Draw Media

كۆمسیۆن كارا دەبێتەوە؟

كۆمسیۆن كارا دەبێتەوە؟

2023-05-24 15:24:09


راپۆرت: درەو
بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە، ئەگەر ئەندامانی (یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) بەشدار نەبن، نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نابێت، چونكە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی دروستبووە‌و نیسابی یاسایی كۆبوونەوەی كۆمسیاران پێویستی بە (5) ئەندامە لە كۆی (9) ئەندام، ئەگەر دوو ئەندامەكەی گۆڕان بەشدار بن لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی، نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەبێت. 

نوسراوەكانی سەرۆك‌و جێگر
 لەدوای كۆبوونەوەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمان، كێشمەكێش دروستبووە لەبارەی یاسایبوون یان نەبوونی بڕیاری ژمارەی (10)ی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن. سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەو بڕیارەكە بە نایاسایی‌و ناپەیڕەوی دەزانێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بە یاسایی و پەیڕەوی ناوی دەبات.
لەدوای دانیشتنەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كردووەو داوا دەكات بەردەوام بن لە كاركردن‌و كارا كراونەتەوە، دواتر رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانیش كوردستان نوسراوی ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو دەڵێت "دانیشتنی پەرلەمان نەكراوەو هەر نوسراوێك واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەر نەبێت نایاسایی‌و نا پەیڕەوییە".
هەر دوێنێ نوسراوەكەی هێمن هەورامی كە بە بڕیاری ژمارە (10) پەرلەمان ناسراوە، لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە، بە بڵاوكردنەوەشی راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەم نوسراو و بڕیارانە كێشمەكێشمەكەی تەواو نەكردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رابگەیەنێت‌و كۆتایی بە ناكۆكیی پارتی‌و یەكێتیی لە پەرلەمان بهێنێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ رۆژی 30 مانگ دواخست. 
ئەگەر رۆژی 30 مانگ، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەو رۆژەوە نادەستورییە كە درێژكراوەتەوە، ئەوا هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لەدوای درێژكردنەی تەمەنی پەرلەمانەوە (واتا لە 6ی تشرینی دووەمی 2022)وە دەرچوون، هەمویان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێن، بە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا تەنیا درێژكردنەوەی پەرلەمان دەستورییە بەبێ دیاریكردنی كات، ئەوا لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، لەم حاڵەتەدا دانیشتنەكەی 22ی مانگ بە یاسایی ئەژماردەكرێت مەگەر یەكێتیی تانەی یاسایی لەسەر دانیشتنەكە تۆمار بكات. 

كۆمسیۆن دابەشبووە
ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی حزبەكانیان دابەشبوون، ئەوانەی لە پشكی یەكێتین دەڵێن پەیوەستین بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا پێیانوایە كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە، ئەوانەشی لە پشكی پارتی پەیوەستن بە بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە (واتا كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە)، لەم نێوەندەدا (كۆمەڵی دادگەریی‌و  یەكگرتووی ئیسلامی‌و  بزوتنەوەی گۆڕان) كە نوێنەریان  لە كۆمسیۆن هەیە، هێشتا بەفەرمی خۆیان یەكلانەكردووەتەوە.
•    هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی دەڵێت، ئێمە پابەندی بڕیارەكەی پەرلەمانین‌و كارا كراوینەتەوە. 
•    سلێمانی مستەفا حێگری سەرۆكی كۆمسیۆن لە پشكی یەكێتیی دەڵێت "پەیوەستین بە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان‌و كۆمسیۆن كارا نیەو ئێمە ماوەمان بەسەرچووە".

چۆن نیساب تەواو دەبێت؟
بڕیارە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەفتەی داهاتوو كۆببێتەوە، كۆمسیاران چاوەڕێی بانگهێشتی سەرۆكی كۆمسیۆنن بۆ كۆبوونەوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تائێستا كۆمسیاران بانگهێشتی كۆبوونەوە نەكراون‌و هێشتا نازانرێت نیساب تەواو دەبێت یان نا؟
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2015، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی رەهایە (50+1)، واتا لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەبێت (5) ئەندامی ئامادەبێت ئەوكات نیساب تەواو دەبێت، بەڵام لەكاتی بڕیاردان لەسەر بابەتێك ئەگەر  ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆكی كۆمسیۆن لە كام لا  بوو، ئەو لایە براوە دەبێت‌و بۆچونەكەی دەبێت بە بڕیار. 
پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بەمشێوەیە: 
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- كۆمسیارو  وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە
•    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە) 
بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە:
•    پارتی: 3 ئەندام
•    یەكێتی: 2 ئەندام
•    گۆڕان: 2 ئەندام
•    كۆمەڵ: 1 كورسی
•    یەكگرتوو: 1 كورسی

سیناریۆكانی بەردەم كۆبونەوەی كۆمسیۆن 
ئەندامانی كۆمسیاران بەسەر (5) حزبدا دابەشبوون:
•    پارتی: سەرۆكی كۆمسیۆن‌و دوو ئەندام بەمەرجێك یەكێك لە ئەندامەكانی لە پێكهاتەی توركمان بێت.
•    یەكێتیی: جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن‌و ئەندامێكی دیكە بەمەرجێك لە پێكهاتەی مەسیحی بێت.
•    گۆڕان: سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن‌و ئەندامێكی دیكە، بەمەرجێك یەكێكیان ژن بێت.
•    كۆمەڵ: ئەندامێكی كۆمسیۆن كە وتەبێژی كۆمسیۆنە
•    یەكگرتوو: ئەندامێكی كۆمسیۆن. 
سیناریۆكان بەم شێوەیە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران:
•    تەواوی ئەندامانی كۆمسیۆن بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن، ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم سیناریۆیە دوورە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەكەیە. 
•    پارتی‌و گۆڕان پێكەوە بەشدار بن، لەم حاڵەتەدا ژمارەی بەشداربووانی كۆبونەوەكە دەكاتە (3 + 2)،  لەم حاڵەتەدا لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن (5) ئەندام ئامادە دەبن‌و بەمەش نیسابی كۆبونەوەكە تەواو دەبێت‌و رێژەی 50+1 پێكدێت،  بەڵام تا ئێستا گۆڕان بە فەرمی راینەگەیاندووە بەشدار دەبێت.
•    ئەندامانی (كۆمەڵ+ یەكگرتوو+ پارتی) بەشدار بن ، لەم حاڵەتەدا نیساب تەواو دەبێت، چونكە (1+1+3) دەكاتە (5) ئەندام، واتا (50+1) پێكدێت‌و كۆبوونەوە دەكرێت.
•    سناریۆیەكی تریش لەئارادایە، دەوترێت گۆڕان (1 بە 1) دەكات، واتا لەكۆی دوو ئەندامەكەی لە كۆمسیۆن یەكێكیان دەنێرێت بۆ كۆبونەوەی ئەوەی تریان نانێرێت، لەم حاڵەتەشدا نیسانی یاسایی تەواو نابێت، چونكە هاوكێشەكە دەبێت بە (3+1) واتە (4) ئەندام ئامادە دەبن‌و رێژەی 50+1 پێكنایەت. 
ئەگەر گۆڕان ئەم بژاردەیە پەیڕەو بكات، واتە (1 بە  1) بكات، هەم دڵی یەكێتیی رادەگرێت كە لە ئەنجومەنی خۆجێی سلێمانیدا پێكەوەن، هەم دڵی پارتی رادەگرێت كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا پێكەوەن، بەڵام دەرەنجام ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندی یەكێتیی دەشكێتەوە، چونكە نیسابی كۆبونەوەی كۆمسیۆن تەواو ناكات. 
•    ئەندامێكی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمەڵ یان یەكگرتوو، لەگەڵ سێ ئەندامەكەی پارتی (3+1+1) نیسابی كۆبوونەوە تەواو دەكات. 
دەرەنجامی ئەم سیناریۆیانە دەریدەخات، نیسابی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە (یەكێتی+ پارتی) یان (گۆڕان+ پارتی) یان (پارتی + یەكگرتوو+ كۆمەڵ) پێكدێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand