Draw Media

ئەمریكا سەفقەیەكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەكات !

ئەمریكا سەفقەیەكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەكات !

2023-08-29 11:18:01


نوسینی: شوان  قلیاسانی
هێنانی گەشتیگەلی جەنگی‌و هێزی دەریایی‌و وشكانی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بڵاوەپێكردنی هەندێكی لەسەر سنوری عێراق- سوریا، بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە گروپە توندڕەوەكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانی تێدایە، بۆ پاراستن‌و بردنی چەك‌و تەقەمەنی بەڕێگەی ئێران- بەغداد- قائیم لەدیوی عێراق- البوكمال- دێرەزور- حمص لەدیوی سوریا، لەوێشەوە بەدوخەت، خەتێكیان بۆ دیمەشق‌و خەتەكەی تریان بۆ حزبوڵای لوبنانی. لەلایەن هەندێ ئیعلام‌و سۆشیال میدیاو شیكەرەوەی سیاسییەوە والێكدەدرێتەوە كە ئەمریكا بەتەمای شەڕە لەناوچەكە...!
بەڵام ئەگەر بەوردی سەرنجی جموجوڵە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا بدەین لەماوەكانی پێشوودا، بۆمان دەردەكەوێ كە بوونی هێزی ڕەقی ئەمریكی بۆ پشتیوانیكردن‌و جێبەجێكردنی پرۆسەیەكە كە ئەمریكا لەڕێگەی نەرمەوە دەیەوێ جێبەجێی بكات، چونكە لەشەڕو ناكۆكی نێوان وڵاتاندا زۆر جاران هێزی ڕەق كە خۆی لە (سەربازو جۆرە جیاوازەكانی چەكی زەمینی‌و دەریایی‌و ئاسمانی)دا دەبینێتەوە بەكاردەهێنرێ بۆ سەرخستنی هێزی نەرم كە خۆی لە (دانوستان‌و ئابوری‌و فەرهەنگی‌و ... هتد)دا دەبینێتەوە. خاوەنی هێزی ڕەق بە پیشاندانی ئەم هێزە دەیەوێ بەرامبەرەكەی ناچاربكات داواكانی جێبەجێ بكات.
سەفقە گەورەكەی ئەمریكا خۆی لەم پرۆسانەدا دەبینێتەوە:
1-    رێككەوتنی (ئێران- ئەمریكا) كە ساڵانێكە بەنهێنی بەڕێوەدەبرێ‌و گەیشتوەتە ئەوەی لایەنی ئێرانی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو ڕێژەیەدا بوەستێنێ كە پێی گەیشتووە، لەگەڵ ئازادكردنی پێنج زیندانی ئەمریكی لای ئێران، وە ئیجباركردنی گروپە توندڕەوەكانی ناو حەشدی شەعبی عێراقی كە سەربە ئێرانن‌و نابێ هیچ كردەیەكی سەربازی دژ بە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بكەن لە عێراق‌و سوریا، و هەوڵی ناردنی چەك‌و تەقەمەنی بۆ گروپە چەكدارەكانی سوریای سەربە ئێران‌و حیزبوڵا بوەستێنن، لەگەڵ چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی ئەمریكییەكان پێویستیان پێیەتی لەسنوری رۆژئاوای عێراق. ئەم داوایەی ئەمریكا لە ئێران دوای هاتنی ئیسمائیل قائانی بۆ عێراق‌و تبلیغكردنی هێزەكانی سەربە ئێران جێبەجێ كرا. هەروەها یەكێك لەداواكانی تری ئەمریكا وەستاندنی ناردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان‌و پارچەكانێتی بۆ روسیا. لایەنی ئەمریكیش دەبێت پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد بكات لەگەڵ سوككردنی گەمارۆ لەسەری.
2-    سەفقەی رێككەوتنی (سعودی- ئیسرائیل) كە ئەمریكا ناوی ناوە رێككەوتنی قەڕن.
3-    كەمكردنەوەی هەژمونی چین‌و روسیا لەناوچەكە بەجێبەجێكردنی  رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەریەك لە سعودیەو ئێران.
4-    یەكێك لە دەسكەوتە گرنگەكانی ئەم سەفقەیە پاراستنی ئیسرائیلە لەڕێگەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی سعودیەو وڵاتانی عەرەبی لەگەڵی‌و بێچەككردنی حیزبوڵاو بێهێزكردنی گروپە شیعەكانی سەربە ئێران لە عێراق.
ئەبێ ئەوەش بڵێین كە بایدن‌و ئیدارەكەی دەیانەوێ بەم سەفقەیە بە دەنگدەری ئەمریكی بڵێن سیاسەت‌و بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن دیموكاتەكانەوە دەتوانێ هەژمونی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵێتەوە، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگیان پێبدەنەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand