له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خه‌رجیی فیعلییه‌وه‌

Draw Media

2023-09-16 19:19:41




 

ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی

پاش چه‌ند مانگێك له چاوه‌ڕوانی و گرفت و‌ دواخستنی پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم له ‌بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دواجار چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌  به‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا، كه‌  به‌پێی ماده‌ی ١١ی یاسای بودجه،‌ شایسته‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی ده‌درێن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ ته‌رخانكراوه‌كانی ناو یاساكه.
به‌مجۆره‌ هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بودجه‌ی بۆ بنێردرێت، قه‌رزار كرایه‌وه‌، ئینجا شانده‌كه‌ و زۆرێك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم له‌به‌غدا و له‌ناو هه‌رێمیش زانیان كه‌ ئه‌وان و پشكی هه‌رێمیش بوون به‌و ته‌ڵه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ له‌ناو یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا بۆ پشكی هه‌رێم دانراوه‌. ئه‌وان پێشتر نه‌ گرنگیان به‌و بابه‌ته‌ دابوو نه‌ وه‌ك پێویست لێی تێگه‌یشتبوون، نه‌ ده‌یانزانی مه‌ترسییه‌كه‌ی چه‌ند گه‌وره‌یه‌.
ئێستا له‌پاش ئه‌و شۆكه‌، هه‌ندێ بۆچوون بۆ پێشنیاری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو، كه‌ شایانی تێبینی و شیكردنه‌وه‌ و له‌سه‌ر وه‌ستانن.
ئه‌وه‌ی له‌میانه‌ی لێدوانی شانده‌كه بیستمان‌ و ئه‌وه‌یشی له‌لایه‌ن به‌رپرسان و خه‌ڵكانی تریشه‌وه‌ له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ گوێبیستی ده‌بین، ئه‌وه‌یه‌ كه دوو بۆچوون بۆ چاره‌سه‌ر له‌ ئارادان، ئه‌وانیش ته‌واو ساكار و پڕ كه‌موكوڕین. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بۆچوونی سێیه‌میش هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان و نوێنه‌رانی كورد له ‌به‌غداوه‌ گوێبیستی بووین، كه‌ ئه‌وه‌یان بۆچوونه‌ دروسته‌كه‌یه‌.

لە خواره‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌رسێ بۆچوونه‌كه‌‌ ده‌كه‌ین‌.
 بۆچوونی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ دیاریكردنی قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی عێراق پێویسته‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵ هی پازده‌ پارێزگاكه‌ی تر كۆبكرێنه‌وه ‌و شایسته‌كانی هه‌رێم له‌ خه‌رجیی فیعلیی هه‌موو عێراق بدرێن نه‌ك ته‌نیا له‌ هی پازده‌ پارێزگاكه‌.

ئه‌م بۆچوونه‌‌ له‌ڕوواڵه‌تدا لۆژیكی و دادوه‌رانه‌یه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا زۆر ساكار و پڕ كه‌موكوڕییه‌ و هیچ تێگه‌یشتنێكی دارایی و دامه‌زراوه‌یی له‌پشتییه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ هه‌م به‌ مانای ڕازی بوون و ڕێككه‌وتن دێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌كه‌ی كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ڕێسا و پڕه‌نسیپه‌كانی دارایی گشتی و بودجه‌ ناگونجێت و ته‌نیا بۆ سته‌مكردن له‌ هه‌رێم دانراوه‌، هه‌میش ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێم نییه‌.

ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی خه‌رجكراوی فیعلی له ‌هه‌رێم به‌ ١٠٠٪یش دابنرێت و كۆی قه‌باره‌ی خه‌رجكراوی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ هیی پانزه‌ پارێزگاكه‌ی عێراق كۆبكرێنه‌وه‌ و، له‌و هاوكێشه‌یه‌دا هه‌موو شتێكیش به‌دڵی هه‌رێم و به‌ سوودی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت، ئینجا له‌ باشترین باردا ته‌نیا مانگانه‌ نزیكه‌ی (١٠٠) ملیار دینار زیاد ده‌كرێت بۆ ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌درێت به ‌هه‌رێم. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌غدا به‌ته‌واوی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بكات، ئه‌گه‌رنا له‌ هه‌موو بارێكدا گرفت دروست ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی مامه‌ڵه‌ بكرێت ئه‌وا دیاریكردنی قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی له ‌هه‌رێم ده‌بێته‌ گرفت و هیی پازده‌ پارێزگاكه‌یش خۆی گرفتی زۆری تێدایه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژه‌كاری  و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سه‌نگی ڕێژه‌یی خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم لەو هاوكێشه‌یه‌دا مامه‌ڵه‌ بكرێت نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی، ئه‌وا ئه‌وكاتیش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ دێنه‌ پێشه‌وه ‌و هه‌رێم له‌ڕووی داراییشه‌وه‌ سوودێكی زۆری لێ وه‌رناگرێت و، ئه‌وه‌ی بۆی زیاد ده‌بێت زۆر كه‌متر ده‌بێت‌ له‌ ١٠٠ ملیار دینار، سه‌ره‌نجام له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌موو مه‌رج و پابه‌ندییه‌كاندا ئه‌وه‌ی مانگانه‌ ده‌درێ به ‌هه‌رێم، هێشتا زۆر زۆر كه‌متر ده‌بێت له‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخان كراوه‌.

بۆچوونی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا ته‌رخانكراوه‌كانی مووچه‌ له‌ مه‌رجی خه‌رجیی فیعلی به‌ده‌ربكرێن و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌رخانكراوه‌كان بدرێن. خه‌رجییه‌كانی تری به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی بدرێن.

ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ئاسانی پێی ڕازی نابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ته‌نیا ئه‌و كاته‌‌ ده‌توانرێت به‌دروست بزانرێت ئه‌گه‌ر وه‌ك چاره‌سه‌رێكی كاتی و بۆ چه‌ند مانگێك بێت، تاكوو كێشه‌كه‌ به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رنا به‌هه‌مان شیوه‌ هه‌م داننان و ڕازیبوونه‌ به‌و سته‌مه‌ نالۆژیكی و نه‌گونجاوه‌دا، هه‌م نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت زۆربه‌ی ماف و شایسته‌كانی خۆی به‌پێی ته‌رخانكراوه‌كانی ناو یاسای بودجه‌ وه‌ربگرێت، هه‌میش چه‌ندین كێشه‌ی ته‌كنیكی و دارایی بۆ دروست ده‌بن.

وه‌ك ده‌زانین ته‌رخانكراوه‌كانی تایبه‌ت به ‌مووچه ‌و ده‌رماڵه‌كان به‌شی زۆریان له‌ ناو پۆلێنی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌راندان و به‌شێكیشیان له‌ناو پۆلێنی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیدان، ئه‌م دوو پۆلێنه‌‌ زۆرینه‌ی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی عێراق و به‌شی هه‌رێمیش پێك ده‌هێنن، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ به‌غدا به‌وه‌ ڕازی بێت. یاساكه‌ی بودجه‌یش به‌و جۆره‌ هاتووه‌ كه‌ كۆی پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی ده‌درێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی تێدا نییه‌، كه‌ مووچه‌ به‌ده‌ربكرێت له‌و كۆتوبه‌نده‌.

له‌گریمانه‌ی ئه‌وه‌دا كه‌ به‌غدا به‌و پێشنیازه‌ ڕازی بێت ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێته‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ سوودێكی ڕێژه‌یی و كاتیی ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا هه‌رێم بێبه‌ش ده‌بێت له‌ چه‌ند ترلیۆن دینارێك له ‌ماف و شایسته‌كانی خۆی. بێگومان جێبه‌جێكردنی ئه‌م پێشنیازه‌ چه‌ند گرفتێكیشی دێنه‌ پێش، یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌ناردنی كۆی ئه‌و بڕه‌ی له‌ پۆلینی قه‌ره‌بوی فه‌رمانبه‌راندا بۆ هه‌رێم دانراوه‌ به‌و پاساوه‌ی كه‌ ته‌رخانكراوه‌كانی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران جگه‌ له ‌مووچه ‌و ده‌رماڵه‌ چه‌ند به‌ندێكی تری ته‌رخانكراوی تێدایه،‌ كه ‌ده‌شێ عێراق نه‌چێته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی وه‌ك مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات.

ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ پێشنیازێكی له‌و شێوه‌یه‌  ڕازی بێت، ئه‌وا  سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕییه‌كانیشی، ده‌توانرێت وه‌ك چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند و كاتی سه‌یری بكرێت، به‌ڵام نابێته‌ چاره‌سه‌رێكی ته‌واو و ته‌نیا ده‌توانێت كه‌مێك له گوشار و ‌بارگرانییه‌كانی هه‌رێم له‌م دۆخه‌دا كه‌م بكاته‌وه‌، تاكوو ئه‌و ده‌مه‌ی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كریت.
 
بۆچوونی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ئێستا‌وه‌ كار بكرێت بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی خەرجی فیعلی له‌ ماده‌ی ١١ی یاساكه‌ لاببرێت، كه‌ وه‌ك پێوه‌ر بۆ پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم دانراوه‌.

بۆ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌، پاساوی لۆژیكیی به‌هێز هه‌ن، هه‌موو ڕێسا و پڕه‌نسیپه‌كانی دارایی گشتی و بودجه‌ و ژمێریاری حكومی تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردنی بودجه‌ پاڵپشتیی ده‌كه‌ن، له‌ وتارێكی پێشترمان به‌ناونیشانی (خه‌رجیی فیعلی، ته‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ی دانراو چۆن پشكی هه‌رێمی پێوه‌كرا؟) ئاماژه‌مان بۆ ئه‌و به‌ڵگه‌ و پاساوانه‌ كردووه‌، ده‌توانرێت بۆ قایلكردنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر سوود له‌و بواره‌ وه‌ربگیرێت.

 

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێویسته‌ گره‌نتیی ئه‌وه‌ بدرێته‌ لایه‌نی به‌غدا، كه‌ هه‌رێم هه‌موو ڕاپۆرت و ده‌رخسته‌ و دۆكیۆمێنته‌ داراییه‌كانی ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهات و ئه‌نجامدانی خه‌رجییه‌كان، به‌شێوه‌ی ده‌وری و به‌شێوه‌ی ساڵانه‌یش به‌و جۆره‌ی له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ و وه‌ك هه‌موو نه‌ریتێكی دارایی و ژمێریاری بخرێنه‌ به‌رده‌ستی هه‌ردوو دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم و چاودێریی دارایی عێراق و، وێنه‌یان بدرێته‌‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ئه‌وكات له‌كۆتایی ساڵی داراییدا ئه‌گه‌ر بڕی ته‌مویلكراو له‌بڕی خه‌رجكراو زیاتر بوو، ئه‌وا بڕی جیاوازییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ باڵانسی سوڕاو بۆ بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، یانیش به‌غدا ده‌توانێت ئه‌و بڕه‌ ته‌رخانكراوه‌ بخاته‌ بریتی ته‌مویلكردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتووی هه‌رێم، له‌و كاته‌یشدا هه‌ر ده‌بێت وه‌ك باڵانسی گه‌ڕاوه‌ و سوڕاو له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق تۆمار بكرێت، ئه‌مه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق و له ‌هه‌موو دنیاش په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

پوخته‌ی سه‌رنج و بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌خێرایی كار له‌سه‌ر بۆچوونی سێیه‌م بكات، بۆچوونی دووه‌م ته‌نیا له‌كاتی ناچاری و به‌و مه‌رجه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێت و قۆناغێكی كورت بێت، پێش گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر به‌پێی بۆچوونی سێیه‌م. به‌ڵام بۆچوونی یه‌كه‌م به‌هیچ جۆرێك شیاوی ئه‌وه‌ نییه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand