چارەنوسی پەرلەمانی كوردستان یەكلادەكاتەوە
2023-05-24 09:23:51
(درەو):
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەردەگرێت لەبارەی ئەوەی ئایا دەتوانێت هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، لەسەر ئەم بنەمایە دادگا حوكمی كۆتایی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات. حوكمی دادگا چارەنوسی یاسایبوون یان نەبوونی دانیشتنەكەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، دانیشتنێك كە كێشەی لەنێوان پارتیو یەكێتیی دروستكردووە.
دادگا حوكم دەدات
دادكای باڵای فیدراڵی عێراق پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە بۆ دادبینییەكی تر سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون.
دادگا پێشتر كۆتایی هێنا بە دادبینییەكانی لەبارەی ئەم كەیسە، بڕیار بوو رۆژی 3ی ئەم مانگە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵاكان رابگەیەنێت، بەڵام لەو رۆژەی كە بڕیاربوو حوكم دەربكات، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە سێ سكاڵای لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو یاسای هەڵبژاردنی كوردستان لە دادگاكە تۆماركرد، ئەمە وایكرد دادگای سەرلەنوێ دەرگای دادبینی بكاتەوە، چونكە سكاڵاكانی یەكێتیی هیچ دەرەچەیەكی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان نەهێشتەوە، بۆ ئەمە دادگا بڕیاریدا قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەربگرێت بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لەڕووی یاساییەوە دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەببات یاخود نا.
ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم دادگا قسەی خۆی دەكات، رۆژی 22ی ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ كێشمەكێشەكەی پارتیو یەكێتیی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان، نوسراوێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دزەی پێكرا كە بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان رێكبخاتو سەرپەرەشتیشی بكات.
سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دادوەرێكی سلێمانییە، بەمدواییە پۆستەكەی پێدراوە، ئەگەر ئەمڕۆ دادگا وەڵامەكەی پەسەند بكات، واتە دەرەچە لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەیەو ئەگەر كۆمسیۆنەكەی كوردستانیش هەڵبژاردن بەڕێوەنەبات، ئەوا كۆمسیۆنەكەی عێراق دەتوانێت ئەم كارە بكات.
دوای وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشبینی دەكرێت هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە دژی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، بەپێی قسەی جەعفەر ئیمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، حوكمەكە دژی درێژكردنەوەكەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت چیتر پەرلەمانی ماوە درێژكراوەی هەرێمی كوردستان هیچ شەرعیەتێكی نامێنێتو ناتوانێت جارێكی تر یاسا پەسەند بكات.
ئەگەرێكیش هەیە دادگای فیدراڵ ئەمڕۆ حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رانەگەیەنێتو وادەی دانیشتنێكی تر بۆ راگەیاندنەكە دیاری بكات.
ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بوو كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەبێ سازان لەگەڵ یەكێتییو لایەنەكانی تر، پارتی لە پەرلەمانەوە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی راگەیاندو دوێنێش بەپەلە وەزارەتی داد بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی لە رۆژنامەی (وەقایع)ی كوردستان بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەوەی هێشتا ناڕوونە ئەوەیە ئایا دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لە رۆژی بڕیارەكەوە پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت یاخود لە رۆژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، چونكە ئەگەر بڕیارەكە بەوشێوەیە بێت لە رۆژی درێژكردنەوەكەوە پەرلەمان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەوا دانیشتنەكەی رۆژی 22ی ئەم مانگەش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارا نەكراوەتەوەو دەبێت كۆمسیۆنەكەی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوە ببات، خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی لە حوكمەكەیدا ئاماژەی بە كات نەكرد، واتە لە رۆژی دەرچوونی حوكمی دادگاوە پەرلەمان بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كۆبونەوەی 22ی مانگ كێشەی نییەو ئەگەر كێشەیەكی لەسەر هەبێت دەبێت یەكێتیی جارێكی تر سكاڵای یاسایی تۆماربكاتەوە.
لەبارەی كەیسەكەوە
سكاڵاكان دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانو (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست.
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە.
دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام سكاڵاكانی یەكێتیی بڕیاری دادگایان دواخست بۆ ئەمڕۆ یان هەر رۆژێكی تر كە دادگا دیاری بكات.
ئەگەر دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمە دەبێت بە پێشینەیەك بۆئەوەی لە داهاتوودا چیتر تەمەنی پەرلەمان درێژنەكرێتەوەو هەڵبژاردنەكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیاندا بەڕێوەبچن.