جارێكی تر ههڵبژاردن دوادهكهوێت ؟
2023-05-18 13:21:24
راپۆرت: درەو
دوای نزیكەی 15 مانگ ناكۆكیو كێشمەكێش لەبارەی هەڵبژاردن، سبەینێ وەفدی پارتیو یەكێتیی لەناو پەرلەمان كۆدەبنەوە، ئەمە یەكەم كۆبونەوەی هەردوو حزبە لەبارەی هەڵبژاردن دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانیان، هێشتا كورسی كۆتای پێكهاتەكان خاڵی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتییە، ئەمڕۆ ئیتر وادەی ئەو 6 مانگەش بەسەرچوو كە دەبوو وەكو مۆڵەت بدرێت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، بەبێ رێككەوتن لەسەر كۆتای پێكهاتەكان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش كارا ناكرێتەوە. زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
كۆبونەوە بۆ هەڵبژاردن
سبەینێ پارتیو یەكێتیی لەناو تەلاری پەرلەمان كۆدەبنەوە لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، ئەمە یەكەم هەنگاوی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردن لەدوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكی نێوان پارتیو یەكێتییو گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەرانی یەكێتی لە كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستاندا بریتین لە هەریەكە لە:
- رێواز فایەق- سەرۆكی پەرلەمان
- رزگار حاجی حەمە- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی
- زیاد جەبار- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان
لەبەرامبەردا نوێنەرانی پارتی لە كۆبونەوە بریتین لە هەریەكە:
- هێمن هەورامی- جێگری سەرۆكی پەرلەمان
- رێبوار یەڵدا- سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی
- زانا مەلا خالید- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان
له كۆبونهوهكهی سبهینێدا، رێواز فایهق و هێمن ههورامی وهكو دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان و به نوێنهرایهتی ههردوو حزب چاودێر دهبن لهسهر گفتوگۆی پارتی و یهكێتیی لهبارهی ههڵبژاردنهوه.
پارتیو یەكێتیی لەماوەی نزیكەی (15) مانگە لەناكۆكییەكی بەردەوامدان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی. لەماوەی رابردوودا هەردوو حزب لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان رێككەوتن، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆنەكە بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە كارابكرێتەوەو تەنیا شوێنی ئەوانە پڕبكرێتەوە كە لەژیاندا نەماون یاخود وازیان لە پۆستەكانیان هێناوە، ئەمەش تەنیا دوو پۆستە، پەرلەمان لیژنەی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی كۆمسیۆن دروستكرد، لیژنە كارەكانی تەواوكردو ئێستا ناوی كاندیدەكان رەوانەی دەستەی دەستپاكی كراوە بۆ زانینی ئەستۆپاكییان.
چەند رۆژی رابردوو، پەرەسەندێك لەبەرژەوەندی یەكێتییدا لەپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن روویدا، ئەو دادوەرەی كە لەسەر پشكی یەكێتیی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دانرابوو، پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی وەرگرت، واتە ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان كارانەكرێتەوەو كۆمسیۆنەكەی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، یەكێتی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنی بەدەستەوە دەبێت، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی دوورە، چونكە بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، یاسای هەڵبژاردنیش كاراناكرێتەوە.
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوازی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، كوردستان بكرێت بە چوار بازنە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام هێشتا لەبارەی (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان ناكۆكن، یەكێتی داوا دەكات (4) كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفریو 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی ئەمە رەتدەكاتەوە، پارتی داوا دەكات ئەم بابەتە پێكهاتەكان خۆیان بڕیاری لێبدەن، پێكهاتەكان دەڵێن دەبێت دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەش نەكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.
بۆ بەلاداخستنی ئەم ناكۆكییە كە وەكو دواین بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن تەماشا دەكرێت، بەمدواییە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی" هاتە ناو دانوستانەكانی پارتیو یەكێتییەوە، یۆنامی پێشنیازی كرد 2 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی، نە پارتیو نە یەكێتیی پێشنیازەكەی یۆنامییان قبوڵ نییە، یەكێتیی داوای 4 كورسی دەكات، یۆنامی 2 كورسی پێداوە، یەكێتی خوازیارە لانی كەم 3 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بۆ سنوری سلێمانی بێت، ئایا پارتی بهمه قایل دهبێت؟.
رێككەوتنێكی رانەگەیەندراو
بەبێ رێككەوتن لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لەناو پەرلەمانی كوردستان بەربەستی بۆ دروست دەبێت، چونكە بەپێی زانیارییەكی (درەو)، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتنیان كردووە كە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنو هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێت پێكەوە بن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەرێوڕەسمی كردنەوەی "یادگەی نیشتمانی بارزانی"دا داوای لە پارتیو یەكێتیی كرد بەر لە 18ی ئەم مانگە كۆببنەوەو بگەنە رێككەوتن، مەبەستی بارزانی لەمەدا ئەوە بوو، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، بۆئەوەی كۆمسیۆن ماوەی 6 مانگ دەرفەتی لەبەردەمدا بێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر وادەی شەش مانگەكە تەواو بوو، ئایا كۆمسیۆن لەوادەیەكی كەمتر لە 6 مانگدا دەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
سەرباری ئەوەی لەماوەكانی رابردوودا بەردەوام سەرۆكی هەرێم وادەی 6 مانگی بۆ ئامادەكاری كۆمسیۆن لەبەرچاوگرتووە، بەڵام هەندێك دەڵێن ئەو شەش مانگە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییەو دەكرێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەماوەیەكی كەمتریشدا بتوانێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات.
لەبەرامبەردا لەناو كۆمسیۆندا بۆچونێك هەیە، بۆ ئەمجارە لەبری 6 مانگ رەنگە وادەیەكی زیاتریشیان بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن پێویست بێت، چونكە بۆ یەكەمجارە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێتو كۆمسیۆن شارەزایی تەواوەتی لەم شێوازەی هەڵبژاردندا نییە.
نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەرئەوە دەكەن دەبێت ئەمجارە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت، بەمدواییە (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی كوردستانی كرد، لەدوای سەردانەكەی خاتوو بارباراوە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی ئاسایی بوونەوە، بەڵام رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردن لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێشتا بەربەستی لەبەردەمدایە.
ئەگەر وادەی هەڵبژاردن وەكو خۆی لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بمێنێتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كەمتر لە 6 مانگی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردن، ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەكە رەنگە كاتێكی زیاتری پێویست بێت، ئەمەش رەنگە گرفت بۆ هەڵبژاردنەكە دروست بكات.
وادەی یەكەمی هەڵبژاردن
رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد.
دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی مانگەكانی ئایاری 2022ەوە بۆ مانگی ئابی هەمان ساڵ، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كرد:
• كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاری 2022 لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.
• كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیرانی 2022 لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كردو خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتیو وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی ساڵی 2023 بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنو لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن.
• كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئابی 2022 جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانو بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووەو هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كردو كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كردو وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی 2022دا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە.
لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكردو لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردو تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد.
كۆبونەوەكان بۆ سزادانی هەڵبژاردن هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو، ئەوكات بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتیو یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە كۆك نەبوونو هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكرد، كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەبوو، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەر بوو كە بریتین بوون لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)و (تۆماری دەنگدەران)و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەوە (ئەم خاڵە تائێستاش وەكو خاڵێكی ناكۆكی لەسەر ماوەتەوە).
ئەوكات بەرەیەك داوا دەكرد شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوەو كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكرد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.
ساڵی رابردوو بەرلەوەی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن پەكی بكەوێت، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستانو رێككەوتن بەجێهێشت، بەڵام دەوترا پارتیش هاوشێوەی یەكێتیی زۆر تامەزرۆی هەڵبژاردن نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لەدەستدایە.
گەڕی یەكەمی ناكۆكییەكان
بەر لە پەككەوتنی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن، لایەنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە دابەش بووبوون بەسەر دوو بەرەدا بەمشێوەیە:
• بەرەی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (یەكێتیی+ كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتووی ئیسلامی+ نەوەی نوێ+ سێ پەرلەمانتاری گۆڕان+ چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ)، ئەم بەرەیە مانگی ئازاری 2022 پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردو داوایانكرد هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێتو هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، هەروەها كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، ئەم بەرەیە پێی وابوو پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكاتو لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە ئەوكات لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمان بوو، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارو یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نەبوو بەبێ پارتیو بەرەكەی تر بۆچونەكانی خۆی بەیاسایی تێپەرێنێت (ئەم بەرەیە ئێستا قەبارەی بچوكتر بوەتەوە، چونكە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەرییو جیابووەوەكان لە گۆڕانو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشاوەتەوە، دهسكهوتنی گهورهی ئهم بهرهیه تائێستا چهسپاندنی شیوازی فرهبازنهیی ههڵبژاردنه).
• بەرەی دووەم: ئەم بەرەیە پێكهاتبوو لە (پارتی+ 11 كورسی كۆتاكان+ پارتی سۆشیال دیموكرات+ حزبی شیوعی+ حزبی زەحمەتكێشان)، ئەم بەرەیە داوای دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتری كوردستان شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە) بێت، ئەم بەرەیە بە تێكڕا لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان خاوەنی (58) كورسی بوو، پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە. پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تری ئەم بەرەیە كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێتو نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن (ئێستاش ئەم لایەنانە هەمان مەترسییان هەیە، بۆیە حزبی شیوعی ئازاری ئەمساڵ داوای كرد ئەگەر پارتیو یەكێتیی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە بێت، با لانی كەم 10 كورسی پەرلەمان تەرخان بكەن بۆ شێوازی یەك بازنەیی بۆ ئەوەی دەنگی لایەنە بچوكەكان نەفەوێت، ئهم بهرهیه كه پارتی سهركردایهتی دهكات هێشتا وهكو خۆی ماوهتهوه، بهڵام قایلبوونی پارتی به فرهبازنهیی، حزبی شیوعی و سۆسیال دیموكراتی نیگهران كردووه).
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان
وەكو ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا بەڕێوەنەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەهۆیەوە رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات.
نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە.
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن. ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو ساڵە بەسەر چووە كە پەرلەمان تەمەنی خۆی تێدا درێژكردوەتەوە، بەڵام هێشتا لایەنەكان، بەدیاریكراویش پارتیو یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.
سەرباری ئەمە، كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین هەنگاوەكانی خۆی بڕیوەو ئەگەر سكاڵای ئەمدواییەی یەكێتیی نەبوایە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانەوە، دادگا بڕیاری كۆتایی خۆی دەردەكردو درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵدەوەشاندەوە، ئەمەش بەربەستی گەورەی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنو كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە كوردستان دروست دەكرد.
وادەی دووەمی هەڵبژاردن
26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان دراوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئێستا نزیكەی دوو مانگی وادە (8) مانگییەكەی سەرۆكی هەرێم تێپەڕیوەو هێشتا پەرلەمان نە كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوەو نە یاسای هەڵبژاردنیشی هەمواركردوەتەوە.
لایەنە سیاسییەكان بهدیاریكراویش پارتی و یهكێتیی لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بەهەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە.
بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتاییو پارتیو یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.