Draw Media

سلێمانی مستەفا: كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە

سلێمانی مستەفا: كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە

2023-05-24 10:34:15


 درەو:
جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دەڵێت: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كارا نەكراوەتەوە، ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە كە ئاراستەی كردووین.
سلێمان مستەفا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی و راپرسی هەرێمی كوردستان كە خۆی دەڵێت ماوەیان بەسەرچووەو جێگری پێشووە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو) دەڵێت:
دوێنێ دوو نوسراو ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان كراوە، یەكێكیان لە لایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوەو ئەوی تریان لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بووە.
نوسراوەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باس لە فەرمانی ژمارە (10) دەكات و دەڵێت كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە.
نوسراوكیش لەلایەن د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی "ماوەتەواوبوو" كراوە.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوەكەیدا باس لەوە دەكات" ئاگاداری بەرێزتان دەكەینەوە، كە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانیی بە ژمارە (10)ی ساڵی 2023 لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە لەبەر ئەوەی لە دانیشتنی چواری رۆژی 22/5/2023 لەبڕگەی (3) لە مادەی (18) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاماژەكراوی دواخستووەو كۆتایی پێهێناوە بەرمەبنای بڕگەی (11) لە مادەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان واژۆكردنی سەرجەم نوسراوەكان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە و بەرێزیان ئەو دەسەڵاتەی بە كەسی تر نەداوە پیادەی بكات، هەر نوسراوێك بە بێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بایەخێكی یاسایی نابێت .
سلێمان مستەفا دەڵێت: ئێمە لە كۆمسیۆن پابەندی دەقی نوسراوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەبین لەبەر ئەوەی بەرێزیان تاكە دەسەڵاتی رێپێدراوە كە موخاتەبەی جیهاتی فەرمی بكات بەتایبەتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، 
ئێمە پەیوەستین بە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پابەند دەبین بە نوسراوەكەیەوە كە تاكە دەسەڵاتی موتڵەقە لە ئاگاداركردنەوەی كۆمسیۆن لەوەی كارا دەكرێتەوە یان كارا ناكرێتەوە.
سلێمان مستەفا دەڵێت" ئێستا من وەكو جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان قسە دەكەم و ئێمە كارا نەكراوینەتەوە"  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand