Draw Media

ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام

ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام

2023-09-26 19:41:59


 درەو:
ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام، سەرۆكی یەكێتی جێگری نابێت بەڵام سەرپەرشتی هەرسێ ئەنجومەنەكەی یەكێتی دەكات، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار دەكرێتەوە، هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوە، وەزیر و بریكاری وەزیر و پەرلەمانتار بۆیان نیە خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید بكەن، سەرۆك جێگری نابێت.
بڕیارە سبەینێ كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ بە وتاری بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی و بەشێك لە سەركردەكانی عێراق دەستپێبكات و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
بە وتەی تەلار لەتیف وتەبێژی كۆنگرەی یەكێتی، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ كۆنگرە دەست بە كارەكانی دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەكان دروست دەكرێن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب ئامادەیە و لە كۆنگرەدا كە سێ رۆژ دەخایەنێت دەنگی لەسەر دەدرێت".
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆنگرەدا ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام پێشتر سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رایگەیاندبوو كە ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دەبێـتە (51) ئەندام سەرۆك و  (50) ئەندام.
بە پێی رێككەوتنی سەرەتایی، وەزیر و بریكاری وەزیرو  پەرلەمانتاران بۆیان نیە خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندید بكەن، دەبێت لە كۆنگرە دەنگی لەسەر بدرێت، كە لە ئێستادا دوو پەرلەمانتاری عێراق و وەزیرێك و بریكارێكی وەزیری عێراق و سێ وەزیری هەرێم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین.
 لە كۆنگرەدا سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی یەكێتی و جێگری نابێت، یەكێتی سێ ئەنجومەنی دەبێت و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكدا دەبێت:
•    ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن ئەندامانی لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت و سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت.
•    ئەنجومەنی پشتیوانی كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتی ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
•    ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە ئێستا (121) ئەندامەو ژمارەی ئەندامانی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (60) ئەندام و سەرۆكی دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیدا دەبێت و دەبێتە ناوەندی بڕیاری یەكێتی.
  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand