Draw Media

بەدوور دەزانرێت تا ئۆكتۆبەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە

بەدوور دەزانرێت تا ئۆكتۆبەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە

2023-09-06 07:52:00


(درەو): 
سەرچاوەكان رایانگەیاند، پێشبینی كراو نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا تاوەكو بەر لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دەستپێبكاتەوە. 
بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە مانگی ئۆكتۆبەردا سەردانی بەغداد بكات، ئەمەش دوای دواخستنی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ عێراق لە مانگی ئابدا. لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی كە توركیای پابەند كرد بەوەی، بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە بەغداد بداتەوە لەپای ئەوەی لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2018دا بەبێ رەزامەندی بەغداد، رێگەی داوە بە بۆرییەكانی عێراقدا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت. 

عێراق لە نیسانی رابردوودا داواكارییەكی لە دادگای فیدراڵی ئەمریكا تۆماركرد بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی، سەرچاوەكان دەڵێن یەكلانەبوونەوەی ئەم داواكارییە یەكێك لە هۆكارەكان بووە بۆ ئەوەی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغداد لە مانگی ئابدا دوابخرێت. 
بەرپرسێكی باڵای توركیا بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، ئەردۆغان هێشتا بەنیازە سەردانی بەغداد بكات‌و دەیەوێت "ئیمزا لەسەر رێككەوتنێك بكات"، بەڵام تائێستا عێراق هیچ هەنگاوێكی كۆنكرێتی چاوەڕوانكراوی هەڵنەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرەوپێشچوونی گەورە روونەدات. 
سەرچاوەكە وتی: یەكێك لەو هەنگاوانەی كە ئەنكەرە هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە داواكارییەكەی ئەمریكا رابگیرێت، بۆیە بڕیارە ئەردۆغان لە مانگی ئۆكتۆبەردا سەردانی عێراق بكات. 
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ: بەغداد تائێستا هیچ خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراوی لەلایەن ئەنكەرەوە سەبارەت بەوادەی سەردانەكەی ئەردۆغان پێنەگەیشتووە. 
ئاماژەی بەوەكردووە، رەنگە ئەردۆغان لە كۆتایی ئەم مانگە یان مانگی داهاتوودا سەردانی عێراق بكات، ئەمە لەسەر ئاستی سەركەوتنی گفتوگۆكان سەبارەت بە پرسی وزە راوەستاوە كە پێویستی بە كاتێكی زۆرتر هەیە بەهۆی زۆری پرسە ئاڵۆسكاوەكانەوە.
بەرپرسێكی كەرتی نەوتی عێراق كە ئاگادارە لە گفتوگۆكان وتی: بەرپرسانی وزە لە بەغدادو ئەنكەرە گفتوگۆی پڕ گرێوگۆڵ دەكەن‌و، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بابەتێكی سەختە‌و بەدووری دەزانین لەم مانگەدا هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە. 
دوو بەرپرسی تری كەرتی نەوتی عێراقی كە بەهەمان شێوە ئاگاداری گفتوگۆكانن، باسلەوە دەكەن، توركیا هەوڵ دەدات بگاتە چارەسەرێكی مامناوەندیی بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەرەبووەی بە عێراقی دەدات بەگوێرەی حوكمەكەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی.
سەرباری ئەمە، سەرچاوە عێراقییەكان وای بۆ دەچن توركیا دەیەوێت عێراق سكاڵای دووەمی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2018و دواتر، بكێشێتەوە. 
وەزارەتی وزەی توركیا ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە هیچ كۆمێنتێك بدات. 
دوو سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، لەوكاتەوە كە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی لەرێگەی بۆرییەكانەوە راوەستاوە، حكومەتی كوردستان نزیكەی (4 ملیار) دۆلار زیانی بەركەوتووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand