Draw Media

پابەندییە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا

پابەندییە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا

2023-06-16 17:17:23



 
راپۆرت: درەو
بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023، بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار پابەندی دارایی خستوەتە سەرشانی حكومەتی هەرێم، مەبەستی لە پابەندی دارایی ئەو بڕە پارەیە كە دەبێت حكومەتی هەرێم لەپێناو وەرگرتنی شایستە داراییەكانی خۆی، بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی بگەڕێنێتەوە، لەم بڕە پارەیە مانگانە زۆنی سەوز بڕی (68 ملیار) دینار دەگەڕێنێتەوە، زۆنی زەرد بڕی (ترلیۆنێك‌و 40 ملیار) دینار، واتا بە بەراورد بە زۆنی زەرد، زۆنی سەوز بڕێكی زۆر كەمتر دەدات، بەتایبەت (4%)ی داهاتی نەوت لە سنوری زۆنی سەوزەو (96%) لەزۆنی زەردە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
 
چەند وەردەگرێت‌و چەند دەدات ؟
بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا هاتووە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانەی شایستە داراییەكانی خۆی لە بەغداد وەرگرێت، دەبێت ئەو پابەندییە داراییانە جێبەجێ بكات كە دەكەوێتە سەر شانی.
لە بودجەی عێراقدا مانگانە بە تێكڕا بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار وەكو شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان ئەژماركراوە، لەبەرامبەر ئەمەدا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار وەكو پابەندی دارایی لەسەر شانی هەرێم دانراوە‌و دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.

پابەندییە داراییەكانی هەرێم چییە ؟
ئەو بابەتانەی وەكو پابەندی دارایی لەسەر شانی هەرێم دانراوە لە بودجەی فیدراڵی عێراقدا، بریتییە لە:
•    بڕی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار پارەی فرۆشی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە مانگێكدا بە نرخی سۆمۆ.
•    بڕی (65 ملیار) دینار پارەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە مانگێكدا (لە بودجەدا داهاتی مانگانەی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە 130 ملیار دینار ئەژماركراوە)
•    بڕی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دیناری مانگانە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI).
جگە لە قەرزەكانی (بانكی بازرگانی عێراق)، دوو پابەندییە داراییەكەی تری سەر شانی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە گەڕاندنەوە داهاتی نەوت‌و 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، بە هاوبەشی دەكەونە سەر شانی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری دوو زۆنی هەرێمی كوردستان.

دابەشبوونی نەوت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا
بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە بەشی خۆی لە بودجەی عێراق وەربگرێت، دەبێت داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە، كە بەهاكەی مانگانە بە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار ئەژماركراوە.
دابینكردنی ئەم پابەندییە داراییەی هەرێم كوردستان، زۆرینەی هەرە زۆری دەكەوێتە زۆنی زەردەوە كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چۆن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەردوو زۆنی زەردو سەوز دەستنیشان بكرێت لەسەر بنەمای ئەو (400 هەزار) بەرمیل نەوتەی كە لە بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە.

پشكی زۆنی سەوز لە نەوتی كوردستاندا
كۆی گشتی ئەو نەوتەی كە داهاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمەو لە زۆنی سەوزەوە (واتا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی) دەخرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمەوە، رۆژانە بڕەكەی (17هەزارو 610) بەرمیلە.
واتا نەوتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی بە تێكڕا رێژەی (4%)ی كۆی گشتی نەوتی هەرێم پێكدەهێنێت (بەگوێرەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی كە لە بودجەدا بەشێوەی رۆژانە بۆ هەرێم دیاریكراوە).  
بەپێی داتاكانی چارەكی یەكەمی 2023، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكانی نەوت لە سنوری زۆنی سەوز، بەمشێوەیە بووە:  
•    كێڵگەی نەوتی (تەقتەق)، رۆژانە بڕی (3 هەزارو 610) بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
•    كێڵگەی نەوتی (گەرمیان)، رۆژانە (12) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
•    كێڵگەی نەوتی (چیاسورخ)، رۆژانە (2) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنێت.
•    نەوتی (كۆندێسەیت)ی كێڵگەی (كۆرمۆر)، رۆژانە (15 هەزار) بەرمیل دەخاتە بۆری نەوتی كوردستانەوە، بەڵام داهاتی ئەم نەوتە كە مانگانە (34 ملیار) دینارە بۆ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی دەڕوات نەك حكومەتی هەرێم (ئەمە بەپێی ئەو گرێبەستەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز كردویەتی)، كۆمپانیای نەوتی باكور ئەم كێڵگەیە بە موڵكی خۆی دەزانێت‌و سكاڵای یاسای تۆماركردووە، داوا دەكات حكومەتی هەرێم رادەستی بكاتەوە، ئەم كێڵگەیە تێكڕای پێداویستی هەرێمی كوردستان بۆ غازی ماڵان‌و بەشێكی زۆری غازی وێستگەكانی كارەباش دابین دەكات.

پشكی زۆنی زەرد لە نەوتی كوردستاندا
لەبەرامبەردا زۆنی زەرد (واتا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی كە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك دەگرێتەوە) رێژەی (96%)ی ئەو نەوتە دابین دەكات كە بڕەكەی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەیە‌و لە بودجەدا هەرێمی پێوە پابەندكراوە.
تێكڕای ئەو نەوتەی رۆژانە لە سنوری زۆنی زەرددا بەرهەم دەهێنرێت، بڕەكەی (382 هەزارو 390) بەرمیلە لە كۆی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانە.
بەگوێرەی داتاكانی چارەكی یەكەمی 2023، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی زۆنی زەرد، بەمشێوەیە بووە:
•    بەرهەمی كێڵگەی (خورمەڵە)، ئەم كێڵگەیە كە كۆمپانیای نەوتی باكور بە موڵكی خۆی دەزانێت‌و داوا دەكات حكومەتی هەرێم رادەستی بكاتەوە،  بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری ئەمساڵدا، رۆژانە بڕی (145 هەزار) بەرمیلی تێدا بەرهەمهێنراوە.  
•    كێڵگەی (تاوكی)، بەرهەمی رۆژانەی (93 هەزارو 879) بەرمیلە
•    كێڵگەی (شێخان)، بەرهەمی رۆژانەی (53 هەزارو 700) بەرمیلە، ئەم كێڵگەیەش لەوانەیە كە كۆمپانیای نەوتی باكور داوای دەكاتەوە‌و بە موڵكی خۆی دەزانێت.
•    كێڵگەی (سەرسەنگ)، بەرهەمی رۆژانەی (35 هەزارو 31) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (ئەتروش)، بەرهەمی رۆژانەی (39 هەزار) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (هەولێر)، بەرهەمی رۆژانەی (12 هەزارو 800) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (سەرتە)، بەرهەمی رۆژانەی (3 هەزارو 160) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (باشیك)، بەرهەمی رۆژانەی (841) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (بجیل)، بەرهەمی رۆژانەی (6 هەزارو 500) بەرمیلە.
•    كێڵگەی (ئیسفنێ)، بەرهەمی رۆژانەی (6 هەزار) بەرمیلە.

پابەندی دارایی نەوت بە پارە
ئێستا ئەگەر لەسەر بنەمای یاسای بودجە، بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە پارە ئەژمار بكرێت، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان مانگانە بە فرۆشی نەوت، بڕی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار داهات بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە.
تێكڕای داهاتی نەوت لە سنوری سلێمانی كە بۆ حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە لەچوارچێوەی نرخی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەدا، بریتییە لە نرخی (17 هەزارو 610) بەرمیلی رۆژانە، كە بەهاكەی لە مانگێكدا بریتییە لە (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار.
واتا لەكۆی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینار پابەندی دارایی سەرشانی هەرێم، سلێمانی مانگانە بڕی (43 ملیارو 680 ملیۆن) دیناری دابین دەكات.
لەبەرامبەردا سنوری هەولێرو دهۆك وەكو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دیناری داهاتی ئەو نەوتە دابین دەكات كە دەبێت حكومەتی هەرێم بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ، ئەم بڕە پارەیەش بەهای فرۆشی (382 هەزارو 390) بەرمیل نەوتی رۆژانەی سنوری پارتییە.
بەشێوەیەكی گشتی، كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بنەمای نرخی فرۆشی كۆمپانیا "سۆمۆ" دیاریكراوە‌و بۆ مانگێك بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە، بەمشێوەیە دابین دەكرێت:
•    داهاتی نەوتی سنوری هەولێرو  دهۆك: بڕی (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار.
•    داهاتی نەوتی سنوری سلێمانی: (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار.
ئەم ژمارانە دەریدەخەن، بارگرانی گەورەی پابەندی دارایی سەرشانی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا، بەشە زۆرەكەی دەكەوێتە سەر شانی زۆنی زەرد‌و ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی پارتی.

 داهاتی دەروازە سنورییەكان
بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، لەپاڵ گێڕانەوەی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، دەبێت مانگانەش رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانی بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە.
تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لە بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا مانگانە بڕی (130 ملیار) دینار. رێژەی 50%ی ئەم داهاتە مانگانە بەشێوەی لێبڕین "مەقاصە" دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ.
لەسەر بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵ، دەبێت هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك بڕی (65 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، ئەم بڕە پارەیە بەگوێرەی داهاتی دەروازە سنورییەكان چۆن دابەش دەبێت بەسەر زۆنی سەوزو زەرددا ؟
•     بە نزیكەیی بڕی (25 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكان لە ئیدارەی سلێمانییەوە دابین دەكرێت كە رێژەی (38%)ی تێكڕای ئەم پابەندییە داراییەی سەرشانی حكومەتی پێكدەهێنێت.
•    لەبەرامبەردا بڕی (40 ملیار) دیناری لە داهاتی دەروازە سنورییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە دابین دەكرێت كە رێژەی (62%)ی تێكڕای پابەندی دارایی سەر شانی حكومەتی هەرێم لەم بوارەدا پێكدەهێنێت.

لە كۆی گشتیدا
بۆ داهاتی نەوت كە مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە، سنوری سلێمانی (43 ملیارو 680 ملیۆن) دینار پڕ دەكاتەوە بەرێژەی (4%)‌و سنوری هەولێرو دهۆك (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار پڕدەكەنەوە بەرێژەی (96%).
•    واتا لە سنوری سلێمانی مانگانە (43 ملیار) دینار داهاتی نەوت‌و (25 ملیار) دیناری داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێنێتەوە‌و بە هەردوو داهاتەكەوە مانگانە (68 ملیار) دینار پابەندی دارایی بودجە دەكەوێتە سەرشانی ئیدارەی سلێمانی.
•    لەبەرامبەردا، سنوری هەولێرو دهۆك (ترلیۆنێك‌و 48 ملیار) دینار داهاتی نەوت‌و (40 ملیار) دینار داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێنێتەوە، واتا بەكۆی گشتی لە بودجەی عێراقدا بڕی (ترلیۆنێك‌و 88 ملیار) دینار پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شانی ئیدارەی پارتییەوە.
سەرچاوەكان:
-    یاسای بودجەی پەسەنكرداوی 2023ی عێراق
-    راپۆرتی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی شایستەو پابەندییەكانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵدا.
-    راپۆرتی رێكخراوی روونبیین لە بارەی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لە چارەكی یەكەمی 2023

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

ئەگەر دووئیدارەیی دروست ببێتەوە ؟

ئەگەرەكانی دروستبوونی دوو هەرێميی لە كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand