قوباد تاڵەبانی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت دیاری دەكات
2023-09-18 17:03:35
درەو:
قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا بە دانانی دارا رەشید وەك وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، مەسرور بارزانی لە بڕیارەكە نیگەرانەو دەڵێت"بڕیارەكە لەدەسەڵاتی ئەودا نیە".
سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بە بڕیار دارا رەشید وەزیری پلاندانانی داناوە وەك وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی چوار رۆژە دەرچووەو ئاراستەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی كراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەو بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووەو راگەیاندووە كە ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانیدا نیەو كاری پێناكرێت.
سەرچاوەیەك لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی لە جێگەی خۆیدایە، بۆچی مەسرور بارزانی وەزیری سامانە سروشتیەكانی بە وەكالەت دانا، هیچ پرسێكی بەیەكیتی نەكرد، بۆیە ئەو پۆستە پۆستی یەكێتیەو یەكێتی مافی خۆیەتی كێ دیاری دەكات، بەڵام مەسرور بارزانی چەند جارێك پێشنیازی دارا رەشیدی بۆ كراوە ئامادە نەبووەو بیكات بە وەكالەت بۆ وەزیری پێشمەرگەو داوای كردووە حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری بكرێتە وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت.
لە مانگی ئابی 2022 شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، تا ئێستا نەتوانراوە شوێنەكەی پڕبكرێتەوە، لە ئێستادا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە چەندین كێشە لە نێوان تیمی یەكێتی و پارتی درووست بووەو كێشەكان روو لە تەقینەوەن، هاوپەیمانانیش فشار دەكەن بۆ دیاریكردنی وەزیری پێشمەرگەو چاكسازی لەو وەزارەتە كە مانگانە نزیكەی (20) ملیۆن دۆلار بۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە بەتایبەت لیوا هاوبەشەكان تەرخان دەكات.