Draw Media

شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پڕكرایەوە

شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پڕكرایەوە

2023-05-22 14:27:42



درەو:
ئەمڕۆ لە پەرلەمان شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن پڕكرایەوە، بەمەش (9) ئەندامەكەی كۆمسیۆن تەواوبووە كە بەسەر پێنج حزبدا دابەشبووە (سەرۆك و دوو ئەندامی پارتی، جێگری سەرۆك و ئەندامێكی یەكێتی، دوو ئەندامی گۆڕان، ئەندامێكی كۆمەڵ، ئەندامێكی یەكگرتوو) لەخۆدەگرێت، پارتی بەروونی پشتیوانی پرۆسەی كاراكردنەوەكە دەكات، بەڵام هێشتا روون نیە كە  (یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) دان بە بڕیارەكەدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان دەكێشنەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی پێهێناو دەڵێت "دانیشتنەكە نایاسایی و نا پەیڕەویە"و جێگری سەۆكی پەرلەمانیش دەڵێت "پەیڕەویە"، سەرەڕای كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، شوێنی دوو ئەندامی كۆمسیۆن پڕكرایەوە.
ئەوانیش (كامەران نەشئەت بەكر، عەلی ساڵح مەحمود) لە شوێنی (جوتیار عادل و سیاح عەبدوڵا)، ئێستا كۆمسیۆن (9) ئەندامەكەی بەم شێوەیەیە:
هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆن – پارتی
كامەران نەشئەت بەكر، ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی (پێكهاتەی توركمان) 
عەلی ساڵح مەحمود – ئەندامی كۆمسیۆن – پارتی
سلێمانی مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن – یەكێتی
نەهرۆ سەلیم حەنا، ئەندامی كۆمسیۆن – یەكێتی (پێكهاتەی مەسیحی)
رێزان حەمەرەشید- سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن – گۆڕان
عەبدولسەمەد خدر، ئەندامی كۆمسیۆن – گۆڕان
شیروان زرار، ئەندامی كۆمسیۆن- كۆمەڵ
ئیسماعیل حەمەعەلی، ئەندامی كۆمسیۆن - یەكگرتوو
ئەمڕۆ هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو)ی راگەیاند: لەدوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە چاوەڕێی ئەوە دەكەن بە رەسمی نوسراویان پێبدات تاوەكو بە فەرمی كۆمسیۆن كارا بكەنەوە، ئایا دوای ئەو بڕیارە (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ ، یەكگرتوو) دان بەو بڕیارەو دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنێن یاخود ئەندامەكانیان لە كۆمسیۆن دەكێشنەوە.   


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (9) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (4) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی
لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد.
لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق".
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛
یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.  
لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا، بەم شێوەیە؛
ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان

بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران

دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە. 
لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک)

 


 

 


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand