چالاکی و داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم
2023-05-21 11:20:23
ئامادەکردنی :یادگار سدیق گەڵاڵی/ تایبەت بە روونبین
ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت (روونبین) لەم ڕاپۆرتەدا بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستیدایە و بەپێی ڕاپۆرتی چالاکی پرۆسەکانی نەوت و چالاکی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و ئەوداهاتەی لە حکومەتی هەڕیم وەریان گرتووە لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا گەڵ ئاستی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان بڵاو دەکاتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا کۆی ئەوپارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە لە ٨ کێڵگە لە کۆی ١٤ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە لەلایەن ١٠ کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە چارەکی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە ٤٧٣ ملیۆن و ٧٧٠ هەزار دۆلار، کە ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن .
● لە بەرەبەیانی ٢٥ ی ئازاردی ٢٠٢٣ ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی ژووری بازارگانی باریس ICC کە تیایدا بڕیاردرا لە بەرژەوەندی عێراق دژی توورکیا بەوەی بارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی توورکیا بەبێ ڕەزانەدی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشێلی رێکەوتنی هێڵی بۆری عێراق- تورکیای نێوان هەردوو وڵاتە. دادگاکە بڕی ١ملیار و ٤٧١ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاندووە بەسەر تورکیادا کە بیدات بە عێراق لەسەر ئەو زیانانەی بەری کەوتووە لە ساڵی ٢٠١٤ تاا ٢٠١٨ .
● دوابەدوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە وتووێژی چڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت بۆ گەشتن بەڕیکەوتن لەسەر هەناردە کردنەوەی نەوت و لە بەشێکی وتووێژەکاندا نوێنەری کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت IOC’s و کۆمپانیاکانی کڕیاری نەتی هەرێم بەشداربوون. لەبەرواری ٤/٤/٢٠٢٣ رێکەوتن ئیمزاکرا و هەردوولا رێککەوتن کە :
o ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم بە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری کرا و لە ڕێی سۆمۆ و بەنرخی سۆمۆ بفرۆشرێت.
o هەموو داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حسابێک و هەرێم بەکاری بهێنێت بەڵام لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵدا بێت.
o دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت
o جێگری بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ بدرێت بە کورد.
● لە سەرەتای مانگی ئایارەوە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێم تەواو کردووە بەو میکانیزمەی سۆمۆ دایناوە.
● لە بەرواری ١٠ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێی سۆمۆ وە داوای لە تورکیا کردووە کە دەستبکرێتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێی بۆری جیهانەوە، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەناردە دەستی پێ نەکردووەتەوە،
● لە بەرواری ١١ی ئایار وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند دوای ئەوەی گرێبەستی کڕینی نەوتیان لە گەڵ کڕیارەکانی هەرێمدا تەواو کردووە، لە بەرواری ١٠ی ئایاردا داوامان لە کۆمپانیای بۆتاش کردووە کە رۆژی شەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە.
● تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە ٢١ی ئایاردا هێشتا قوفڵی بۆری هەناردە نەکراوەتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەڕێم دەستی پێ نەکردووەتەوە.
● حکومەتی هەرێم لە بەرواری ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە هەستاوە بە هەموارکردنەوەی ئەو برگەیە لە گرێبەستە نەوتییەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی نەوت و ئەو بنەما و پێوەرەی کەنرخی نەوتی لەسەر دیاری دەکرێت. نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بێنچمارکی برێنت دیاری دەکرا کە بنەمایەکی جیهانیە، بەڵام لە دوای ئەم هەموارەوە کە کۆمپانیاکان ئیمزایان کردووە ئەو پێوەرەی کە نرخی نەوتی پێ دیاری دەکرێت بۆ کوردستان بلێند (KTB)دەگۆڕێت. وەکو کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن: هەموارەکە بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جەیهان، لەگەڵ ڕێکخستنی پێویست بۆ کوالیتی نەوتی خاو بەهۆی گۆڕانی پێوەرەکانی دیاری کردنی نرخی نەوتی خاوەوە.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت دەڵێن" دەرئەنجامی کۆتایی و کاریگەری لەسەر نرخە بەدیهاتووەکان تا ئێستا نادیارە و نوێکاری زیاتر بەپێی پێویست پێشکەش دەکرێت".
لە دوای ڕیکەوتنەکەی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕیارە کە نەوتی هەرێم بەو نرخە بفرۆشرێت کە سۆمۆ دیاری دەکات و رێکەوتن و میکانیزمەکانی پێشوو هەڵدەوەشێتەوە.
لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا شایستەی کۆمپانیاکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:
١- کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO ASA
ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( کێڵگەی تاوکی – پیشخاپور) و باشیک
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO لە ماوەی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بڕی ١٣٧.٦ملیۆن دۆلار داهاتی کۆمپانیاکە بووە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە چارەکی چواری ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٧٤.٥ ملیۆن دۆلار بووە. هۆکاری کەم کردنی داهاتە بۆ نزمی ئاستی بەرهەم و نرخی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە.
کۆی بەرهەمی ناوچەی گرێبەستی تاوکی کە هەردوو کێڵگەی تاوکی و فیشخاپورە بەیەکەوە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا بە تێکڕا رۆژانە ٩٣ هەزار و ٨٧٩ بەرمیل نەوت بووە (پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بریتی بووە لە ٢٢.٦٩١ بەرمیل) کە فیشخاپور ٤٩.٤٧٨ بەرمیل و تاوکی ٤٤.٤٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا لە کاتێکدا بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢٢دا لەو دوو کێڵگەیە ١٠٦،٤٩٦ بەرمل بووکە کە فیشخاپور ٥٩.٣٦٠ بەرمیل و تاوکی ٤٧،١٣٦ بەرمیل بووە ( لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠١٥ دا تەنها بەرهەمی کێڵگەی تاوکی بەبێ فیشخاپور ١٤٥،٢٠٠ بەرمیلی رۆژانەبووە واتە لەماوەی ئەم ٧ساڵەدا رۆژانە ٩٨،٧٢٢ بەرمیل تەنها لەبەرهەمی ئەم کێڵگەیە کەمی کردوووە) و بەرهەمی باشیک بەتێکرا لە چارەکی یەکەمدا ٨٤١ بەرمیلی رۆژانەبووە لەکاتێكدا لە چەرەکی چوارەمی ٢٠٢٢ دا ١.٣٢٦ بەرمیل بووەبە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ. (ناوچەی باشیک کۆمپانیای دی ئێن ئۆ پشکی ٦٦٪ ی کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای وزەی تورکی TEC رێژەی ١٦٪ی پشکەکانی هەیە) واتە کۆی بەرهەمی رۆژانە لە هەردوو ناوچەی تاوکی و باشیک بەیەکەوە بریتی بووە لە ٩٤.٧٢٠ بەرمیلی رۆژانە لە کاتێکدا لە چەرەکی چواری ٢٠٢٢ دا بریتی بووە لە ١٠٦.٤٩٦ بەرمیل واتە بری ١١.٧٧٦ بەرمیل لەماوەی ئەوچارەکەدا بەرهەم کەمی کردووە. بەڕێژەی ١١٪.
بە هۆی کاری چاککردن لە بیرەکاندا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان کەمی کردووە بەراورد بە چارەکی پێشوو ، وە خەراپتر بوو بەهۆی راوەستانی هەناردەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣و پرکردنی ئەمبارەکانی هەڵگرتنی نەوتیش لە ٢٩ی ئازارەوە تەنها ٤رۆژ لە دوای وەستانی هەناردە پڕ بوون و بەرهەمی کێڵگەکان بەتەواوی وەستاوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی نادیاری کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و لەوەش گرنگتر پارەدان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەپای فرۆشتنی نەوتی پێشوودا کۆمپانیای DNO خەرجییەکانی کەمکردەوە، لەنێویاندا خەرخی هەڵکەندنی بیریش. لە کاتێکدا لەچارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا پێنج بیر تەواو بوون و سێ بیری تریش دەستی پێکرابوو بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا هیچ بیرێکی نوێ هەڵنەکەندراوە.
هەرەوەها ژمارەی سەکۆکانی هەڵکەندنی بیرە چالاکەکان لە ناوچەی مۆڵەتی تاوکێ لە چوارسەکۆوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هیچ لە نیوەی دووەمی ساڵدا دابەزیوە.
کۆی سەرمایە گوزاری کۆمپانیەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لەکێڵگەکانی هەرێم بەهۆی ئەو بارودۆخەوە کەمی کردووە وە ئەمش وایکردووە ئەو پارەیەی لە چارەکی یەکەمی ساڵدا خەرجیان کردووە کە ٣٩.٧ ملیۆن دۆلارە رێژەی ٤٠٪ی هەموو خەرجی ساڵەکە پێک بهێنێت. هەوروەها خەرجی گەران و پشکنین لەم چارەکەدا دابەزیوە بۆ ٦.٦ ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٧.٦ ملیۆن دۆلاربووە واتە بەرێژەی ٦٢.٥٪.
کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی پشکی ٧٥٪ و ئەوی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ٢٥٪ پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکییە لەناوچەی گرێبەستی تاوکی. هەروەها لە بەعشیقە کۆمپانیاکە ٦٤٪ پشکی هەیە و کۆمپانیای تی ئی سی TEC( کۆمپانیای وزەت تورکی ١٦٪ و هەرێمی کوردستان ٢٠٪ی پشکەکانیان هەیە١.
پرۆژەی گازی فیشخاپور- تاوکی کە بە بری ١١٠ ملیۆن دۆلار لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٠ دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بڕی ٧.٦ ملیار پێ سێجا گازی گلداوەتەوە لە فیشخاپور و بە هێڵێک گواستویەتییەوە بۆ کێڵگەی تاوکی و داخڵی حەشارگەکەی کردووەتەوە کە بەرانبەرە بە ٤٦١،٥٠٠ تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە پێشتر ئەو گازە لە کێڵگەکە دەسوتێنرا.
تێچووی بەرهەمهێنان٢ لە کوردستان بریتییە لە ٥،٨ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە کاتێکدا لە چارەکی کۆتایی ٢٠٢٢ دا ٥.٣ دۆلار بووە بەڵام لە دەریای باکور تێچووی بەرمیلێک بۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ١٧.٥ دۆلار بووە کە ٣ هێندەی کوردستان دەکات.
٢- کۆمپانیای گنێڵ ئەنێرجی
ئەم کۆمپانیایە لەچەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکات، لە گەڵ کۆمپانیایی دی ئێن ئۆ یەکێکن لە کۆنترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان دەکەن. گەنێل لە هەریەک لە کێڵگەکانی تەق تەق، تاوکی فیشخاپور و سەرتە نەوت بەرهەم دەهێنێت.
گەنێڵ ئەنێرجی بەپێی ڕاپۆرتی مانگانە لەچارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا کۆی ٦٤.٤ ملیۆن دۆلاری لە هەرێم وەرگرتووە بۆ شایستەی دارایی مانگی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٣ . هەرچەندە لە ڕاپۆرتی چارەکی ساڵدا دەڵێت ٦١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.
بڕی ئەو پارانەی گەنێڵ و هاوپشکەکانی وەریانگرتووە لەگەڵ ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو٣ کێڵگەیەی گەنێڵ ئەنێرجی کاری تێدا دەکات و بەرهەمی هەیە بەم شێوەیە:
شایستەی گەنێڵ لە تاوکی:
کۆی ئەو پارانەی گەنێڵ بۆ تاوکی وەری گرتووە بریتی بووە لە ٥٥.٩ ملیۆن دۆلار لەم برە ٣٦.٣ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی فرۆشی نەوت بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢ وەرگیراوە، ١٩.٦ ملیۆن دۆلار وەکو شایستەی دواخراو و قەرز وەرگیراوە کە بەسەر یەکەوە ٥٥.٩ ملیۆن دۆلار دەکات کە لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی گەنێڵ ئەنێرجی وەری گرتووە.
● شایستەی تەق تەق) گەنێڵ ئەنێرجی و ئاداکس پەترۆلیۆم)
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا کۆی ٤.٩ملیۆن دۆلاری وەکو پشکی خۆی بۆ ئەم کێڵگەیە وەرگرتووە وەلە سەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکان و بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم ئەوا کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم کە هاوبەشی دووەمە نزیکەی ٤ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، واتە کۆی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان لەم چارەکەدا وەریان گرتووە لە کێڵگەی تەق تەق بریتی بووە لە ٨.٩ملیۆن دۆلار.
کێڵگەی تەق تەق یەکێک بوو لە کێڵگە گەورەکانی هەرێم کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٤٤% پشکی کێڵگەکەیەو هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە و هەرێمیش ٢٠٪ . گەنێڵ ئەنێرجی لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەڕیم کردووە بۆ ئەم کێڵگەیە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەم گەشتە ١٤٨،٢٠٠ بەرمیل لەرۆژێکدا پاشان لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە کەمبویەوە بۆ ١٢٨،٩٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لە و کاتە بەدواوە بەردەوام ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەکەم بووندایە تا گەشتە ئەوەی ئێستا ئاستی بەرهەمی ٣،٦١٠ بەرمیلە ، هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو Coning بۆ ناو حەشارگەکە دەگەڕێنرێتەوە, شارەزایان هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ زۆر فشارکردنە لە بیرەکان و زیاتر لەو برەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت دەگێرنەوە.
لەدوای ئەوەی هەناردە وەستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەکو کێڵگەکانی تر ئاڕاستەی کۆگای ئەمبارکردنی کێڵگەکە کرا، بەهۆی ئەوەی کۆگاکانی ئەم کێڵگەیە سەرەتا بۆ بەرهەمی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دروستکراوە و لەبەرئەوەی ئاستی بەرهەم ئێستا تەنها ٢٪ ی ئەو توانایەیە بەرهەمی کێڵگەکە بۆماوەیەکی درێژ توانرا ئەمبار بکرێت ئەم هەفتەیە کۆگانی پڕبووە.
● شایستەی سەرتە(گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن)
لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣دا کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بڕی ٣.٦ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هەروەها بەپێی پشکەکان کۆمپانیای شیڤرۆن بڕی ٥.٩ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە) واتە بەسەریەکەوە بری ٩.٥ ملیۆن دۆلار لەم کێڵگەیە لەلایەن هەردوو کۆمپانیاکەوە وەرگیراوە.
. لەم کێڵگەیەدا شایستەی دواخراو نییە چوونکە ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا.
سەبارەت بە کەمبونەوەی بەرچاوی بەرهەمی کێڵگەی سەرتە و ئایا هەمان سەرئەنجامی تەق تەق` چاوەڕێی سەرتەش دەکات، لە کەم بوونەوەی بەرهەم؟ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پێی ڕاگەیندین " سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە ئێستا بەرهەم قازنج بکات، پاشان هەر وەبەرهێنانێکی سەرمایە ی زیادە پەیوەستە بە هەریەک لە قازانجی ناوچەی گرێبەستەکە و ئاستی متمانە بەوەی کە وەبەرهێنانێکی لەوجۆرە چەندە داهات زیاد دەکات". سەبارەت بە زیادکردنی بەرهەم دەڵێت" رێنماییەکانی بەرهەم هێنانمان لەسەرتە هیچ باشترکردنی بەرهەم لەخۆناگرێت".
بەرهەمی کێڵگەکە سەرەتا ٥٠٠٠ بەرمیل بوو پاشان بۆ زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرزبوویەوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە ٣،١٦٠ بەرمیلی رۆژانە بووە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا ٥.٥٩٠ بەرمیل بەرهەمی رۆژانەبووە. ئێستا کێڵگەکە لە بەرهەم هێنان وەستاوە بەهۆی وەستانی هەناردەوە. لەم کێڵگەیەش دیسان کێشەی راکێشانی ئاو هەیە بۆ بیرەکە ،Water coningبەهۆی هاتنی ئاو بۆ ناوبیرەنەوتییەکان بەرهەم کەمی کردوو .
کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.
● کێڵگەی قەرەداغ (گەنێڵ ئێنێرجی و شیڤرۆن)
گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSAی قەرەداغ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کۆتای هاتووە. لەوەڵامی پرسیاری ڕوونبیندا سەبارەت بە ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ گەنێڵ ئێنێرجی بە ڕوونبینی ڕاگەیاند" ئێستا گرێبەستی PSA ی قەرەداغ بەسەرچووە و لەدەستی حکومەتی هەرێمدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتووگۆ سەبارەت بە ئایندەی ناوچەی گرێبەستەکە لە ئارادایە" . گەنێڵ لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند لەمساڵدا هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام نازانرێت دوای چەند ساڵ کارکردن چەندیان خەرج کردووە. وەسەبارەت خەرجی کۆمپانیاکان لە وکێڵگەیە وتەبێژی گەنێڵ بەروونبینی ووت" کۆی گشتی خەرجی ناوچەی گرێبەستەکە ئاشکرا نەکراوە". لە ئێستاشدا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچوونەکانمان کۆمپانیای گەنێڵ هەموو ستافەکەی و نوسینگەکەی سلێمانیشی کشاندووەتەوە هەموو ئاماژەکان بەوئاراستەیەن کە کێڵگەکە رادەست بکاتەوە و سودی ئابووری نەبێت بۆ کۆمپانیاکە. هەروەها کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە پێگەی فەرمی خۆی کێڵگەی قەرەداغی لابردووە کە تا پێش چەند هەفتەیەک وەکو کێڵگەیەک کە لە قۆناغی پێش بەرهەمهێناندایە pre-production دانراوو.
کێڵگەی نەوتی قەرەداغ کەوتووەتە ناوچەی قەرەداغی سلێمانییەوە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی پشکی ٤٠٪ ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای شیڤرۆنێش ٤٠٪ و هەرێمی کوردستانیش ٢٠٪.
قەرەداغ بەپێی ڕاپۆرتەکانی شیڤرۆن و گەنێڵ ئەنێرجی ناوچەیەکی جیۆلۆجی ئاڵۆزە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کرینەوەی بەشێک لە پشکەکانی شیڤرۆن و لەو کاتەوە وەکو کۆمپانیای سەرکار گەڕان و پشکنین دەکات و خەریکی هەڵکەندنی بیری قەرەداغ ٢ بوو و چەندین جار کێشەی بۆ دروست بوو کاری هەڵکەندن هەڵدەسەپێردراو ڕادەگیرا و جارێکی تر دەستی پێدەکردەوە تاوەکو ئەوەبوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیا رایگەیاند کە سەرکەوتوو نەبوون و جارێکی تر لە گەل هاو کارەکانیاندا هەڵسەنگاندنی بۆدەکەنەوە. شیڤرۆن یەکێکە لەکۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری گاز و نەوت و سەبارەت بەهەرێمی کوردستان دەڵێت " شێڤرۆن تەکنۆلۆجیای زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لەهەرێمی کوردستان بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەدا" بەڵام وادیارەمەترسی و ئاڵۆزییە جیۆلۆجییەکان نائومێدی کردوون. بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم PSA گەر کۆمپانیا لەماوەی گەڕان و پشکنیندا نەگەشت بە بەرهەمی بازرگانی مافی وەرگرتنەوەی هیچ خەرجییەکی نییە. بۆیە ئەگەری هەیە حکومەتی هەرێمیش گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیاکە درێژنەکاتەوە گەر ئەوە بکات ئەوا لە ماوی کەمتر لە ساڵێکدا ٣ کێڵگە لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەردەگیرێتەوە.
● کێڵگەی میران و بنەباوی:
کێڵگەی بنەباوێ و میران دوو کێڵگەی گازین و ١٠٠٪ ی پشکەکانی ئەم دوکێڵگەیە هی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە.
دوای ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە بەرواری ٢٠ ی ئابی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم لە کێڵگەی بنە باوی ومیران کۆمپانیاکە لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رایگەیاند بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کۆتایی پێ دێنێت.
دوای ئەوەی هەرێم گرێبەستی گەنێڵ ئێنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندەوە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە رایگەیاند “گەشتینە ئەو دەرەنجامەی هیچ بژاردەیەکی کردەیمان لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات”.
بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست روونبیندایە دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاری کردووە وەکو وادەی دادبینیکردنی بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی. لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبووکردنەوەی زۆر دەکات، بۆ ئەوزیانە گەورەیەی لێی کەوتووە لە ئەنجامی کۆتای هێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردوو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەنێڵ وادەڵێت.
لە بەرانبەردا وەزارەتی سامانە سرشتییەکان دەڵێت“حکومەت نیگەرانە لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”. هەروەها دەڵێت"حکومەت توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت. حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە".
کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوك API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. چاوەڕێ دەکرا بەرهەمی گازی بنەباوێ بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ (Plateau period). پاشتر بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەك. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرا، قۆناغی بنیاتنان کە دوساڵە و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت.
کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا (نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.
● گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL
کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە وەبەرهێنان دەکەن.
لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا هەریەک لە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ بە ٢گوژمە شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
کۆی ئە پارەیەی گۆڵف کیستۆن لەو ماوەیەدا وەری گرتووە بریتیی بووە لە ٦٥.٧ملیۆن دۆلار بووە بۆ فرۆشی نەوتی کێڵگەکە.
هەروەها کۆمپانیای ئۆ ئێم ئێڵ OML بڕی ١٨.١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە بۆ هەردوو مانگی ئاب و ئەیلولی ٢٠٢٢.
کۆی ئەو پارانای کە تەنها لە مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن وەرینەگرتووە بریتییە لە ١٠٢ ملیۆن دۆلار بە پێی میکانیزمەکەی حکومەتی هەرێم بۆ نرخی نەوت دایناوە. ئەم جگە لە شایستەی کانوونی دووەم تا کۆتایی ئازاری ٢٠٢٣.
تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بریتی بووە لە ٤٩.٢٠٠ی رۆژانە وەلەمانگی ئازاردا بەرهەم گەشتووەتە ٥٣.٧٠٠ بەرمیلی رۆژانەوە لە ناویاندا پێنج ڕۆژ بەرهەمی کێڵگەکە لە ٥٥ هەزار بەرمیل زیاتربووە. . تێچووی بەرمیلێک نەت لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە. دوای ئەوەی لە ٢٠ی ئازاردا هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا بەرهامی کێڵگەکە نێردرا بۆ ئەمبارکردن وە لە دوای ٦رۆژ یەکەی بەرهەم هێنانی ١ (PF-1)لە ٣١ ی ئازاردا لە بەرهەم هێنان وەستا و لە ١٣ی چواریشدا یەکەی بەرهەم هێنانی ٢ ش (PF-2)لە بەرهەم هێنان وەستا. وەتا ئێستا بەهۆی وەستانی هەناردەوە نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل دواکەوتووە لە بەرهەم هێنان.
کۆمپانیی گۆڵف کیستۆن بەهۆی وەستانی هەناردەوە دواکەوتنی شایستە داراییەکانین بەشێوەیەکی بەرچاو سەرمایەگوزاری لەکێڵگەکەدا کەم دەکاتەوە لە ١٦٠-١٧٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٨٠-٨٥ ملیۆن واتە بەڕێژەی ٥٠٪.
کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا.
ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. قەرزەکانی گۆڵف کیستۆن ٧٣ ملیۆن دۆلار و ئێم ئۆ ئێڵ ٢١ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئەو ماوەیە.
کێڵگەی شێخان ١٨ بیری تێدا هەڵکەنراوەو ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوەبە بۆری بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە.
تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە نزیکە ١١٨ ملیۆن بەرمیل دەبێت.
یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە:
● یەدەگی سەلمێنراو 1P reserves: 224 MMstb
● یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 489 MMstb
جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا بەداشکاندنی ٢١.٢ دۆلار فرۆشراوە.
● شاماران ShaMaran
کۆمپانیای شاماران لە دوو کێڵگەی نەوتی گرێبەستی هەیە و نەوت بەرهەم دەهێنێت.ئەوانیش کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگە.
کێڵگەی ئەتروش ( شاماران و تاقە)
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش لە چارەکی یەکەمی٢٠٢٣ دا وەریانگرتووە بریتی بووە لە ٥٥.٢ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ٢٠.٣٣ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی ٣٤.٩١ ملیۆنی وەرگرتووە. تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی ئەتروش لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە ١١ بیری بەرهەم هێنەوە بریتی بووە لە ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تا ٣١/١٢/٢٠٢٢ کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە ٦٧ ملیۆن بەرمیل. کۆمپانیای شاماران لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات.
خەرجی سەرمایە گوزاری لەم کێڵگەیە بەرێژەی زیاتر لە ٥٠٪ کەمی کردووە بەهۆی وەستانی هەناردەو دواکەوتنی شایستەی داراتت کۆمپانیا نەوتییەکان
کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی ئەتروش.
● سەرسەنگ ( شاماران و ئێچ کەی ئێن )
لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN ئەمەریکی خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە).
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKN لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا بڕی ٥٨.٣ ملیۆن دۆلاری بە دوو گوژمە لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە . کۆمپانیاکە هیچ شایستەیەکی سێ مانگی کۆتایی ٢٠٢٢ لەگەڵ ٣ مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ وەرنەگرتووە. هەروەها شاماران لەسەر بنەمای پشکەکان بڕی ١٦.٧٣ ملیۆن دۆلاری لە کێڵگەی سەرسەنگ وەرگرتووە وەرگرتووە کە بەسەر یەکەوە ٧٧ ملیۆن دۆلار دەکات .
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە گەڵ وەستانی هەناردەی نەوتی هەڕێم لە ٢٥ی ئازار دەستی کرد بە ئەمبارکردنی نەوت لە ئەمبارەکانی هەڵگرتنی نەوت لە کێڵگەکە تا بەرواری ١٩ی نیسان وە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ئەمبار کرا و پاشان بەرهەمهێنان بۆماوەیەکی کورت وەستا تا ئەوەی لە بەرواری ٢٥ی نیساندا جارێکی تر بەرهەم هێنان دەستی پێکردەوە لەو کاتەوە و کۆمپانیاکە کەوتە فرۆشتنی نەوت بە بازاڕی ناوخۆ بە تێکڕا رۆژانە ٢٢ هەزار بەرمیل نەوت و
لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو هەناردە دەست پێدەکاتەوە رۆژانە لە نێوان ٢٥ تا ٥٠ هەزار بەرمیل بە پاڵآوگەکانی ناوخۆ بفرۆشێت. نرخی نەوتی فرۆشراو بەپاڵاوگەکان جیاوازە.
داهاتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکەدا بەرێژەی ١٧.٪ کەمی کردووە هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی نەتی هەرێمە کە بەومیکانیزمەی هەرێم دیاری کردووە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە رێژەی ٣٠.٥٪ کەمی کردووە بەڵام بەهۆی زیاد بوونی بەرهەمی کێڵگەکەوە بەڕێژەی ١٨.٢٪ جیاوازی داهاتەکە قەرەبوو کراوەتەوە. تێکڕای بەرهەم لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا رۆژانە ٣٥ هەزار بەرمیل بووە لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دا تێکڕای بەرهەم ٢٩.٦ هەزار بەرمیل بووە. وە پێش وەستانی هەناردە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بۆ ٤٤ هەزار بەرمیل بەرزبوو یەوە.
بەهۆی دواکەوتنی شایستەی دارایی کۆمپانیاکانەوە لەم کێڵگەیەش خەرجی سەرمایەگوزاری Capex بەڕێژەی ٧٥٪ کەمی کردووە. هەروەها خەرجی بەرهەم هێنانیش Opex بەرێژەیەکی زۆر کەمی کردووە وە رێنماییەکانی خەرجی پێشوو وەستێنراوە بەهۆی نادڵنییایی لەوەرگرتنی شایستەکان و نادیاری کاتی هەناردە .
کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٥٤.٣ملیۆن بەرمیل نەوت.
. پشکی شاماران لە بەرهەمهێنان لەساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ٦٠٪ زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ئەوەش بەهۆی کرینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی سەرسەنگ کە ١٨٪ ی پشکی کێڵگەکەیە. کۆی بەرهەمی هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ تا کۆتا رۆژی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ١٢١ ملیۆن بەرمیل نەوت.
کۆی ئەو شایستە دارایینەی کۆمپانیاکە بۆ مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ناردویەتی بۆ حکومەت و هێشتا وەری نەگرتووە وەکو لە خشتەکی خوارەوەدا دیارە ١٣٩ ملیۆن و ٣٨٨ هەزار دۆلارە، لەم بڕەش ١٠٨ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار دۆلاری پشکی ئێچ کەی ئێنە و شامارانیش ٣١ ملیۆن و ٣٦٢ هەزار دۆلار. بڕیارە لە پاش ٩٠ رۆژ کۆمپانیاکان شایستەیان وەربگرن بۆ هەرمانگێک.
نەوتی سەرسەنگ کوالیتی بەرزە و API لە نێوان ٣٧- ٣٩ یە وە پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوتی بە داشکاندنی ٧ دۆلار لەژێر نرخی رۆژی برێنتەوە دیاری دەکرا،و کۆمپانیاکانی نەوت لە ناویانیشیانا ئێچ کەی ئێن HKN دەڵێن دڵنیا نین و نازانن نرخەکان بەم پێوەرە نوێیە چۆن کاریگەردەبێت لەسەریان.
ئەوەی جێی سەرنجە نرخی بەرمیلێک نەوتی ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە واتە لەوئەوبەروارەی کە کە پێوەری KTB ( بلێندی کوردستان) لەبری برێنت بۆ دیاری کردنی نرخ دەستنیشان دەکرێت لە نێوان ١٧ بۆ ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە.
کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و تێکڕا ئاستی بەرهەمی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بەتێکڕا رۆژانە بریتی بووە لە ٣٥٫٠٣١ بەرمیل نەوت.
کۆمپانیای فۆرزا (کێڵگەی هەولێر)
لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە،
لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٣ دا بڕی ٤٧.٨ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە لە لایەن کۆمپانیای فۆرزاوە، لە ناویدا بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی نەوتی فرۆشراوی فۆرزا بووە لە وچارەکەدا کە بڕی ٧٣٨.١٠٠ بەرمیل نەوت بەنرخی ٥٤.١٩ دۆلار بۆ هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە.
تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی یەکەمدا بریتی بووە لە ١٢،٨٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە لە کاتێکدا لە تێکڕای بەرهەم لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ١٤.٥٠٠ بەرمیل بووە.
کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا لە ژێر ناوی Orex Petroleum دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت.
ئەو کۆمپانیانەی شایستە و زانیاریان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان بڵاو ناکەنەوە
● کـــار گروپ (خورمەڵە)
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە پێش وەستانی هەناردە بە١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.
ڕوونبین کرد بە کۆمپانیاکەوە بەڵام پەیوەندییەکە درووست نەبوو هەروەها کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی. بەڵام روونبین لە سەرچاوەی نافەرمییەوە زانیویەتی کە کێڵگەکە تا ئێستا بەردەوامە لە بەرهەم هێنان بەڵام بەئاستێکی نزمتر لە پێش وەستانی هەناردە لە ٢٥ی ئازار ، ئێستا زۆربەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی کار بەکاردەهێنرێت و رێژەیەکیشی بەتەنکەر هەناردەی تورکیا دەکرێت.
ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم.
کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.
هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە ڵام دیسان دیار نییە ئێستا بە چ نرخێک نەوت دەپاڵیوێت، بەڵام لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵاوت!
● کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس
کێڵگەی گەرمیان
ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە.
ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ١٢ هەزر بەرمیل دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەق تەق و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا.
جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI یەکەی لە ٤٥ دایە.
بیرە نەوتییەکانی گەرمیان کە لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە .
بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین.
بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.
تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە.
● کۆمپانیای رۆسنەفت( کێڵگەی بجیل)
کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر و لە ساڵی ٢٠١٠ نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی ٢٠١٧ دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی روونبینە کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی برتیت بووە لە ٦،٠٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. وە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا.
● کۆمپانیای هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی)
ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک ، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەکی هەیە ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١١ دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە . جۆری نەوتەکەی قورسە و API 21 . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ٦،٥٠٠ بەرمیلی رۆژانە بووە. زانیار ئەوتۆ بەردەست نییە کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا.
● کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ)
ئەم کێڵگەیە دهكهوێته سنوری ناحیهی قۆرهتو، ئهگهرچی ئهم ناحیهیه سهر به قهزای خانهقینه، بهڵام بهوپێیهی له راپهڕینی ساڵی 1991 دا بهشێكی زۆری ئازادكراوه، ئیدارهدانی لهسهر ههرێمی كوردستانه و راستهوخۆ پهیوهسته به ئیدارهی گهرمیانهوه.
لەم بلۆکە نەوتیە دا ٩ بیری کۆن هەیە، كه له ساڵی ١٩٠٢ تا ١٩٥٤ لهلایهن (ئهنگلۆ-پێرژهن) كه كۆمپانیایهكی هاوبهشی بهریتانی-ئێرانیه كاری تێداكراوه، له كۆتای ساڵی ٢٠٠٩ كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری بهدواداگهرانی بۆكرد(سایزمیك)، بهسهرپهرشتی كۆمپانیای گهنهڵ ئینێرجی(توركی-بهریتانی) له كۆتایی ساڵی ٢٠١٢، بیری ژماره(١٠،١١،١٢) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی ٢٠٢٢ دا دوو ههزار بهرمیلی رۆژانه بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی ٨٠٪ی پشکەکانی هەیە و چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە.
● کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر )
بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە ٢٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.
وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی ٢٠٠٩ بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە.
شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت.
کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی ١.٨ ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی ٤٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر ، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکانی چارەسەرکردن و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”.
سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای ١.٥ گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت.
کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا لەسەر پلانی پەرەپێدانی مەیدانی ڕێککەوتوون کە ئەم دۆزینەوەیە بتوانێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بکات. گەشەپێدانەکە لەسەر ئەمباری ئۆلیگۆسین دەبێت کە نەوتی سوکی لە ژێر سەرپۆشی غازەکەدا تێدایە. پلانەکە داوای پەرەپێدانی قۆناغ بە قۆناغی کێڵگەکە دەکات و قۆناغی یەکەم بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی سووک لە ڕۆژێکدا و ٧٥ ملم لە کاتژمێرێکدا غازی کەم گۆگرد. ئەنجامی ئەو بیرانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا کونکراون ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامانج بۆ قۆناغی دووەم و قۆناغەکانی دواتر دیاری دەکات.
کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستەرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات لەپاڵ کوردەمیردا پشکی ٤٠٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە کە کێڵگەی سەرقەڵا ئێستا نزیکەی ١٢ هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم دەهێنێت( ئەی پی ئای ٤١ﹾ یە). بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وێستێرن زاگرۆس سایمن هاتفیلد ماوەیەکی درێژە کێڵگەی کوردەمیر بە تاجی ئاڵتونی کۆمپانیاکە دەبینێت ، بۆیە بەرەوپێشچوون لە پەرەپێدانیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە.
وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی ٨٠٪ ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە.
هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە.
ناوچەی پەرەپێدانی کوردە میر
پوختەی ئەوپاراناەی ١٠ کۆمپانیای نەوتی لە ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا کە بەسەریەکەوە ٤٧٣ملیۆن و ٧٧٠ هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. بەیەکەوەرێژەی ٦٠٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.
● کەم کردنی بەرهەمی کێڵگەکان :
● لە ماوی ٧ ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە ١٤٥ هەزارەوە بۆ ٤٤ هەزار دابەزیوە.
● لەماوەی ٧ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە ١٤٨ هەزارەوە بۆ ٣,٩٧٠ بەرمیل دابەزیوە
● لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە ٣٣ هەزارەوە بۆ ١٢ هەزار دابەزیوە.
● هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣,١٦٠ بەرمی دابەزیوە.
● زانیاری نا فرمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەشتبووە ١٧٠ هەزار بەرمیی رۆژانە بەڵام ئێستا لە نێوان ١٤٥ بۆ ١٥٠ هەزاردایە.
● دوای وەستانی هەناردەی هەرێم ئێستا بەرهەمی هەریەکە لە کێڵگەکانی سەرقەڵا تەق تەق، سەرسەنگ و خورمەڵە( ئاستی بەرهەمی بەرێژەیەک کەمکردووەتەوە) بەردەوامە و زۆربەی زۆری بەرهەم بۆ بەکارهێنانی پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت و بڕێکی دیاریکراویش بەتەنکەر هەناردە دەکرێت. کێڵگەکانی تریش دوای ئەوەی ئەمبارەکانیان پڕ بوون لە بەرهەم هێنان وەستان.
زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان:
هەر لەماوەی ٧ ساڵی ڕابوردوودا:
● کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم ئێستا ئاستی بەرهەمی ٤٩.٥ هەزار بەرمیلە.
● کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان بەرهەمیان قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە .
● لەساڵی ٢٠٢١ دا دوو کێڵگەی گازی بنە باوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرایەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات. مانگی شوباتی ٢٠٢٤ دا نراوە بۆ دادبینییەکە.
● لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بە بێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن.
● کێڵگەکانی بجیل، ئیسفنی و سەرتە باشیک بەڕێکی نزم کەوتنە بەرهەم هێنان .
● هەر لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لە ١٠ دۆلار داشکاندنەوە بۆ ١٧ تا ١٩ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرێت .
● لە بەرواری ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣ هەناردەی هەرێم وەستا بەهۆی بردنەوەی داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا لە دادگای نێوبژیوانی یانەی پاریس ICC . لەو رۆژەوە تا ئێستا هەناردە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا وپشکی کۆمپانیاکان لە کێڵگە نەوتییەکان
پەراوێزەکان:
١- زۆر جار هەڵە تێگەشتنێک هەیە بەوەی کەدەوترێت هەرێم پشکی ٢٠٪ یان ٢٥٪ی کێڵگە نەوتییەکانی هەیە ، ئەمە چۆنە؟
کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی گرێبەستییە نەوتییەکانی هەرێم خەرجی ماوەی گەڕان و پشکنین تا دۆزینەوە و بەرهەم هێنانی نەوتیان دەکەوێتە ئەستۆ ( ئەگەر نەوت دۆزرایەوە و بەرهەمی بازرگانی ڕاگەیەنرا ئەو کات مانگانە بەشێک لەو خەرجیانە وەردەگرێتەوە ،بەڵام ئەگەر نەوت نەدۆزرایەوە یان ئەوەندە نەبوو کە بگاتە بەرهەمی بازرگانی یان بەهۆی هەر هۆکارێکی تر کێڵگەکە بەجێ بێڵێت ئەاو هەرێم هیچ خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکە.
کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەم ئەوکات لە کۆی بەرهەم ١٠٪ ی وەکو موڵکانە حکومەت وەری دەگرێت پاش ئەوە کۆمپانیاکە لەو ٩٠٪ی ماوەتەوە تا ئاستی ٤٠٪ و لە هەندێ کێڵگە تا ٤٥٪ی ئەو بڕەی ماوەتەوە بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەچێت وەردەگرێت (ئەو خەرجیانەی لەماوەکانی گەران و پشکنین خەرجی کردووە ،لەگەڵ خەرجی بەکاربردن، ئەو خەرجیانەش خەرجی زەبەلاحن).
ئەو پارە یان نەوتەی دەمێنێتەوە پێی دەوترێت نەوتی قازانج بەپێی هاوکێسەیەکی بیرکاریانە دابەش دەکرێت لە نێوان حکومەت لە لایەک و کۆمپانیا نەوتییەکان لەلایەکی تر. لە باری نمونەیدا ٨٥٪ بۆ حکومەت ١٥٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و لە سەرەتاشدا ٧٠٪ بۆ حکومەت و ٣٠٪ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت. لە ئەو پشکەی کۆمپانیا نەوتییەکان حکومەتی هەرێم لێرەشدا بەناوی کۆمپانیی نەوتی کوردستانەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک خەرج بکات پشکی ٢٠٪ی ئەو قازانجەی کۆمپانیاکانیش وەردەگرێت.( پشکی ٢٠ی قازانجی کۆمپانیاکان وەردەگرێ پاش ئەوەی ٧٠٪ یان ٨٥٪ی کۆی قازانجیشی وەرگرتووە).
٢- تێچووی بەرهەمهێنان بریتییە لە تێچووی کارپێکردن و پاراستنی بیرەکان و ئامێر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەم دەهێنرێت دوای دۆزینەوەی نەوت و پەرەپێدان و بەرهەم هێنان. بەمانایەکی سادە هەموو ئەو خەرجیانەیە کە رۆژانە بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکە خەرج دەکرێت.