یاساكەدا هاتووە" "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری پەیوەست بە دیاریكردنی داهاتووی كەركوك". لە بڕگەی چوارەم و كۆتایی مادەی (13)دا ئاماژە بەوەكراوە" "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان".
بەو پێیەش تەنیا ئەنجامی هەڵبژاردن نابێتە پێوەری دیاری كردنی پارێزگار و پۆستەكانی دیكە لەو پارێزگایە، تەوافوق و سازان دەكرێت لە نێوان پێكهاتەكان بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی دیكە لەو پارێزگایە، واتا دەنگی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ هەر لیستێك نابێتە بنەمای سەرەكی وەرگرتنی پۆستی پارێزگای كەركوك، بەڵكو دیاریكردنی پارێزگار بە رێككەوتن و تەوافوقی نێوان پێكهاتەكان دەبێت، چونكە هیچ لیستێك بە تەنیا ناتوانێت (9) كورسی لە (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدەستبهێنێت، بەو پێیەش پێویستی بە گفتوگۆو سازانی ناو پێكهاتەكان بە جیا و دواتریش نێوان پێكهاتەكان پێكەوە هەیە، چونكە ئەگەر كورد بەتەواوی لیستەكانیەوە (8) كورسی بەدەستبهێنێت ئەوا پێویستی بە گفتوگۆ و سازانی نێوان پێكهاتەكان دەبێت و هەڵبژاردنی پارێزگار قورس دەبێت، ئەوكات پێویستی بە رێككەوتنە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان (پارێزگاری كەركوك و دوو جێگرەكەی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و جێگرەكانی).

پارێزگار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
بەپێی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا.
ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار.
ئەوەی لە یاسای (پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، یاساكە لەم بوارەدا ناڕوونی تێدایە، هەندێك لەو شارەزا یاساییانەی كە (درەو) لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ كردوون، پێشبینی دەكەن دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكان، ئەم یاسایە روبەڕووی شەپۆلێك تانەی یاسایی ببێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی.

سەرۆكی ئەنجومەن چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی  (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
•    لە رێكەوتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، پارێزگار لەماوەی 15 رۆژدا بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر پارێزگار بانگەوازی نەكرد بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێ، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە رۆژی شانزەیەمدا ئەنجومەنی پارێزگا خۆی كۆدەبێتەوە.
•    یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە بەڕێوەدەچێت، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت، مەبەست لە زۆرینەی رەها دەنگی (50+1)ی تێكڕای ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

پارێزگار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟

كورد لە هاوكێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقدا

حزبە كوردیەكان بەجیا دەچنە هەڵبژاردنی كەركوكەوە

بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand