Draw Media

جێگر نوسراو دەكات و سەرۆك رەتیدەكاتەوە 

جێگر نوسراو دەكات و سەرۆك رەتیدەكاتەوە 

2023-05-23 14:27:08


 راپۆرت: درەو 
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی گیری خواردووە، نازانێ كاراكراوەتەوە یان نا،  هێمن هەورامی نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كاراكراونەتەوە، رێواز فایەقیش نوسراو دەكات‌و دەڵێ كارا نەكراونەتەوە، (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی) كە نوێنەریان لە كۆمسیۆن هەیە، نازانن بگەڕێنەوە بۆ كۆمسیۆن یاخود نا، جارێكی تر كەوتونەتە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە، پارتی‌و یەكێتیی لە  حكومەت ئاشتبونەوە‌و لە پەرلەمان كەوتنە كێشەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

ناكۆكی لە حكومەتەوە بۆ پەرلەمان
پارتی‌و یەكێتیی كە ماوەی زیاتر لە (6) مانگ لەناو حكومەت ناكۆك بوون، تەنیا هەفتەیەك بوو گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ پەیوەندییەكانیان لەناو حكومەت، یەكسەر پەیوەندییەكانیان لەناو پەرلەمان تێكچوو. 
ئێستا قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆ ناو حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتیی لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمی پارتیدا ناكۆكن، مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب چۆن سەرقاڵی چاككردنەوەی پەیوەندی تیمەكان بوون لەناو حكومەت، ئەمجارە دەبێت چارەسەری كێشەی تیمەكان بكەن لەناو پەرلەماندا. 
كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكییەكی نوێی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی تەقاندەوە، كۆبونەوەیەك كە سەرۆكی پەرلەمان بە  "مردوو"ی ناودەبات‌و جێگرەكەی دەڵێ"یاسایی"ە. 
دوێنێ پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، زیادكردنی بڕگەیەك (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان) بۆ كارنامەی ئەم كۆبونەوەیە لەلایەن هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، ناڕەزایەتی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی لێكەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمان زیادكردنی ئەم بڕگەی بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بە "ناپەیڕەوی"ی ناوبرد‌و بەوهۆیەوە كۆبونەوەكەی دواخست، بەڵام جێگری سەرۆكی پەرلەمان قسەكەی پێ بڕی‌و درێژەی بە كۆبونەوەكەدا. 
بە چونەدەرەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیش چونە سەر سەكۆی سەرۆكایەتی بۆ رێگریكردن لە درێژەدان بە كۆبوونەوە دوای بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان، ئیتر لێرەوە گرژی لەنێوان فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتیی روویدا. 
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی پارتی دەكات، سورە لەسەر ئەوەی لەو كۆبونەوەیەدا دەنگدان كراوە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی‌و 10 پەرلەمانتاری پێكهاتەكان‌و پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگیان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن داوە، رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمانیش كە نوێنەرایەتی یەكێتیی دەكات دەڵێ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەسەڵاتی رەهای سەرۆكایەتیكردن‌و كۆتایپێهێنانی كۆبونەوەكانی پەرلەمان لەدەستی سەرۆكی پەرلەماندایە، ئەو كۆبونەوەكەی دواخستووە، بۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارانەكراوەتەوە. 
سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی سەربارەی ئەوەی لەبارەی یاسایبوونی كۆبونەوەكەی دوێنێ ناكۆكن، ئێستا ناكۆكییەكی تریشیان بۆ دروستبووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامی كۆبونەوەی 22ی مانگی كردووە بە بڕیاری ژمارە (10)و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاراكراوەتەوە‌و كاندیدی پۆستە بەتاڵەكانی كۆمسیۆن پەسەندكراون، ئەمەشی لە نوسراوێكدا كردووە‌و ئیمزای لەسەر كردووەو ناردویەتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. 
لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراو بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات‌و تێیدا دەڵێ شتێك بەناوی بڕیاری ژمارە (10)وە بوونی نییە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا نەكراوەتەوەو ئەوە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نیە.

كۆمسیۆن لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا
سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم ناوی (هەندرێن محەمەد)ەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، دوێنێ (درەو) قسەی لەگەڵ هەندرێن محەمەد كرد، ئەو وتی:" چاوەڕوانی ئەوە دەكەین نوسراوی فەرمییان لەلایەن پەرلەمانەوە پێبگات بۆ ئەوەی كۆمسیۆن كارا بكەینەوە".
ئێستا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، لەبەرامبەردا رێواز فایەقی سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە نوسراوی كردووە‌و دەڵێ كۆمسیۆن كارانەكراوەتەوە. 
لەنێوان سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەیدا كۆمسیۆن چی دەكات؟ ئایا خۆی كارا دەكاتەوە‌و كۆبونەوە دەكات یاخود نا، وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران راوەستاوە كە جگە لە پارتی‌و یەكێتیی، نوێنەری (بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)ش لەخۆدەگرێت.
ئەگەر نوێنەرەكانی (گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو) بەشداری لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا بكەن، واتا شەرعیەت بە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان دەدەن‌و بەمەش دەكەونە بەرەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، خۆ ئەگەر بەشداری كۆبونەوە نەكەن ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پشتیوانی لە یەكێتیی دەكەن‌و كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بە نایاسایی ناودەبەن.
واتا جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كەوتونەتەوە بەرداشی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هێشتا بڕیاریان نەداوە لەوەی نوێنەرەكانیان دەنێرن بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی كۆمسیۆن یاخود نا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) چاوەڕێی ئەوە دەكەن پارتی‌و یەكێتیی بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەنێوان خۆیان یەكلابكەنەوە. 

ریشەی كێشەكە 
ریشەی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێكی رانەگەیەندراوی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە كە بەمدواییە كردویانە، بەپێی رێككەوتنەكە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە هاوتەریب‌و لە یەك رۆژدا بكرێن، بۆیە زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ دانیشتنی دوێنێ بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كێشەی دروستكرد، ئەمە زیاتر لۆژیكی یەكێتییە بۆ لێكدانەوەی دۆخەكە.
بەڵام لەبەرامبەردا پارتیش لۆژیكی خۆی هەیە‌و مەترسی هەبووە لەبارەی ئەوەی یەكێتیی لەرێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆماریكردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بدرێتە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەرواش دەرچوو، دوێنێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوە پڕلە كێشەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانییە‌و بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆندا دانراوە، نوسراوێكی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق كرد‌و تێیدا دەڵێ" بەپێی یاسا ئێمە دەتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەین‌و سەرپەرەشتی بكەین". 
پارتی‌و یەكێتیی پێشتر لە دانوستانەكانیاندا لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام كێشەكانیان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلانەكردەوە، بەدیاریكراویش لەبارەی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانەوە. 
یەكێتی داوا دەكات لەكۆی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی (2) كورسی توركمان بۆ (كفری)‌و (2) كورسی مەسیحی یەكێكیان بۆ (كۆیە)‌و ئەوی تر بۆ (سلێمانی)، پارتی بەمە رازی نییە، ئەم ناكۆكییە وایكرد هەردوو حزب بە بەشداری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆچونی حزبی پێكهاتەكان وەربگرن، حزبەكان زۆر بوون، بۆچونیان جیاواز بوو، بۆیە هیچ ئەنجامێك بەدەست نەهات، لەم نێوەندەدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پێشنیازی كرد (2) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، ئەمەش نە یەكێتی قبوڵی كرد‌و نە پارتیش، بەوهۆیەوە كێشەی هەڵبژاردن درێژەی كێشا. 
ئێستا بەپێی ئەو وادەی كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە دەبێت رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئێستا كەمتر لە شەش مانگ دەرفەت ماوە بۆ سازدانی هەڵبژاردن، ئەگەر ناكۆكییەكان بەردەوام بن كە پێشبینی دەكرێت بەردەوام بێت، ئەوا دەرفەتی سازدانی هەڵبژاردن لاواز تر دەبێت، چونكە بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن كۆمسیۆن لانی كەم پێویستی بە (6) مانگ هەیە. 
قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی بۆ جاری دووەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتوو، بەتایبەتیش ئەگەر كێشەی كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بەردەوام بێت‌و هەردوو لایەن پەنا بۆ دادگا ببەن. 

لەبارەی كۆمسیۆنەوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (9) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا.
ئەم كۆمسیۆنە لە رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019دا ئەم كۆمسیۆنە ماوەی 4 ساڵی تەمەنی یاسایی خۆی تەواو كرد، بەڵام پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردەوە، بۆیە كۆمسیۆنەكە لەوكاتەوە كەوتوەتە بۆشایی یاساییەوە. 
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە
•    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە) 
بەگوێرەی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كە وێنەیەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand