ناكۆكیەكانی ناو كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لەسەرچین؟

Draw Media

2023-09-30 08:14:44



درەو:
دوێنی ناكۆكیەكانی ناو كۆنگرەی یەكێتی بەتەواوی دەركەوت، باڵە جیاوازەكان ناڕازین لە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، لەبەر ئەوەش گفتوگۆی پەیڕەو بە خاوی بەڕێوە چوو، تەنیا (12) مادەی پەیڕەو لەكۆی (64) مادە پەسەندكران، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ ناڕازی بوون، بافڵ تاڵەبانی شەو چووە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، شەو كێشەكەیان یەكلاكردەوەو رێككەوتن، كاندیدی باڵە جیاوازەكان لەناو لیستێكدا ئامادەكراون، هەركەس لەدەرەوەی ئەو لیستە خۆی كاندید بكات دەرناچێت.

ناكۆكیەكان لەسەر چین؟
(درەو) بۆ ئەم پرسە قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، ناكۆكیەكان لەناو كۆنگرەی پێنجی یەكێتی و لە رۆژی دەستپێكردنی كارەكانی كۆنگرەدا سەریانهەڵدا، بەشێكی پەیوەندی بە دەسەڵاتە زۆرەكانی سەرۆكەوە هەیە كە هەموو بابەتەكان و فایلەكان پەیوەستكراون بە سەرۆكی یەكێتیەوە، بەشێكیشی پەیوەستە بە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكەوە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتیەوە دەركەوتن، كاتێك پەیڕەو چووە بەردەم ئەندامان و گفتوگۆی لەسەركرا دەركەوت تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەكان و كۆی حزبەكە دەكەوێتە دەست یەك كەس ئەمەش لەناو كۆنگرە، ئەندامانی باڵە جیاوازەكان گلەیی و گازەندەیان لە سەركردەكانی خۆیان كرد، بۆیە بەشێك لە ناكۆكیەكانی تر لەوێوە سەریان هەڵدا.
ئێستا لەناو كۆنگەری یەكێتی تەنیا سێ باڵ و ئاراستەی جیاواز هەیە ئەوانیش ( ماڵی مام جەلال، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی كەركوكیەكان) كە پێش كۆنگرە لەسەر چەند خاڵ و بنەمایەك رێككەوتنیان كردووە، بەڵام ئێستا و لە بواری پراكتیكدا دوو باڵەكەی تر بۆیان دەركەوتووە كۆی پرۆسەكە لە بەرژەوەندی ماڵی مام جەلالەو ئەوان جگە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی شتێكی دیكەیان دەستناكەوێت، كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ لەم كۆنگرەیەدا:
•    سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیان لەدەستچوو، كە پێشتر كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی بوو.
•    كارگێری مەكتەبی سیاسیان لەدەست چوو كە پێشتر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بوو.
•    سەرۆك، جێگری نابێت، بۆیە جێگری سەرۆكی یەكێتیشیان دەستناكەوێت.
•    تەنیا دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی كە ئەویش دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكات و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت.
كەركوكیەكانیش بەشێك لە بەرژەوەندییەكانیان لەدەست دەدەن:
•    بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدەستدەدەن، كە پێشتر رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێڕی بوو، لەم كۆنگرەیەدا نامێنێت.
•    هیچ پۆستێكی باڵایان لەدەستدا نامێنێت.
•    ژمارەیەكی كەم ئەندامی سەركردایەتیان بۆ دیاری دەكرێت(7 – 10)
•    دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسیان دەبێت كە ئەویش سەرۆكی یەكێتی دایان دەنێت، و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێن.

ناكۆكی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی
(درەو) قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، بەشێكی دیاری ناكۆكیەكان لە كۆنگرەدا لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیە، شێواز و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەو شێوەیەی پێشتر رێككەوتنی باڵە جیاوازەكانی لەسەر كرابوو، جێبەجێناكرێت، ئەویش لەناو كۆنگرەدا واقیعەكە شتێكی جیاوازتر دەڵێت وەك لە رێككەوتنەكانی پێش كۆنگرە.
بەپێی مادەی (21)ی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی:" هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت ، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دەباتەوە، ئەگەر تەنها یەك لیست هەبوو بە دەنگدانی ئاشكرا دەنگی پێدەدرێت".
ئەم شێوازی هەڵبژاردنە پێشتر باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەری رێككەوتوون و هەموویان ئەندامەكانیان لە چوارچێوەی یەك لیستدا بێت، بەڵام ئەوەی كێشەكەی درووستكردووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ئاراستەو باڵە جیاوازەكانە لەرۆژانی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی یەكێتی وای كردووە، گۆڕانكاری لە كاندیدەكانیان و پێوەرەكاندا  بكەن و بەتایبەت ماڵی مام جەلال هەوڵ بدەن ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی زیاتر بكەن جێگۆڕكێ بە چەند كاندیدێكیان بكەن، بەشێك لە پێوەری رێككەوتنەكان بگۆڕن بۆیە ئەوە ناكۆكی باڵەكانی تری لێكەوتەوە.
 دوێنێ كۆڕانی كۆسرەت رەسوڵ زویر بوون، بەتایبەت شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەی بەجێهێشتوو چووە ماڵەوە، درەنگانی شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی دەرباز كۆسرەت رەسوڵی لەخۆی بردووەو چووەتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئەو ناكۆكیانە كردووە، ئەوان بەروونی پێیان ووتون ئێوە پەیوەست نەبوون بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و پشكی هەرلایەكیان لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە، كە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لە (10 - 12) ئەندامی سەركردایەتیان بەردەكەوێت.
بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەمڕۆ پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی تەواو بێت كە لە كۆی (64) مادە تەنیا (12) مادەی پەسەنكراوە ئەوا ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش هەڵدەبژێردرێن كە (61) ئەندامەو بەسەر باڵە جیاوازەكاندا دابەشكراون، ناوی ئەندامەكانیش دیاریكراون و كراونەتە لیستەكەوە.
ئەندامێكی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: خۆم هەڵنابژێرم بۆ ئەندامی سەركردایەتی لەبەر ئەوەی ناوی من لە لیستەكەدا نیەو ئەو لیستە بەتەواوی ئامادەكراوەو رێككەوەتنی لەسەر كراوە، هەركەسێك ناوی لەو لیستەدا نەبێت بێگومان دەرناچێت و شكست دێنێت، وە هەر لیستێكی تریش لەدەرەوەی ئەو لیستە بێت سەرناكەوێت، بۆیە ئەگەر بە روونی بزانین شكست دێنین بۆچی خۆمان كاندید بكەین.
   

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand